ئایا مانگە هەنگوینییەکەی هەرێمی کوردستان و ئێران کۆتایی هاتووە؟
10 مانگ لەمەوپێش
شوان عەباس بەدری
لەبەرەبەیانی رۆژی سێشەمە 2024/1/15 ، سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەتۆڵەی کووشتنی فەرماندە باڵاکانی سووپای پاسداران و بەرەی بەرگری لەسووریا و لوبنان و بەمەبەستی داکووتینی بنکە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لەناوچەکە، چەند هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش بۆ سەر هەولێر ئەنجامداوە.
هەرچەندە ئەم جۆرە هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تازە نین و لەماوەکانی رابردووشدا سوپای پاسداران بەبیانووی داکووتینی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و بنکە سیخورییەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکی هاوشێوەی ئەنجامداوە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە هێرشەکە لەگەرمەی کەف و کوڵ و کۆڵانی ناوچەکەو ئەگەری فراوانبوونی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیلیدا، جیاوازترو پەیامەکەی بۆ لایەنە ناوخۆییەکانی هەرێم و هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا تووندترو روونتر بێت، بەتایبەتیش کەئێران ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی ئەو ئەرکە بەباڵە چەکدارییەکانی خۆی لەناو عیراق بسپێرێت، راستەوخۆ خۆی ئەم ئەرکەی گرتەئەستۆو هێرشەکانی ئەنجامدا.
هەتا ئێستاش دیار نییە کەئێرانییەکان وەک هێرشە مووشەکییەکەی 8ی کانوونی دووەمی 2020ی سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار کە لەتۆڵەی کووشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سووپای قودس لەژیر ناوی "چالاکی شەهید سولەیمانی"، پێشتر ئەمریکییەکانی ئاگادارکردووەتەوە یان خود نا، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە رەنگە دوای ئەم هێرشانەی ئێران، جەنگی بەوەکالەتی وڵاتە ئیقلیمییەکان و ئێران لەلایەک و ئەمریکاو ئێران لەلایەکی ترەوە لەڕێی باڵەکانیان لەناو عیراق بەگشتی و هەریمی کوردستان بەتایبەتی و سوریاو لوبنان و یەمەن تووندترو چڕتربێتەوە .
ئاشکراشە گەر ئەو گریمانەیەی پێکدادنی باڵانە رووبدات، ئەوا کوردو قەوارەی هەرێم یەکەم زەرەرمەندی ئەو جەنگە بەوەکالەتەی نێوان زلهێزە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە و جیهان دەبێت، بە تایبەتیش کەکورد ئەزموونێکی ناخۆشی لەگەڵ ئەم جۆرە ململانێ بەوەکالەتەی هەیە.
هەرچەندە دوابەدوای هێرشەکانی سەر هەولێر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئەمریکاو بەریتانیاو چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکانیان کردو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی کردو تۆمەتەکانی ئێرانی رەتکردەوەو هێرشەکانی بەکاریکی دوژمنکارانە وەسفکرد، بەڵام ئاخۆ ئەم ئیدانە و رەتکردنەوانەی تۆمەتانە تاچەند لەرزە بەگیانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستە باڵاکانی ئێراندا دەهێنێت، بەتایبەتیش ئیران کە لەڕێی گروپ و میلیشیا شیعەکانی پەیوەست بەخۆیەوە، لەڕێی درۆنی بۆمبرێژکراوو موشەکەوە ماوە ماوە هیرش دەکاتەسەر خاکی هەرێمی کوردستان.
هەروەک چۆن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەدوای هێرشەکان رایگەیاند، لەساڵی 2020 وە هەولێر لەلایەن سووپای پاسدارانەوە بەبیانووی جیا جیا، کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەک و درۆنەوەو دان بەخۆداگرتنمان سنووری هەیە.
بەڵام لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کەئاخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ، چۆن و بەچ شێوەیەک وەڵامی ئەو دەستدرێژیانە دەداتەوە کەدەکرێتە سەر شارەکانی ژێر دەسەڵاتییەوەو توانای بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و هێرشی هەیە بۆ ناوخۆی ئێران و بنکەو بارەگاکانی سوپای پاسداران و باڵە چەکدارەکانی لەناوخۆی عێراق؟
خۆ گەربێتو بەنیازبێت کارتی هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی ئێرانی ناو هەرێمی کوردستان لە دژی ئیران بەکاربهێنێت، ئەوە بۆ هەموان روون و ئاشکرایە کەوەڵامی ئێران چۆن و بەچ شێوەیەک دەبێت، هەرچەندە بەبڕوای زۆربەی چاودێرەکان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، نە توانای ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارەیان هەیەو نە هێزو چەکێکی ئەوتۆیان هەیە کەبتوانن بەپێی پێویست بەرگری لەخۆیان بکەن.
هەرچی ئەمریکاشە هەرگیز بەرژەوەندییە باڵاکانی نە لەبەر کوردو نە لەبەر هیچ لایەن و دەوڵەتێکی دیکە ناخاتە مەترسییەوە.
لەلایەکی دیکەوە دوای هێرشەکان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق ، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ڵێکۆڵینەوەی بۆ هێرشەکان دەرکرد، بەڵام روون و ئاشکرایە کەئەم فەرمان و بڕیاڕە تەنها بۆ سڕینەوەی عارەقی شەرمەزاری حکومەتی ناوەندە لەبەرامبەر بەزاندنی بەردەمی ئاسمان و خاکی عێراق و هیج شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نابێتەوەو تەنها بۆ ئیستهلاکێکی ناوخۆییەو هیچی تر.
هەرچەندە مێژووی پەیوەندییەکانی کورد لەکوردستانی عیراق و ئێرانییەکان چ لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی و چ لەسەردەمی دوای رووخاندنی رژێمی پاشایەتی و هاتنەکایەی کۆماری ئیسلامی ئێران، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیەو مێژووی ئەم پەیوەندیانەش بەپێی پێویستییە سیاسییەکانی سەردەم هەورازو نشیوی بەخۆوە بینیوە ، بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە سەرەڕای نشێوییەکانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەو پەیوەندییانە تا رادەیەکی باش پاریزراون و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان لەبەر بەرژەوەندی هاوبەشی سیاسی نەیانهێشتووە داری ئەو پەیوەندیانە لەڕەگەوە وشک ببێتەوە.
لەڕاڤەی پەیوەندییە سیاسییەکانیشدا قسەیەکی کلاسیکی باو هەیە کەدەڵێت: لەسیاسەتدا کەس تاسەر دۆست و دوژمن نییە.
ئەم قسەیەش لەئێستادا پراوپڕ پڕ بەبەری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئیرانە.
بەتایبەتیش وەک باسمان کرد، گەر بیتۆ چاوێک بەمێژووی ئەم دوو لایەنە ناکۆکە رووکەشە دۆستەی پشت پەردەکە بخشێنین، ئەوا دەبینین کە لایەنی ئێرانی چەندین جار لەمیژووی شۆڕشەکانی کوردی باشوور، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پشتی کوردەکانی بەرداوە، بەڵام بەرپرسە باڵا پلە یەکەکانی ناو شۆڕشەکەی بەپێی گرنگییان بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران چ لەو سەردەمە و چ لەئەگەری داهاتوو لەناو خاکی خۆی داڵدە داوەو زەقترین نموونەی ئەو پشتبەردان و دەستهەڵگرتنە ئاشبەتاڵی 1975 و رێکەوتنی نێوان موحەمەد رەزا شای پەهلەوی و رژێمی بەعسی پێشوو بوو و دەتوانین جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقی سەردەمی سەدام و خومەینیش بەفریادڕەسێکی باش بۆ پشتگیریی هەمەلایەنەی شۆڕشی کورد لەو سەردەمە بزانین، گەر نا رەنگە ئاخوندەکانی ئێرانیش، هاوشێوەی رژێمەکەی پەهلەوی، بەڕێکەوتنێکی ستراتیژی سنوورەکانی خۆیان بە رووی کورددا دابخستایەو بەپێی پێویست یارمەتی لۆجیستی شۆرشەکەیان نەدایە.
هەرچەندە لەئێستادا ئێران زۆنی زەرد بەناوچەیەکی بەهەشت ئاسا بۆ بنکە سیخوڕی و سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا راڤە دەکات و تێبینییەکی زۆریشی لەسەر زۆنی سەوز هەیەو هاوشێوەی زۆنی زەرد، بنکەو بارەگای هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوردومان کردووە، بەڵام دەبێت راستییەک بزانین کەمانگی هەنگوینی پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی بەم هێرش و پەلامارانە کۆتایی نایەت و بابەتی پشت پەردەکان زۆر زیاترن لەو بابەتانەی کە لەمیدیاکان باس دەکرێن و تیشکیان دەخریتەسەر.
لەکۆتاییدا لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزی و کێشەو جەنگ و ململانییەی ناوچەکە پرسیاریک خۆی قووت دەکاتەوە کەئاخۆ پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن خۆیان لەئەگەری ئەو جەنگە بەوەکالەتە سووتینەرە بەدووربگرن و درێژە بەمانگی هەنگوینی پەیوەندییە ئاشکراو نهێنییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بدەن، یان خود نا لەژێر گووشاری وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکان کۆتایی بەو هاوسەرگیرییە کاتۆلیکییە دێنن و مانگە هەنگوینییە چەندین ساڵەکەیان پێش دڵنیابوون لەڕووخاندنی کۆماری ئێران دەکەن بەخەزانی هێرشی مووشەکی و درۆنی؟
بێگومان هێرشی دوای کۆتایی هاتنی مانگە هەنگوینییەکەش وەک هێرشەکانی پێشووتر نابێت و بەرپرسانی هەریمیش باش ئەم راستییە دەزانن.