تەمتومانی کشانەوە؛ ئەمریکا لەعێراق
10 مانگ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
هەرایەکی زۆر هەیە دەربارەی کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق. ئەم هەرایە بەتەمتومان ناودەبەین، بەسودبینین لەو شانۆنامەو دۆکیومێنتارییە بەناوبانگەی کە لەگەڵ رۆبەرت مەکنەمارادا لەژێر ناونیشانی تەمتومانی شەڕدا ئامادەکرابوو. تەمتومان یانی ناڕوونی و لەئەنجامدا ئەگەری زۆری بەهەڵەچون. یەکەم هەڵە لەم پرسەدا دەکرێت ئەوەیە کەوەها دەبینرێت کەپرسەکە لەنێوان عێراق و ئەمریکادایە، بەڵام لەڕاستیدا لەنێوان ئەمریکا و ئێراندایە لەعێراق. چونکە کاتێک لەڕوانگەی عێراق و ئەمریکاوە لێی دەڕوانین، ئەوە بەکۆمەڵێک هەڵەدا دەچین، هەرە دیارترینیان، بینینی گرژی لە نێوان بەرە شیعەکانی نزیک بەئێران، گوایە هەندێک فشار دەکەن بۆ کشانەوە، وەک نوجەبا، هەندێکی تریش حەز بەکشانەوە ناکەن، وەک ئیتارییەکان. بەڵام ئەمە هەڵەیە هەڵەی دووەم، ئەوەیە کەگوایە فشار لەسەر حکومەت هەیە بۆ کشانەوە، بەڵام حکومەت ناچارە یان هەوڵدەدات هەردوولا رازی بکات لەڕێگای دواخستن وهەوڵی نەزۆکەوە، وەک دروستکردنی لیژنە.
لیژنە لەئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا یانی دەستی لێ بشوو، کەواتە هەموان دەزانن کشانەوە نابێت، بەڵام ئەوە چیە کەڕوودەدات؟ کاتێک دەڵێین ئەوەی دەگوزەرێت لەنێوان ئێران و ئەمریکادایە، ئەوا دەبێت لەڕۆڵ و پێگەی عێراق قسە بکەین لەنێو ئەم پرۆسەیەدا. عێراق شوێنی بەریەککەوتن و ململانێیە، بۆیە کاتێک عێراق خۆی یاریکەری سەرەکی نیە، بەڵکو یاری پێکراوە، ئەوا دەبێت بزانین یاریکەرە سەرەکییەکان چۆن یاری بەم یاریپێکراوە دەکەن پێش ئەوە دەبێت ئەوەش روون بکەینەوە، کە حکومەتی عێراقی، وەک حکومەت، بێدەسەڵاتترین بەشی ناو ئەم یاریەیە، چونکە حکومەت، لەلایەن سیاسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، سیاسییەکانیش لەلایەن ئێرانەوە، لەپرۆسەیەکی پرۆکسیدا کەپێی دەڵێین ئەسێمبڵج assemblageبۆیە حکومەت نەک خاوەنی بڕیارنیە، بەڵکو ئەوانەش لەپشتی حکومەتەوەن خاوەنی بڕیارنین ئەم چەمکە لە دۆلۆز و گواتارییەوە وەردەگرم. دیارە وەک زانیارییەکی زیادە بەڵام گرنگ، هیچ فەیلەسوفێک نیە هێندەی دۆلۆز فەیلەسوفی شەڕە جۆراوجۆرەکانی ئەم سەردەمە بێت ئەسێمبلیج بەفەلسەفیانە یانی پرۆسەی پێکەوە گرێدانی کۆمەڵێک یەکەو پەیوەندی جیاواز بۆ کاتێکی دیاریکراو، لەدۆخێکی شلی بەردەوام گۆڕاودا بەم پێیە ئەسێمبلیج لەمیانەی پەیوەندی عێراق و ئێراندا یانی چی؟
ئێران لەپرۆسەی بەڕێوەبردنی پرۆکسییەکانیدا سود لەئەسێمبلیج دەبینێت، بەو مانایە هەمیشە چەندین یەکەی جیاوازن، بەردەوام هەوڵدەدات پەیوەندی جیاواز لەنێوانیاندا دروست بکات، هەم لەگەڵ یەکترو لەناو خۆیاندا هەروەها لەگەڵ ئەوانیتری دەرەوەیاندا. بۆ نموونە، کاتێک ئەو گروپانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقین، کە دۆخی لەددەرەوەبوونیان، دەرئەنجامی ئەوەنیە کەعێراق ناتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت، چونکە عێراق توانای زاڵبوونی بەسەر هیچ لایەکدا نیە، بەڵکو لەدەرەوەن وەک پێداویستی کارو رۆڵیان لەمیانەی ئەسێمبلجیدا، ئەگینا ئەوانیش دێنە ناو حەشدی شەعبی یان بەڕۆژ حەشدن و بەشەو موقاوەمە، بۆ نمونە وەک شارەزایەکی کاروباری ئێران لەعێراق پێی گوتم، تەنها دابەشکردنی رۆڵەکانە.
دیارە چەمکی دابەشکردنی رۆڵ یان کار، کە ئادەم سمیپ دایهێنا، کەمێک کورت دەهێنێت، چونکە دابەشکردنی کار یان رۆڵ جۆرێک لەجێگیریی و هەمیشەیی تیادایە، بەڵام ئەسێمبلیج ناجێگیرو مۆلەقە پاش ئەوەی میتۆدەکەمان روونکردەوە، با ئێستا هەوڵی وەڵامی پرسیارەکە بدەین. بەکورتی ئێران نایەوێت ئەمریکا، بڕوات، ئێران دەزانێت ئەمریکا لەژێر فشاردا ناڕوات، وەک بەرپرسێکی باڵای پێشووی سەردەمی ترەمپ پێی گوتم، چونکە ئەگەر لەژێر فشاردا بڕوات ئەوا ئابوری عێراق دادەڕمێت و بەزیانی ئێرانە، کەواتە ئێران چی دەوێت؟ یەکەم، ئێران دەبێت لەڕێگای وەکیلەکانیەوە جوڵە بکات، بەتایبەتی پاش هێرشی غەزە بۆ ئەوەی خیتاب و هەیبەت و سیقە لەدەست نەدات لەناوچەکە، بەتایبەتی لای ئەوانەی کەپشتی پێدەبەستن. بەڵام روونە لەکاتی سەختیدا پرسە کرۆکییەکان جیاوازە لەپرسە ئامرازییەکان دووەم، ئێرانی ئەمڕۆ لەشۆڕشدا لەدایکبووەو لەشەڕدا گەورە بووە. سودێکی زۆری بینی لەشەڕی عێراق-ئێران بۆ بونیادنانی دەزگاکانی و پاکتاوکردنی نەیارە ناوخۆییەکانی. بۆیە لەسودبینی لەجەنگ و قەیراندا ئەزمونی هەیە.
لەڕاستیدا نایەوێت هێندە زیاتر تیوری بم، بەڵام شەڕو بونیادی دەوڵەت کرۆکی پرۆسەی دەوڵەتسازیی بوو لەئەوروپا وەک چارلز تیللی ئاماژەی پێدەدات. ئێران زۆر بیژیانەتر سودمەندبوو لەقەیرانی عێراق هەتا ئەمریکا سێیەم، ئێران ئەم جوڵانە دەکات وەک ئیهانەکردنی ئەمریکا، وەک دروستکردنی فشارو ناچارکردنی بەپەنابردن بۆ کاری سەربازی لەکاتێکدا ئەمریکای بایدن هەوڵی دەدا خۆی لەم بوارە بەدووربگرێت. بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی سودانی بۆ کۆشکی سپی یان دواخستنی یەکێکە لەدەرئەنجامەکان کەڕەنگە ئێران پێی باش بێت چوارهەم، ئێران لایەنە دۆستەکانی لەعێراق، کەزۆرێکیان بەهۆی دەوڵەمەندبوون و بوونی پێگەوە خۆیان لەجیهاد و ئیشااللە شەهیدشودی و ئەو شتانە بەدوور دەگرن، بەڵام هەم لەئەمریکا دووری خستنەوە و هەم لەئەگەری بێگوێیی ئێران بەئاگایی کردنەوە، وەک لەهەندێک سەرکردەی ئیتاردا بینیمان پێنجەم، بەسودبینین لەم پرسە ئێران هەوڵدەدات لایەنی کوردی زیاترو زیاتر بهێنێتە ژێڕ رکێفی خۆی. لێدانی بارەگاو ناوەندەکانی ئینتیلیجینس، ناردنی پەیام بوو لەو رووەوە، بەتایبەتی بۆ چەند کەسایەتییەک شەشەم، ئێران دووپاتیکردەوە کەتوانای دروستکردنی قەیرانی هەیە لەناوچەکە، بۆیە نابێت ناوچەکە بەبێ ئەو هیچ هەنگاوێکی گەورە بنێت. ئەمە بەتایبەتی کە دۆخی سیستەمی جیهانی زەمینەی ئەوەی تیادا نیە کەئێران بکرێت بەئامانج حەوتەم، ئێران پێی باشە ئەمریکا لەڕووی سەربازییەوە بڕوات، بەڵام نەک لەڕووی دیپلۆماسی و مەدەنیەوە، هەتا بتوانێت لەدۆخی عێراق وەک سەرچاوەیەک و ناوەندێک بۆ دونیا سودمەندبێت ئایا بەرەو کوێ دەچین؟
ئەمریکا ناڕوات، عێراق لەئێستادا ناتوانێت داوایەکی وەها لە ئەمریکا بکات، چونکە لەدۆخی ناسەقامگیریدا دواوای وەها ناکرێت، بەڵکو دەبێت لەساتەوەختی سەقامگیریدا بکرێت. ئێران رەنگە عێراق ناچاربکات کەڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکاو عێراق جارێکی تر هەوڵی داڕشتنەوەی بدرێت.
لەکاتێکدا ئەمریکا هەوڵی دەدا رێککەوتنەکە زیاتر بچەسپێت و لەبوارەکانی تری وەک ئابوری و دارایی تۆکمە بکرێت بەڵام عێراق بەهۆی ئێرانەوە توانای بەردەوامی لەدەستدا. دەرئەنجام عێراق لەتوانایدا نیە پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت. بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لەپرۆژەیەکی گەورەی ململانێی جیۆپۆلەتیکی لەنێوان زلهێزێک و هێزێکی ئیقلیمیدا. یەکێک لەبێتامترین نوکتەکانی ئەم ململانێیە جەختکردنەوەیە لەسەر سەروەریی.