هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانو ئایندەی وەبـــــەرهێنەران لەهەرێمی کوردستاندا
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ هێرشی مووشەکی کرایەسەر ناوچەیەکی نزیکی هەولێرو هەروەها چەند ناوچەیەک لەئەدلیبی سووریا. سوپای پاسداران دەستبەجێ بەرپرسریاریەتی هێرشەکەی گرتەئەستۆو ڤیدیۆی کاتی هاوێشتنی مووشەکەکانی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیل لەهەرێمی کوردستان و شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای فەرماندەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ تاوانەکانی کرمان لەسووریا کراوەتە ئامانجی مووشەکی بالستیکی.
بەپێی وتەی هەندێ سەرچاوە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە مووشەکەکان لەنزیک کرماشانەوە هاوێژراون و دوێنێ شەو دەنگی تەقینەوەی گەورە لەکرماشان و کامیاران بیستراوەو هەروەها وێنەی مووشەکەکان کەئاسمانی شاری کامیارانیان رووناککردووەتەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.
ماڵپەڕی رووداو لەم بارەوە بڵاویکردووەتەوە کە لەهێرشەکانی بەرەبەیانی سێشەممە ١٦مانگی ١ دا، ماڵی سەرمایەداری هەولێری پێشڕەو دزەیی کراوەتە ئامانج و پێشڕەو دزەیی و سێ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری کوردو خاوەنی کۆمپانیا فاڵکۆن و کچە بچووکەکەی لەم هێرشەدا گیانیان لەدەستداوەو شەش کەسی تریش برینداربوون. یەکێکیتر لەکوژراوەکان میوانێکی ئەو ماڵە بووە بە ناوی کەرەم میخائیل کەبازرگانێکی عێراقی دانیشتووی دۆبەیە. کەرەم میخائیل ساڵی ١٩٨١ لەبەریتانیا لەدایکبووە، یەکێک بوو لەخاوەن پشکەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ،هەروەها لەدوبەی کاری خانووبەرەی کردووە. کەرەم میخائیل خێزاندارەو دووساڵ وەک بەڵێندەر لە پرۆژەی بۆلیڤارد کاریکردووە.
بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم هێرشەدا کەسانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و گیانیان لە دەستداوەو بریندار بوون.
جگە لەماڵی پێشڕەو دزەیی، بەپێی هەواڵێک کە رووداو بەرەبەیانی سێشەممە بڵاویکردووەتەوە بارەگای هێزێکی سەر بە ئەژی ئەمین، کراوەتە ئامانج بەڵام ئەژی ئەمین و هێزەکەی زیانی گیانیان پێنەگەیشتووە. بەپێی زانیارییەکان بنکەی هێزەکانی ئەژی ئەمین لەهەورازە نەفتەی نزیک هەولێر کراوەتە ئامانج، بەڵام مووشەکەکان لەلایەن سیستەمی بەرگری مووشەکییەوە خراونەتە خوارەوە.
حکوومەتی هەرێم چی ئەڵێت؟
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردووی سەر هەولێر رایگەیاند بەتوندی ئەم تاوانە بەرامبەر بەخەڵكی كوردستان شەرمەزار دەكەم و داوا لەحكومەتی فیدراڵی دەكەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلكارییەی دەكرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبانگەوازێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە، داوا لەگەورەو بچووك و چین و تووێژەكانی هەولێر دەكات بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت و ریسواكردنی بكەرانی هێرشەكانی سەر هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان گردبوونەوەی جەماوەری بكەن.
پارێزگاری هەولێر لەم بانگەوازەیدا ئاماژەی بەناوی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە نەداوە ئەمە لەحاڵێکدایە سوپای پاسداران بەفەرمی لەماڵپەڕەکانەوە ئەم هێرشەی گرتووەتە ئەستۆو وەک تۆڵەی کوشتنی رەزا مووسەوی و هەروەها تەقینەوەکانی کرمان و راسک ناوی بردووە.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو تووڕەیی و نیگەرانی خۆی لەم بارەوە دەربڕیوەو نووسیویەتی:» هەموو لایەک ئاگادارن، هەر لەساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بەدەیانجار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.
ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کەبوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیەو بۆ داپۆشینی کێشەو گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لەدژی هەولێرو خەڵکی کوردستان ئەنجامدەدەن.
ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لەدوایین پەلامارو تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کەزۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت، بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.
لێرەدا رووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانەو هەمیشە رێزو حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیەو دەستی دۆستایەتی و برایەتیمان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێرو خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیەو دوورە لەڕاستی. داواتان لێدەکەم ئەگەر پەلاماردەران رێگەتان پێبدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لەهەولێر راستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.
ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین. پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن .گەلی کوردستان پشتی بەخواو رەوایەتیی دۆزەکەی قایمەو خودا لەهەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە.
کۆماری ئیسلامی چی دەڵێت؟
سوپای پاسداران بەرەبەیانی سێشەممەو ماوەیەکی کەم دوای هێرشەکان بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتەئەستۆ. لەڕاگەیاندنێکدا کە لەماڵپەرە ناوخۆییەکاندا بڵاوکراوەتەوەو هەروەها لەکۆمەلێک گرتە ڤیدیۆی کورتی کاتی تەقاندنی مووشەکەکاندا بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی گرتووەتەئەستۆ. لەڕاگەیاندنێکدا سوپای پاسداران دەڵێت بەمووشەکی بالستیک هێرش کراوەتەسەر بنکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لەکوردستانی عێراق.
سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا دەربارەی هێرش بۆ سەر هەریمی کوردستان نووسیویەتی:» ئەم هێرشە وەڵامدانەوە بووە بەکوژرانی فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و «بەرەی بەرگری» و لەم هێرشانەدا « یەکێک لەبنکە سەرەکییە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل» لەناوچووە.
لەم راگەیاندنەدا هەروەها هاتووە کەئەو بنکەیەی لەناوبراوە « شوێنی پەرەپێدانی چالاکییە سیخوڕییەکان و دانانی پلانی تیرۆریستی بووە لەناوچەکە بەتایبەت وڵاتی ئازیزمان». لەدرێژەدا لەم راگەیاندنەدا بێ ئەوەی بەدروستی باس لەشوێنی ئەو بنکەیە بکات، نووسیویەتی هێزەکانمان زانیاری وردیان دەربارەی ئەم بنکەیەی ئیسرائیل لەبەردەستدا بوو و بەپێی زانیارییەکان لەئامانجەکەیان داوە.
بەڵام هەواڵنێری روەیتەرز لەڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کەئەو شوێنەی کراوتە ئامانج لە ٤٠ کیلۆمەتری باکووری رۆژهەڵاتی هەولێرو نزیک کۆنسوڵگەری ئەمریکا بووە.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا کەئەمڕۆ سێشەممە 16-1-2024 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، «ئەو هەنگاوە سەربازییەی ئێران بەرگرییکردنی بەهێز بووە لەدەسەڵات و ئاسایشی وڵاتەکەمان و بەرەنگاربوونەوە بووە دژی تیرۆر. ئەوەی کراوە بەشێکە لەسزادانە دادپەروەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر دەستدرێژیکارانی ئاسایشی وڵات».
ناسر کەنعانی دەشڵێت، «ئێران بەردەوام پشتیوانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیەو رێز لەسەرەوەری خاکی هەموو وڵاتان دەگرێت، بەڵام دوو دڵیش نییە لەسوودوەرگرتن لەمافی یاسایی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوەکانی هەڕەشەی سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات و بەرگری لەئاسایشی دانیشتووانی و سزادانی تاوانکاران».
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها لەبەشێکیتری راگەیاندنەکەیدا ئەڵێت: «دوژمن بەلێکدانەوەی هەڵەی خۆی، دەستی بەتاوانکردن بەرامبەر گەلی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کردووەو کۆماری ئیسلامیش بەو توانا باڵایەی بۆ دەستڕاگەیشتن بەزانیاری هەیەتی، لەئۆپەراسیۆنێکی وردو ئامانجداردا بنکەکانی تاوانکارانی دەستنیشان کردو بەبەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا کردنیە ئامانج و ئەمەش بەشێک لەوەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەوانەی دژی ئاسایشی نیشتمانی و دانیشتووانی ئەم وڵاتە هەنگاو دەنێن».
ئەمریکا چی دەڵێت؟
ماوەیەکی کەم دوای هێرشە مووشەکیەکە، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند بیناو بنکەکانی ئەوان نەکراوەتە ئامانج.
بەشێکی زۆر لەچالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم راگەیاندنەی یەکەمی بەرپرسانی ئەمریکایان بەوە لێکدایەوە کەئەمریکا ئەم هێرشەو ئەنجامەکانی بەلاوە گرنگ نییەو هەرئەوەی کەهێزەکانی خۆی پارێزراو بوون بەو مانایە کەپەرچەکرداری نابێت.
لەلایەن خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکاو سەرۆک جۆ بایدن هێرشەکانی سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهەڕەشەی جددی وەردەگرن.
مەتیو میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم هێرشەی شەرمەزار کردو سەرەخۆشی لەبنەماڵەی کوژراوەکان کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەوە وتی :» ئێمە دژی ئەو هێرشە مووشەکییە بێ بیانوانەین کەدەبێت بەهۆی لاوازی سەقامگیری عێراق، پشتیوانی هەوڵەکانی عێراق و حکومەتی هەریمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵکەکەیان».
ئادرین ڤاتسۆن وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کوشکی سپی بەئاماژە بەهەندێک دەنگۆ کەدەوترا بنکەکانی ئەمریکا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانجی مووشەکی وتی :» ئەمریکا بەوردی چاودێری هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی کردووە بۆ باکووری عێراق و باکووری سووریاو هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کەدامەزراوەو شوێن و کەسەکانمان لەم هێرشەدا نەکراوەتە ئامانج. هەروەها بەرپرسانی ئەمریکایی رایانگەیاند کە بیناو شوێنەکانی ئەمریکا لەهەولێر نەکراوەتە ئامانج و مووشەکەکان بەو ئاراستەیەدا نەهاوێژراون.
لەوەڵامی ئیمەیڵێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لەواشنتۆن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاندوە، ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانن بۆ سەر چەند پێگەیەک لەباکووری رۆژهەڵاتی هەولێر، بەڵام دەڵێت لەم کاتەدا زانیاریی وردیان لەبەر دەست نییە تاوەکو بیخەنەڕوو.
هەڵوێستی عێراق چی بووە؟
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر دەربڕیوەو باسی لەپێکهێنانی لیژنەیەک کردووە دەربارەی چۆنیەتی رووداوەکە. لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: «هێرشەکەی ئێران، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی بەمووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بوونەتە قوربانی. لەو شوێنانەی هێرشی کراوەتەسەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کەبەهۆیەوە شەهید بوو و ئەندامانی خێزانەکەشی بریندار بوون.»
هەروەها لەم راگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە کەئەم هێرشە مووشەکیانە دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و گەلی عێراق و زیانی بۆ ئاسایشی ناوچەکە هەیە.
لەم راگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، کەعێراق بەرامبەر بەم هێرشانەی ئێران هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرێتەبەرو لەئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی دژی ئێران سکاڵا تۆمار دەکات.
هەروەها محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لێژنەیەکی پێنج کەسی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم رووداوەو بڕیار وایە ئەم لێژنەیە لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا زانیارییەکانیان بگەیەننە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
پێشڕەو دزەیی کێیە؟
پێشڕەو دزەیی سەرمایەدارو ملیاردرێکی کوردە، سەرمایەکەی نزیک بە ٢.٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و ئیمپایەرە. یەکێکە لەو سەرمایەدارانەی نزیکایەتیەکی زۆری لەگەڵ پارتی بووە. ئێرانییەکان لەڕاگەیاندنەکەی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە پێشڕەو دزەیی کاری بۆ مووساد کردووەو ئەرکی پاراستنی مووسادی لەکوردستان لەئەستۆ بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، بنکەی سەرەکی کۆمپانیای فاڵکۆن لەمیسرەو ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر ئەرکیان ئەوەیە زانیاری ورد کۆبکەنەوە بۆ مووساد.
ئەمە لەحاڵێکدایە لەو زانیارییانەی کە لەماڵپەڕە کوردییەکان دەربارەی ئەم سەرمایەدارە کوردە لەبەردەستە ئەوە دەردەکەوێت کەناوبراو زیاتر بەکاری بیناسازییەوە سەرقاڵ بووەو هەروەها وەک سەرمایەدارێکی کورد، هەوڵیداوە لەناوخۆو دەرەوەی کوردستان سەرمایەگوزاری بکات.
هێرشی مووشەکی بۆ ماڵی شێخ باز بارزانی
شەوی ١٣ ئازاری ٢٠٢٢ ئێران بە ١٢ مووشەک هێرشی کردەسەر ماڵی شێخ باز بارزانی، سەرمایەداری ناوداری کەرتی وزەو لەهێرشەکەیاندا رایانگەیاند ئەو شوێنەی موشەكباران كراوە، بارەگای دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل «مۆساد» بووە.
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لەسەر ئەو رووداوەو پەیوەندی شێخ باز لەگەڵ ئیسرائیل پێکهێنرا، دواتر لیژنەکە لە ٢٥-٤-٢٠٢٢ رایگەیاند هیچ بەڵگەیەک دەستنەکەوتووە کە ئەوە بخاتەڕوو کە شێخ باز پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بووە یان ئیسرائیل بنکەو شوێنی لەهەولێرە هەیە. دواتر شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەربارەی کۆتایی هاتنی کاری لیژنەکە رایگەیاند:» هێرشەكە ماڵێكی سڤیلی كردۆتە ئامانج و لەلایەن هیچ دەزگایەك بەكارنەهێندراوە، لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەكییە ئیدانەی هێرشەكە دەكات و پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەری عێراقەو پێویستە ئێران قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە».
بەئامانجگرتنی سەرمایەدارەکان لەکوردستان
ئەو بیانوانەی سوپای پاسداران دەیهێنێتەوە بۆ هێرش بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، زۆر لەو بیانوو و تۆمەتانە دەچێت کەئاداری ٢٠٢٢ هێنایەوە بۆ مووشەکبارانکردنی هەولێرو ماڵی شێخ باز بارزانی. لەحاڵێکدا دواترو دوای لێکۆڵینەوەی لیژنە راسپێردراوەکەی پەرلەمانی عێراق ئەوە دەرکەوت کە شێخ باز بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە.
ئاخۆ ئەمە بەئەنقەست بەئامانجگرتنی بازرگان و سەرمایەدارە کوردەکان نییەو سەرەنجام ناچارکردنی سەرمایەدارەکان بێت بەوەی کوردستان جێبهێڵن و سەرمایەکەیان ببەنە دەرەوە؟