چین‌و هێرشەکەی هەولێر

10 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

لەسەرەتادا، دەبێت بەڕاشکاوانە بڵێین کەهیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ نیە. بەڵام لەپاشخان و دەرئەنجام و پەیوەندی ناڕاستەوخۆدا دۆخێکی ئاڵۆز لەئارادایە. وەک دەڵێن شەیتان لەوردەکارییەکاندایە.  چین لەهەموو وڵاتان زیاتر چەقی فۆکەسی ئیدارەی بایدن بوو. لەم پێناوەدا ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای ئەوەدا دەگەڕا کەچۆن کێشە دروست نەبێت و ناچاری نەکات کەتەرکیزی لەچین کەمبکاتەوە. لەدەرئەنجامی ئەمەدا دۆخێک هاتە ئاراوە کەئێران و ئەمریکا بەناڕاستەوخۆیی رێکەوتنێکیان لەنێوانیاندا سازاند. بەپێی ئەم رێکەوتنە، ئەمریکا فشار لەسەر ئێران کەمدەکاتەوە، رێگە دەدات نەوت بفرۆشێت و دەستی بەدۆلار بگات و هەروەها مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکەی دۆستی ئێراندا دەکات لەبەغدا. وەڵامی میلیشیا عێراقیە سەر بەئێرانییەکان ئەوەبوو کەجۆرێک لەئاگربڕی رانەگەیاندراویان لەنێوانیاندا لەگەڵ ئەمریکادا راگەیاند. دەرئەنجامی ئەمە دۆخێکی سەقامگیریی ناوازە هاتەئاراوە. بەجۆرێک جاک سۆلیڤان کاتێک وتارەکەی بۆ گۆڤاری فۆرن ئەفێر نووسی، باسی لەسەقامگیری بێوێنە کرد لەناوچەکە.  هەندێک دەڵێن، ئەگەر هێرشەکەی غەزە نەبوایە، ئەوا کەس رەخنەی لەدیدەکەی سۆلیڤان نەدەگرت. بەڵام کاتێک لەگەڵ دەیڤد شینکەری قسەم کرد ئەو رای جیاواز بوو. دیڤید لەئیدارەی پێشووی ترامپدا بەرپرسێکی باڵابوو، بەدیدی ئەو، پێش غەزەش ناوچەکە بەوجۆرە سەقامگیر نەبوو، کە سۆلیڤان باسی لێوەدەکات. دیارە دەبێت لە دیدی کۆمارییەکان بەرامبەر دیموکراتەکان، کەمێک بەڕەخنە بین چونکە پەیوەندییان لەپەیوەندی یەکێتی و پارتی خراپترە.  بەڵام ئەوەی راستە، ئەوەیە کەئێران لەهەڵکشانی چین و تەرکیزی ئەمریکا لەسەر چین و خواستی ئەمریکا بۆ هاتنەئارای رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی کپ، زۆر سودمەندبوو.  یەکێک لەدەرئەنجامەکانی سودمەندی ئێران، تەنها ئەوەنەبوو کە بەدوای سودی دارایی و ئابوریدا بێت، بەڵکو هەوڵیدا لەڕوانگەی ترەوە سود لەدۆخەکە ببینێت. لەم رووەوە ئێران لەعێراقدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، بەهێزتربوون و ئەم دەرفەتەیان بۆ ئەوە قۆزتەوە کەچۆن عێراق وەها لێبکەن کە دۆستەکانی ئێران بەتایبەتی گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بتوانن نەیارەکانیان لاواز بکەن و بەبێ رکەبەر بەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری و دارایی عێراقدا زاڵ بن.  ئیتارییەکان باش یارییەکەیان دەکرد. بەجۆرێک کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو بەو کەسەی کە ببێت بەجێگای رەزامەندی لەلایەن ئیدارەی بایدنەوەو بۆ کۆشکی سپی داوەت بکرێت. تیورەیەک هەیە سەبارەت بەسەرۆک وەزیرانی عێراق کە دەڵێت: کاتێک کە سەرۆک وەزیران لەئێرانەوە نزیکە، ئەوا سازش بۆ ئەمریکا دەکات و کاتێک لەئەمریکاوە نزیکە، ئەوا سازش بۆ ئێران دەکات. بۆ زیاتر روونبوونەوەی ئەم تیورەیە بیر لەهەریەکە لە سودانی نزیک بەئێران و کازمی نزیک بەئەمریکا بکەرەوە. سودانی هەوڵی پەیوەندی باشی دەدا لە گەڵ ئەمریکادا، کازمی هەوڵی پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێراندا دەدا. بەڵام جیاوازی لە جۆری فەلسەفەی سیاسی ئێران و ئەمریکایە. لای ئەمریکا کارو بەڕێوەچوونی گرنگە، نەک شوناسی کەسەکە. بەڵام لای ئێران شوناسی کەسەکە گرنگە. بۆیە کاتێک سودانی لە گەڵ ئەمریکا دەگونجێت دەبێتە مایەی سەرنجی ئەمریکا، بەڵام کەسێکی وەک کازمی هەرچەند هەوڵی خزمەتکردنی ئێراندا، بەڵام هەرگیز بەباشی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا نەکرا.  لەم دۆخەدا پەیوەندی هەرێم، بەغداو هەرێم ئەمەریکا هاتە ئاراوە. کاتێک کەئەمریکا ئامانجی چین بوو، بەدوای سەقامگیری و هێمنیدا دەگەڕا لەعێراق، حکومەتی سودانی ئەوەی بۆ دابینکردبوو، لەهەمانکاتدا حکومەتی هەولێر لەدۆخەکە نەگەشتبوو، وەها مامەڵەی دەکرد کەهیچ نەگۆڕاوە، ئەوا هەولێر خێرا لەلایەن ئەمریکاوە وەها دەبینرا کەسەرئێشەیە و هاوکارنیە و خواستی زۆرە.  لەهەمانکاتدا کاتێک هەولێر لەم دۆخە تێنەدەگەیشت، ئەوا نەیدەزانی کەدەبێت چۆن بەخۆیدا بچێتەوە لەدۆخە نوێکەدا. هەرێم لەوە تێنەدەگەشت کەکاتێک بەغدایەک هەیە بە دڵی ئەمریکایەو ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت نەبوونی کێشەیە، ئەوا خواستی هەولێر قورستر دەبێت لای ئەمریکییەکان.  ئەمە لەکاتێکدا هەولێر لەبری ئەوەی لەسیاسەتی ئەمریکا بگات و هەوڵی ئەوە بدات کەچۆن ئاسانکاریی بۆ ئەمریکا بکات، زیاترو زیاتر لەنێوخۆیاندا پەرتدەبوو، لاواز دەبوو، توانای دانوستان و تێگەیشتنی لەدۆخەکە لەدەستدەدا.  یەکێک لەو تیورانەی کەهەولێر جاڕی بۆ دەدا، ئەوەبوو کە دۆخەکە بۆ هەمیشە وەها بەردەوام نابێت و شتێک روودەدات. ئەمە تێکەڵەیەک بوو لەئەزمونی مێژوو و بێدەسەڵاتیی. بەڵام رووداوی هێرشی حەماس گۆڕانکاریی بەسەر دۆخەکەدا هێنا.  هێرشەکەی حەماس ئەمریکای ناچار بەپیاداچوونەوە کرد بۆ هەڵوێستی بەرامبەر دۆخەکە لەناوچەکە. لەهەمانکاتدا ئاگربەستی رانەگەیاندراوی نێوان میلیشیاکان و ئێران و ئەمریکای کۆتایی هێنا. دەرئەنجامی ئەم دۆخە، فشار کەوتنەسەر پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا، بەڵام لەهەمانکاتدا دروستبوونی گرژی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا. لەکاتێکدا نە ئێران، نە ئەمریکا، شەڕیان ناوێت بەڵام دۆخەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵدا نیە. هێزە عێراقییەکان کەحوکمی عێراق دەکەن، کەمینەن و بەبێ پشتیوانی ئێران ئەو کارەیان بۆ ناکرێت، بۆیە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا تەنها تایفی و عەقائیدی و سەربازیی نیە، بەڵکو لەهەمانکاتدا وجودییە. ئەوەی ئێران دەیەوێت ئەوەیە کەئەوە لەبیر ئیسرائیل بباتەوە کەبیر لەهێرشکردنە سەری بکات بەشێوازێکی راستەوخۆ، لەم پێناوەدا دەیەوێت لەهەرکوێ دەستی هەیە لەدەرەوەی ئێران شڵەژان دروست بکات. هێرشی رۆکێتی سەر هەولێر ئەمە ئامانجە سەرەکیەکەی بوو. ئێران کە نزیکەی سێ هەزار رۆکێتی بالیستی هەیە، دەیەوێت ئەو پەیامە بەئیسرائیل بدات کەڕۆکێتەکانی دەتوانن بگەنە ئیسرائیل. هێرشەکەی هەولێر ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم نمایشە بوو.  کەواتە بەکورتی، هەڵکشانی چین، هەوڵی ئەمریکا بۆ مامەڵە لەگەڵ چیندا، لەم پێناوەدا هەوڵدان بۆ کپکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ئێران، ئێران و نوخبەی نزیک بەئێران لەعێراق سودمەندبوون و کورد زەرەرمەند. کورد کەتوانای خوێندنەوەی ئەم دۆخەی نەبوو، زیاتر لاوازبوو.  سەرباری ئەمە دەکرێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کەبوونی پەیوەندی نەوتی و بازرگانی زۆری نێوان عێراق و چین وەهای لەنوخبەی حاکمی عێراق کردووە، کەوەها بیربکاتەوە کەدەتوانن خۆیان لەڕووی سەربازییەوە بپارێزین، ئەوا چینیش دەتوانێت پێداویستییەکانی تریان بۆ دابین بکات، بۆیە پێویستیان بەئەمریکا نیە. بەو مانایە چین بازاڕ و ساغکردنەوەی نەوت و کاڵا و شمەکان دابین دەکات و ئێران پشتیوانی سەربازی، کەواتە پێویستی بەئەمریکا نیە. لێرەوە کوردی کێشەکانی چی بوون؟ یەکەم، کورد توانای ئەوەی نەبوو کەبزانێت چۆن هەڵکشانی چین ناڕاستەوخۆ یان بەئاستێک راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندی ئەمریکا بەناوچەکەوەو لەئەنجامدا پەیوەندی بەکوردوەوە. دووەم، کاتێک کورد توانای ئەم تێگەیشتنەی نەبوو، ئەوا نەیدەزانی و نەیدەتوانی بەشێوازی نوێ بۆ دۆخی نوێ مامەڵە بکات، بەڵکو زیاتر سیاسەتی شەخسی و خێزانی و حزبی زاڵبون، کەئەمریکای نائومێدو بێزار دەکرد.  ئێستا کەدۆخەکە گۆڕاوە، بەڵام بەئەگەری زۆرەوە، کاتی دەبێت. وەک دەڵێین رەنگە وەک تۆفانێک وەها بێت، پاش ماوەیەک بنیشێتەوە، بەڵام هەڵکشانی چین وەک گۆڕانی ژینگە وەهایە درێژخایەنە. ئەوەی کورد دەبێت فێربێت کەچۆن خۆی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا کە یانی هەڵکشانی چین بگونجێنێت، نەک لەگەڵ تۆفانێکی کاتیدا.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار