پاكستان: كارە سەرەڕۆكانی ئێران رێگەپێدراو نییە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وەزارەتی دەرەوەی پاكستان هەڵوێستی توندنی بەرامبەر بە هێرشی سوپای پاسداران بۆ خاكی ئەو وڵاتە گرت و باڵیۆزی خۆی لە تاران كشاندەوەو رایگەیاند باڵیۆزی ئێران لە ئێستادا بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ پاكستان.
ناوەندەكانی هەواڵی حكومەتی كۆماری ئیسلامی شەوی سێ شەممە 16ی كانونی دووەمی 2024، رایانگەیاند: سوپای پاسداران بەموشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشی كردۆتە سەر دوو بنكەی (جەیش العدل) لە پاكستان و لە ناوی بردون.
ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ چوار شەممە 17ی كانونی دووەمی 2024، راگەیاندنێكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستانی بڵاوكردوە تیایدا هاتووە" لەئێستادا پاكستان رێگە بە باڵیۆزی ئێران نادات بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە".
رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاكستان، لە ئێستادا لە تارانە.

هەڵوێستی توندنی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا وتی"پێشێلكردنی بێ بنەماو ئاشكرای سەروەری پاكستان لەلایەن ئێرانەوە، لادانە لە یاسا نێودەوڵەتیەكانن و ئامانج و بنەماكانی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان".
موممتاز زەهرا بەلووچ وتیشی "ئەم كارە سەرەڕۆیانەیەی ئێران بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدراو نییەو هیچ پاساوێكی نییە، بۆ ئەو كارە پاكستان بەمافی خۆی ئەزانێت وەڵامی ئەم كارە نایاساییە بداتەوەو بەرپرسارێتی ئەنجامەكانی لەئەستۆی كۆماری ئیسلامییە".
"ئێمە پێمانڕاگەیاندون پاكستان بڕیاریداوە باڵیۆزی خۆی لە تاران بكێشێنێتەوەو باڵیۆزی ئێران كە لە ئێستادا لە تارانە، بۆی نییە بگەڕێتەوە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان وای وت.
وتیشی "ئیسلام ئاباد بڕیاریداوە سەرجەم ئەو دیدارانە هەڵبوەشێنێتەوە كە بڕیاربوو لە رۆژانی داهاتوودا لە نێوان پاكستان و ئێراندا بەڕێوە بچێت".
ئەمە دووهەمین هەڵوێستی توندی پاكستانە دوای هێرشی سەربازی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە.

جێهێشتنی پێشانگای چابەهار لەلایەن وەفدی پاكستانییەوە
بە پێی زانیارییەكانی سەرچاوە لۆكاڵیەكانی پاكستان، دوای هێرشی موشەكییەكەی ئێران، ئەندامانی وەفدی پاكستانی پێشانگای چابەهاریان جێهێشتووە.
كەناڵی تێلگرامی " حال وەش" و " كەمپەینی چالاكانی بەلووچ" نووسیویانە "لەسەر داوای بەرپرسانی پاكستانی، بازرگان و چالاكانی ئابووری ئەو وڵاتە دەستبەجێ و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشتر، پێشانگاكەیان بەجێ هێشتووە".
بەپێی ئەم راپۆرتە، لە ئێستادا پێشانگای هەناردەكردن بۆ پاكستان بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی، راوێژكاری سەرۆك كۆمارو سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادو تایبەتە ئابوورییەكانی وڵات، پارێزگاری سیستان و بەلووچستان، بەڕێوەبەری گشتی ناوچەی ئازادی چابەهارو بەرپرسانی بڵای پاكستان، ئەفغانستان، عێراق و عوممان لە چابەهار بەڕێوە ئەچێت.
ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، شەوی سێ شەممە رایگەیاند "ئەو ناوچەیەی بۆردمارانكراوە، ناوچەیەكە بەناوی كێوی سەوز لەپارێزگای بەلوچستانی پاكستان كە یەكێك لە گەورەترن بنكەكانی گروپی جەیش العدل لەو ناوچەیە".
بەڵام لە راگەیاندنێكدا كە لە كەناڵی تێلگرامی جەیش العدلەوە بڵاوكراوەتەوە "شەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ژمارەیەك موشەك ئەو خانوانەی كردۆتە ئامانج كە ژن و منداڵی ئەندامانی ئەم گرووپەی تێدا بووە".
پاكستانیش رایگەیاند "بەهۆی هێرشەكانی سوپای پاسدارانەوە دوو منداڵ كوژراون، ئەمە لە حاڵێكدایە سوپای پاسداران باس لەوە دەكات توانیویەتی ئەو گروپە لە ناو ببات".

داواكاری نوێی ئێران لە پاكستان
لە هەمانكاتدا، مەجید میر ئەحمەدی جێگری  وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ بواری ئەمنی و ئاسایشی وڵات، داوای لە پاكستان كردوە هەنگاوی جدی هەڵبگرێت بۆ دەركردن و لەناو بردنی ئەو كەسانەی كە ئەوان بە "تیرۆریست" ناوی دەبەن.
مەجید میر ئاماژەی بەگروپی جەیش العدل كردوەو رایگەیاند"ژمارەیەك لە گروپە تیرۆریستییەكان لە خاكی پاكستان گیرساونەتەوەو شوێنیان خۆشكردوە".
هاوكات وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی بە ئاماژە بە هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق وتی "ئێمە رێز لە سەروەری دەسەڵات و یەكپارچەیی پاكستان و عێراق دەگرین، بەڵام رێگە نادەین ئاسایشی وڵاتەكەمان بكەوێتە مەترسییەوەو یاری پێ بكرێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو "لە هێرشەكەیان بۆ سەر پاكستان، هاووڵاتیانی پاكستانی نەكراونەتە ئامانج".
گرووپی جەیش العدل، هێزو رێكخراوێكی چەكداری دژبەری كۆماری ئیسلامییە كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی و چەند وڵاتێكی رۆژئاوایی لەوانە ئەمریكاوە وەك تیرۆریست ناسراون.
هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكەكانی جەیش العدل دوای ئەوە هات، كە ئەم هێزە بەرپرسارێتی هێرش بۆ سەر بنكەی سەربازی لە شاری راست لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان گرتە ئەستۆ. ئەو هێرشە رۆژی ١٠-١-٢٠٢٤ئەنجامدرا.

جیش العدل چی ئەڵێت؟
جەیش العدل لە راگەیاندنێكدا كە لە كەناڵی تێلگرامی ئەم گرووپە بە ناوی "شبكە عدل" بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە "گرووپی تیرۆریستی سوپای پاسداران بە كەڵك وەرگرتن لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و موشەك هێرشیكردۆتە سەر ماڵی ژمارەیەك لە موجاهیدەكانی رێكخراوی جەیش العدل لە كێوە سنورییەكان بەلوچستان و لەم هێرشەدا كە لانیكەم شەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی خۆتەقێنەرەوەو ژمارەیەك موشەك بەكار هاتوون ئەو شوێنانە كراوەتە ئامانج كە ژن و مناڵ موجاهیدەكانی رێكخراوی جەیش العدلی تێدا بووە كە بەوهۆیەوە ماڵی دوو موجاهید روخاوەو ئەندامانی بنەماڵەیان كوژراون بوون یان بریندار بوون.
لەم هێرشەدا دوو منداڵ كوژراون و دوو ژن و كچێكیش بریندار بوون و برینەكەیان قورسە.

كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای سوپا 
ئەمڕ چوارشەممە17ی كانونی دووەمی 2024، هێرشی چەكداری كراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە سەراوانی بەلووچستان و عەقید حسێن عەلی جاوادانفەڕ، پلەدارێكی گەورەی سوپا كوژراو چەند كەسێكی تریش بریندار بوون. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار