لەسعودیە یەكەم فرۆشگای خواردنەوە كحولییەكان دەكرێتەوە

10 مانگ لەمەوپێش



 هاوڵاتی 
لەوڵاتی سعودیە یەكەم فرۆشگای فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكان دەكرێتەوەو كڕینی خواردنەوە كحولییەكانیش لەفرۆشگاكە لەڕێگەی ئەپێكی ئەلیكترۆنییەوە دەبێت.
بەپێی راپۆرتێك كە ئاژانسی فرانس 24 بڵاویكردوەتەوەو ئاماژەی بەسەرچاوەیەكی ئاگادارو بەڵگەنامەیەك كردوە، بەمنزیكانە یەكەم فرۆشگای فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكانە لەڕیازی پایتەختی سعودیە دەكرێتەوەو خزمەتگوزارییەكانی تایبەت دەبێت بە دیپلۆماتكارانی نا موسڵمان.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەم هەنگاوە بڕگەیەكی گرنگە لە هەوڵەكانی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان كە دەیەوێت سعودیە بەرەو كرانەوە بڕوات بۆ بەرزكردنەوەی گەشتیاری و ڕاكێشانی چالاكییە بازرگانییەكان.
ئەوەشخراوەتەڕوو كە بەم نزیكانە دیپلۆماتكارانی نا موسڵمان لە سعودیە دەتوانن خواردنەوە كحولیەكان بكڕن ئەویش لەڕێگەی ئەپێكی مۆبایلەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن بۆ وەرگرتنی كۆدێك كە لە وەزارەتی دەرەوەی سعودیەوە دەتوانن بەدەستی بهێنن و مانگانەش رێژەی خواردنەوە كحولییەكانیان بۆ دیاری دەكرێت.
لەبەڵگەنامە بڵاوكراوەكەدا كە ئاژانسەكە پشتی پێبەستوە، ئاماژە بەوەكراوە كە فرۆشگا نوێیەكە دەكەوێتە گەڕەكی دیپلۆماسی لە ڕیاز، كە باڵیۆزخانەو دیپلۆماتكارانی لێ نیشتەجێیەو فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكانیش لەو فرۆشگایە سنوردار دەبێت و تەنها تایبەت دەبێت بە كەسانی نا موسڵمان، جگە لەوەش هێشتا ڕوون نییە كە ئایا دانیشتووانی دیكەی ناموسڵمان ڕێگەیان پێدەدرێت لە فرۆشگاكە خواردنەوەی كحولییەكان بكڕن.
 سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پلانەكان ڕایگەیاندوە  پێشبینی دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەرگاكانی فرۆشگاكە بكرێتەوە.
بۆ خواردنەوەی بەرهەمە كحولییەكان، وڵاتی سعودیە یاسای توند پەیڕەو دەكات و سزاكانیش شەق لێدان و غەرامەكردن و زیندانیكردن و دیپۆرتكردنەوە بۆ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە وەك پەنابەر نیشتەجێن جێبەجێ دەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار