با عێراقی بین

10 مانگ لەمەوپێش



شادمان مەلا حەسەن

قەدەری ئێمەی كورد واهەڵكەوتووە نیشتمانەكەمان ببێتە چەند بەشێك و هەر بەشێكی بكەوێتە چوارچێوەی جوگرافیایی وڵاتێكی تر، ناچمەوە ناو هۆكارو ئەنجام و لاپەڕەكانی مێژوو كێ هۆكار بووە، خۆمان یان هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان. لەو چەند دەوڵەتەی كە كوردستانی بەر كەوتووە، عێراق لەهەموویان باشتر بووە بۆ كورد، هەم كێشەی لە بوون و ناسنامەو چەمكی كوردستان نەبووە، هەمیش دواجار بەشێكی زۆری ئەو مافانەی سەلماندووە كە بزووتنەوەی سیاسی و چەكداری كورد داوای كردووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە زۆرترین پەرچە كردارو توندوتیژیش لەم بەشەدا بووە، كەچی تاكو ئێستا كەوا ئەم پۆستەی تێدا دەنووسم و بڵاودەكەمەوە بزووتنەوەی سیاسی و چەكداری سەرەكی كورد ناتوانن دەست بەرداری وڵاتانی هەرێمی ببن و عێراقی بن. ئەوەندەی ئێران و توركیا و سوریا بزووتنەوەی چەكداری كوردیان لە عێراق كۆمەك كردووە، بزووتنەوە سیاسیەكەیان كۆمەك نەكردووە بۆ ئاشتی و ئارامی، لەبەرامبەردا بچوكترین مافیان بە كوردی وڵاتەكانی خۆیان نەداوە. هەرگیز لەگەڵ بزووتنەوە سیاسی و چەكداریەكانی وڵاتانی خۆیان دانوستاندنیان نەكردووە، ئەگەر كردبێشیتیان بۆ تیرۆركردنی سەركردە و ڕێبەكانیان بووە. بەڵام  لەو ڕۆژەی دەوڵەتی عێراق دامەزراوە هەرگیز دەرگای گفتووگۆی لەگەل بچوكترین هێزی سیاسی و چەكداری كورد دانەخستووە. جا بزووتنەوەكە بەهێز بووبێ یان لاواز، سەركردەكانی كورد چوونەتە بەغدا و بەسەلامەتی هاتوونەتەوە شوێنی خۆی، ئەمەش مانای ئەوەنیە زوڵم لە كورد نەكراوە. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری زاڵ بەسەر كوردستان هەمیشە عێراق زۆر باشتر بووە. لە دواین جار ئەوەی دەمەوێ بیدركێنم لە ئێستادا وڵاتانی هەرێمی زۆر دژی كورد و هەرێمن. كەچی دوو حزبە سەرەكیەكەی هەرێم هەریەكەی خۆی كردووە بەقوڵایی هەژموونی یەك لە ئێران و توركیا. عێراقیەكان لە بەرامبەر بۆردومانەكەی هەولێر هەڵوێستی باشیان هەبوو، هەقە ڕایەدارە دەستڕۆیشتووەكان واز لە پەیوەندی نامۆ و وابەستەیی و هەواڵگریی هەرێمایەتی بهێنن و بەئاڕاستەی عێراق بڕۆن، با ئیتر عێراقی بین، قازانج دەكەین زیان ناكەین، دڵنیام عێراق بكەینە قوڵایی سیاسی و جوگرافی و ئابوری خۆمان و خۆشمان بكەینە قولایی جوگرافیا و ئابوری و سیاسی عێراق زۆر باشترە لەوەی وڵاتانی هەرێمی بكەینە قوڵایی خۆمان و خۆمان وابەستەی ئەوان بكەین. مافەكانمان لە عێراق بە دەستوور دیاری كراوە، بەڵام پەیوەندیەكانمان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بەبێ هیچ بەڵگەیەكی ڕەسمیە. لەگەڵ عێراق بین وەك وڵاتی خۆمان نەشەرمە نەعەیبە، هەقیشە ئەم هێزی پێشمەرگەی كوردستانە هیچی تر سەنگەرو چەپەری ئەرك گرتنی بەرامبەر هێڵی سوپای عێراق نەبێت، چونكە لەدوا رۆژ دەبێتە عەیبەیەكی گەورە.با عێراقی بین ئەی ڕایەدارە خۆ بەزل زانەكانی میللەتی نەجیبی كورد لە هەرێمی كوردستانی عێراق.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار