باڵیۆزی ئەمریكا: سزادانی فلای بەغدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی سوپای پاسدارانە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند سزادانی كۆمپانیای فلای بەغدا سوربونی ئەمریكا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سوپای پاسداران و تۆڕەكەی لە عێراق پیشاندەدات.
ئەمڕۆ دوو شەمە 22ی كانونوی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەتۆمەتی هاوكاری و پشتیوانیكردنی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران و هاوبەشەكانی لەناوچەكەدا سزای بەسەر كۆمپانیای فڕۆكەوانی عێراقی (فـــلای بەغداد)و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەدا سەپاند.
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا "كۆمپانیاكە لەگەشتەكانیدا چەك و تەقەمەنی و چەكداری گروپەكانی نزیك لەئێرانی بۆ سوریا و لوبنان و عێراق گواستووەتەوە".
دوای راگەیەنراوەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە "دانانی كۆمپانیای فڕۆكەوانی عێراق فلای بەغداو سێ ئەندامی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەلیستی ئەو لایەنانەی پاڵپشتی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپەكانی سەر بەو سوپایە دەكەن لە عێراق و سوریا، سوربوونی ئەمریكا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سوپای پاسداران و تۆڕەكەی لە عێراق پیشان دەدات".
باڵیۆزی ئەمریكا ئەوەشی خستوەتەڕوو "بەكارهێنانی كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی عێراقی بۆ گواستنەوەی چەك، چەكدارو دۆلاری ئەمریكی، پێشێڵكارییەكی ئاشكرای سەروەریی عێراقە".