مامۆستایەکی ناڕازی: هەر مامۆستایەک سزا بدرێت ئێمە سکاڵای یاسایی تۆماردەکەینو بەردەوامین لەخۆپیشاندان
10 مانگ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
پاش ١٣٢ رۆژ لەدەستپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، دەرگای بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانی کرانەوەو سەرچاوەیەکیش بەهاوڵاتی راگەیاند: وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی گشتی وپەروەردەکان سوورن لەسەر کردنەوەی دەوام بەهەر نرخێک بێت.
پاش ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ی بەیەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوام دەستنیشانکرد، بەڵام مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردو دابەشکردنی مووچەو پلەبەرزکردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژانیان کردە مەرجی چوونەوەیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
سەرچاوەیەک کەنەویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بەهاوڵاتی وت: وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی گشتی وپەروەردەکان سوورن لەسەر کردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن بەهەر نرخێک بێت، فشارێکی زۆریان کردووە لەرێگەی بەڕێوبەری پەروەردەکانەوە بۆ سەر بەڕێوبەری قوتابخانەکان.
وتیشی:بەشێکی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەفشاری بەڕێوبەری پەروەردەکان غیاباتی مامۆستایانیان وەرگرتووە، لەزۆربەی پەروەردەکاندا غیابات دەستیپێکردووەو پێیان وتوون هەتا نەقڵکردن و فەسڵکردن دەڕۆین ئەگەر دەوام نەکەنەوە، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر کردنەوەی دەوام.
« لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەریدا نزیکەی 80٪ ی قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا پەروەردەی دەرەوەی شارەکان بەو شێوەیە نین.» سەرچاوەکە وای وت.
هاوکات، لەمانگی ئابی ئەمساڵەوە تائێستا کۆمەڵێک مامۆستای نارازی بەردەوامن لەسەردانیکردن بۆ بەغداو بەوتەی خۆیان چاویان بەلیژنەی دارایی و چەند کوتلەیەکی پەرلەمان و چەند سەرۆک حیزبێک کەوتووە بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ٢٠٢٤دا جێگای ئەوە بکرێتەوە کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەکانیان راستەوخۆ لەرێگەی بەغداوە وەربگرن بەبێ دواکەوتن و ٣٠ رۆژ جارێک، هەروەها هەوڵی ئەوەش دراوە کەموچەی فەرمانبەران چێتر نەبێتە فشارێکی سیاسی لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەنددا.
ئاوات ئازاد، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەمانگی ئابدا نۆ مامۆستاو فەرمانبەر سکاڵامان دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی تۆمارکرد، کە بەشێوەیەکی نایاسایی لەساڵی ٢٠١٦وە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیان راگرتووە، بەڵام پلەبەرزکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆو ئەنجومەنی دادوەرییەکان بەردەوامە، سکاڵاکەمان تا ٢١ی کانوونی دووەم سێ جەلسەی تێپەڕاندووەو جەلسەی داهاتوومان دواخراوە بۆ ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤.
وتیشی: فشارەکانی پەروەردە لەسەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە کۆمەڵێک فشارو نوسراوی جیاواز دەردەکەن بەشێوەیەک هەر نوسراوەو جۆرێکە، بەپێی یاسا کەس ناتوانێت مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک سزا بدات کەداوای مافی خۆی دەکات، کاتێک موچەی پێنادرێت ئەویش کارناکات، خوێندنیش بەم شێوەیە بەترس و تۆقاندن و سزادان بەڕێوەبچێت، خوێندنێکی تەندروست نابێت و زانستی پێویست بەقوتابی ناگات.
«بەهیچ جۆرێک هیچ بەڕێوبەرێک مافی لادانی هیچ مامۆستایەکی نییە جگە لەوەزیر، لەکاتێکدا وەزیر دەسەڵاتی رەهای پێدابێت بابەتێکی ترە، بەڵام وەزیر خۆی لەبۆشایی یاسایدایە چونکە حکومەتی ئێمە کاربەڕێکەرەو توانای هیچ بڕیارو یاسایەکیان نییەو پەرلەمانیشمان نییە.» ئاوات ئازاد وای وت.
ئەو مامۆستا ناڕازییە باسی لەوەشکرد کە هەر مامۆستایەکیش سزا بدریت ئێمە سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین و بەردەوامین لەخۆپیشاندنان و ناڕەزایەتییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانمان.
محەمەد کەمال، لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەسلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: دەنگۆ هەیە کە هەر مامۆستایەک نەیەتەوە بۆ دەوام سزا بدرێت، بەڵام تائێستا هیچ نوسراوێکی فەرمی وا نەهاتووە بۆ قوتابخانەکان.
وتیشی: هیچ بڕیارێک نییە کەبایکۆت بشکێنین و بەردەوامین لەناڕەزایەتییەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی رابردوودا بەشیک لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران و دواتر بەشێکیان ئازادکران.