دوای هەولێر ئەمشەو ئێران بارەگایەکی لە پاکستان بۆردوومان کرد
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمشەو بە مووشەکی دوورهاوێژ دوو بارەگای گرووپی چەکداری جەیشولعەدلی لە پاکستان بوردوومان کراوە.
ناوەندەکانی هەواڵی کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند شەوی سێ شەممە ١٦-١ هێرشیان کردۆتە سەر دوو بنکەی جەیش العدل لە پاکستان و لە ناویان بردووەهاوکات بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ئیرنا، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی جەیش العدل .
ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی :" ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج ، ناوچەیەکە بە ناوی کێوی سەوز لە بەلووچستانی پاکستان کە یەکێک لە گەورەترین بنکەکانی جەیش العدل لەو ناوچەیەیە. هیچ زانیارییەک دەربارەی زیانە گیانیەکانی ئەم هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەشی فارسی ماڵپەڕی BBC لەم بارەوە نووسیویەتی کە بە هۆی هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی جەیش العدل ٦ کەس لە نزیک شاری پەنجگوور بریندار بوون.
چەند رۆژ لەوە پێش و رۆژی ١٠-١ -٢٠٢٤ هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری راسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و جەیش العد بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی گرتە ئەستۆ.
ئەم هێرشەی سەر خاکی پاکستان دوای هێرشەکانی دوێنێی شەوی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و سووریا دێت، دوێنێ شەو، سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی لە دژی هەولێر ئەنجامدا، بەپێی قسەی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران ١١ موشەک ئاڕاستەی هەولێر کراون، چوار موشەکیان لە کرماشان و حەوت مووشەکەکەی تر لە ئازەربایجانی شەرقییەوە ئاراستە کراون.
هەر دوێنێ شەو سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی لە دژی بارەگاکانی چەتەکانی داعشی لە سووریا ئەنجامدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، هێرشەکەی سووریا وەک تۆڵەی تەقینەوەکەی پارێزگای کرمان ئەنجام داوە.