ئەمرۆ کوردێک و بەریتانییەک بە تاوانی تیرۆر لە لەندەن دادگایی دەکرێن
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە ئەمرۆ چوارشەمە 17/1/2024، دوو هەواداری نزیک لە پەکەکە بە ناوەکانی "بێریتان" و "مارک کامبل"ی بە رەگەز بەریتانی بە تاوانی بەرز کردنەوەی ئاڵای پەکەکە لە بەریتانیا ، بە یاسای تیرۆری ساڵی 2000ی بەریتانیا دادگایی بکرێن .
دوێنی سێشەمەش "بێریتان " لە پارچە ڤیدیۆییەکیدا داوای لە کوردانی بەریتانیا کرد کە لە رۆژی دادگایی کردنەکەدا بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆی و "مارک کامبڵ" لەبەردەم دادگاکە ئامادە بن .
"ئەوە تەنها دادگایی کردنی من و مارک کامبڵ نییە، بەڵکو دادگایی کردنی گەلی کوردە و هەر سزایەک بە سەر من و مارکدا بسەپێنرێت ، ئەوە بەسەر گەلی کوردیشدا سەپێنراوە" ، (بێریتان) وای ووت.
هەروەها بێریتان "مارک کامبڵی" بە هەوادار و پشتیوانێکی سەرسەختی کورد لە بەریتانیا ناساند کە هەمیشە بەرگری لە دۆزی کورد و مافەکانی دەکات.
لە یاسای تیرۆری بەریتانیا بۆ ساڵی2000 هاتووە کە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەندام یا هەوادارن لەو گروپانەی کە تیرۆریستن یان گومانی تیرۆریان لێدەکرێت یان خود یونیفۆرم یا ئاڵای ئەو گروپانە لەبەر دەکەن یا بەرز دەکەنەوە ئەوا بە یاسای تیرۆر دادگایی دەکرێن.