ئایا ئێران بە نیازی جەنگە؟
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەبڕوای چاودێرانی توركیا، ڕەنگە هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و پاكستان، ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و توركیا زیاتر بكەنەوە.
هەر لەسەر ئەم تەوەرەش كەناڵی )هەواڵی تورك( لە بۆلتونی بەیانی خۆی ئەم پرسیارەی كردووە "كە ئایا ئێران هەوڵی بەرپاكردنی جەنگێكی ناوچەیی دەدات؟".
نەوزەت چیچیكی سەرنوسەری سایتی هەواڵی توركیای سەربەخۆ كە بەشداری بەرنامەكەی كردبوو وتی " ئێران بە ئەنقەست هێرش دەكاتە سەر وڵاتە دراوسێكانی تا بەوجۆرە ئاڵوزییەكانی ناوچەكە زیاتر بكات و لەڕێگەی وڵاتە دراوسێكانییەوە ناوچەكە بسووتێنێت".
بە بڕوای چیچك هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران هەمووی لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا بو ، چونكە بەوجۆرە سەرنجی جیهان لەسەر بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە لادەبات.
هەر لە بەرنامەی كەناڵەكەدا، چتینەر چتینی شیكاری كەناڵی هەواڵی توركیا وتی" ماوەیەكی زۆرە ئێران بۆتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر توركیا".
چتین ترسی خۆیشی لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە نەشاردەوەو وتی "ئەگەر ئێرانییەكان چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنن، ئەوا دەبنە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ ناوچەكەو توركیا، ڕاستە ئێرانییەكان دراوسێمانن، بەڵام بەهاوبەشێكی ستراتیژی و هاوسێیەكی باش ئەژمار ناكرێن".
لەلایەن خۆیەوە زەینەب گورجانلی ستوون نووسی رۆژنامەی (ئەكونومیم)كە زیاتر گرنگی بە بابەتە ئابوورییەكان دەدات ، لە نوسینێكیدا ئەوەی خستوەتەڕوو "لەڕاستیدا هێرشەكانی ئێران پەیامێكە بۆ توركیا".
گورجانلی لە نووسینەكەیدا باسی لەوەشكردووە كە ئەنكەرە و تاران هەریەكەیان بەجیا پشتیوانی لە هێزە ناكۆكەكانی كوردستانی عێراق دەكەن و نوسیوێتی" توركیا پەیوەندییەكی نزیك و باسی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە لە هەولێرو ئێرانیش پشتیوانیكی تەاوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا".
ناوبراو ئەوەشی نووسیوە "ساڵانیكە توركیا، یەكێتی نیشتمانی بەپشتیوانیكردنی پەكەكە تۆمەتبار دەكات".
هەروەها گورجانلی باسی لە بەئامانجگرتنی بازرگانەكانی هەرێمی كوردستانیشی لەلایەن ئێرانەوە كردووەو نووسیوێتی"لەماوەكانی پێشوودا ئێران چەندینجار ئەو بازرگانە كوردانەی كوردستانی عیراقی كە لەگەڵ توركیادا ئاڵۆگۆڕی بازرگانیان هەبووو بەئامانج گرتووە".
ئەوەشی خستۆتەڕوو "هێرشەكانی ئەم دواییەی تاران بۆ سەر هەولێر و ئیدلیبی سوریا، كۆمەڵە پەیامێكی تایبەتی بۆ توركیا هەڵگرتبوو".