بلینکین: هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر شەرمەزار ئەکەین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە کۆمکاری جیهانی داڤوس لەگەڵ ئیدانە کردنی هێرشەکانی سەر هەولێر هەرێمی کوردستانی وەک هاوبەشی نزیکی ئەمریکا ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو نووسیویەتی: "دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس قسەم لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، جەختم کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە. ئەمەریکا بەڕوونی هێرش و شەڕەنگێزییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات".
سوپای پاسداران بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە هێرشی مووشەکی کردە سەر هەولێر و باسی لەوە کرد کە بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیلی لە ناو بردووە، لە کاتێدا حکوومەتی هەرێم ئەوە رەت ئەکاتەوە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان ببێت.
مەسروور بارزانیش بە ئاماژە بە دیداری خۆی لەگەڵ ئانتۆنی بلینکین لە تۆڕی کۆمەڵآیەتی ئێکس نووسیویەتی، هەر دوو لا هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەی ئەم هێرشە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە.
مەسروور بارزانی باسی لەوەش کرد داوایان لە ئەمریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر کوشتنی کەسانی مەدەنی.
پێشتریش مەتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەولێر شەرمەزار کردبوو و وتیبوو ئەم جۆرە هێرشانە ئەبنە هۆی لاوازی عێراق.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ هێرشی مووشەکی کرایەسەر ناوچەیەکی نزیکی هەولێرو هەروەها چەند ناوچەیەک لەئەدلیبی سووریا. سوپای پاسداران دەستبەجێ بەرپرسریاریەتی هێرشەکەی گرتەئەستۆو ڤیدیۆی کاتی هاوێشتنی مووشەکەکانی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیل لەهەرێمی کوردستان و شوێنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای فەرماندەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ تاوانەکانی کرمان لەسووریا کراوەتە ئامانجی مووشەکی بالستیکی.
.
