ئەحمەد شەریفی: عیراق چۆتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە لە قۆناغەكانی داهاتوودا جەنگێكی راستەخۆ لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئێران و هێزەكانی ئەمریكا لەناو عێراق رووبدات.
ئەحمەد شەریفی شیكاری ستراتیژی عیراقی هۆشداری لەهەڵگیرسانی جەنگێكی راستەخۆ لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئێران و هێزەكانی ئەمریكا لەناو عێراق دەدات و رایگەیاند" عیراق چۆتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە".
هەروەها شەریفی لەبارەی باری ئەمنی و ئاسایشی وڵاتەوە لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی مەدا، ئەوەشی خستۆتەڕوو "هەموو ئاماژەكان ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكەن كە لە قۆناغەكانی داهاتوودا ئاسایشی ووڵات رووبەڕووی مەترسییەكی راستەقینە دەبێتەوەو جەنگی راستەخۆی نێوان هاوپەیمانەكانی ئێران و هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق بە دوور نییەو رەنگە تووندتر لە ماوەكانی پێشوودا ئەو جەنگە رووبدات".
ئەوەشی وتوە "رەنگە هێزەكانی ئەمریكا چەند چالاكییەكی تایبەت لەناو خاكی عیراقدا ئەنجام بدەن و سیستمی فەرماندەیی و كۆنترۆڵی هێزە نزیكەكانی سەر بە ئێران بكەنە ئامانج".
"لە ئێستادا ئەمریكاو ئێران لەناوخۆی عیراق دەستییانكردووە بە تۆڵەكردنەوە لە یەكتری و ئەگەر بێتوو حكومەتی عیراق و دامەزراوەكانی بێلایەنی خۆیان نەپارێزن، ئەوا عیراق دەبێتە چەقێكی هەڕەشە ئامێز بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی ". ئەحمەد شەریفی وا دەڵێت.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە "ئەگەر بێتو ئەو جەنگە راستەوخۆیە رووبدات، ئەوا دەبێتە مەترسییەكی گەورە بۆ هەڵگیرساندنی جەندگێكی هەرێمایەتی و دەبێتە هەڕەشەو قورساییەكی راستەقینە بۆ سەر باری ئاسایش و سەربازی و ئابووری ووڵات".
لەلای خۆیەوە جنین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق رایگەیاند "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و جەنگی غەزەو كردەوە سەربازییەكانی دیكەی ناوچەكە هەڕەشەیەكی راستەقینەن بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێكی گەورە لە ناوچەكەدا، لەم نێوانەشدا بە دوور نییە كە عیراقیش بخزێتە ناو ئەو كێشەو ناكۆكییانە".
وتیشی "سەرەڕای هەوڵەكانی حكومەت بۆ ڕێگریكردن لە زیاتربوونی ئاڵنگاری و هێرشەكان، بەڵام هێشتا هێرشەكان لە سنوورەكانی عیراق و دەرەوەی بەردەوامن و بوونەتە هەڕەشەیەك بۆ سەر باری ئارامی عیراق و ئەو دەسكەوتانەی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەدەستهاتوون".
شایەنی باسە هێرشی باڵ و گروپە شیعەكانی سەر بە ئێران لە ماوەكانی رابردوودا بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق بە شێوەیەكی بەر چاو زیادیكردووەو بەوتەی چاودێرە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكانی ووڵات دوا بە دوای شكستە یەك لە دوای یەكەكانی ئێران لە لوبنان و سوریا و یەمەن و كوژرانی فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی پریشكی ئاگرەكە لەخۆی، هەوڵی بەرفراوانكردنی جەنگەكە دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند وڵاتێكی وەك عیراق و سوریا و لوبنان و یەمەنی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە.