ئەوەی روودەدات چاوەڕوانكراو بوو، مخابن هێشتا خراپتر بەڕێوەیە.
10 مانگ لەمەوپێش
سەرتیپ جەوهەر
ئەوەی ئێستا بەسەر هەرێمی كوردستان دێت، بەرئەنجامی ئەو دابەشبوونە روونەی هەرێمی كوردستانە بەسەر وڵاتانی ھەرێمی (توركیا و ئێران). ئەوەی روودەدات چاوەڕوانكراو بوو، مخابن هێشتا خراپتر بەڕێوەیە.
خراپی حوكمڕانی و دەستگرتن بە بەرژەوەندی تەسكی حزبی و شەخسی لەلایەن حوكمڕانانی هەرێم، زیانی ئێجگار گەورەی بەئایندەی كوردستان گەیاند، ئەوەی دەیبینین بەرهەمی چەند ساڵەی حوكمڕانی هەرێم و سیاسەتی حزبە حوكمڕانەكانی هەرێمی كوردستانە. ئەم دۆخە ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئێران و توركیا ئەوەندە دەستدرێژ دەبن، رەنگە رۆژێك بێت ئەوەی نوسینێكی رەخنەگرانە لەسەر ئێران یان توركیا بنوسێت، رۆژی دواتر بەدرۆن لەماڵەكەی خۆی تیرۆری بكەن، پارتی و یەكێتیی و حزبەكانی دیكە، بەپێی سروشتی تیرۆركردنەكەو بەرژەوەندی خۆیان بەیاننامە دەربكەن!
ئەم هەرێمە، بەپێی پێوەری حوكمڕانی، هەرێمی شكستخواردووە. قەوارەیەكی دابەشبووە بەسەر دوو زۆن و هەر زۆنێك لەژێر هەژموون و نفوزی وڵاتێكی هەرێمەكەیەو هیچ بەهایەكیان بۆ سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان نەهێشتۆتەوە، كەس هەیە ئەم راستیە نەزانێت؟! بۆیە دەبینین لەپەلاماردان و دەستدرێژی روونی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان، پارتی و حكومەت بەیاننامەی توند دەردەكەن و یەكێتیش خۆی لەناوهێنانی ئێران دەدزێتەوە! لەدەستدرێژی و پەلاماردانی توركیا- ش پارتی و حكومەت خۆیان لەدەركردنی بەیاننامە دەدزنەوە.
ئەم قەوارەیە، حكومەتەكەی ناتوانێت نە خزمەتگوزاریی و پێداویستیەكانی ژیان بۆ هاوڵاتییەكانی وەك پێویست دابین بكات، هەروەك نەئاسایش و ئەمنیەت و نە دادپەروەریی و دیموكراتی تێدا بەرجەستەبووە كە مەرجی سەرەكیی حوكمڕانیی سەركەوتووە! ئێستا ئەم قەوارەیە نەك ناتوانێت هەنگاوبنێت بۆ پێشەوە، بەڵكو پەككەوتەیەو ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دابین بكات!
بەداخەوە سەركەوتنی ئەم قەوارەیەی ئێستا، تەنها خەونی خەڵكی باشوری كوردستان نەبوو، بەڵكو پارچەكانی دیكەی كوردستانیش هیوایان لەسەر چنیبوو، كەچی ئێستا بەبەرچاوی هەموومان رۆژ دوای رۆژ لاواز دەبێت و دەپوكێتەوەو دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتووی سیاسی و كوڕو كچی میراتگری شۆڕشگێڕانی دوێنێ.