بۆ وەکو ئیسرائیل ناکەین و داکۆکییان لێ دەکەین!!
10 مانگ لەمەوپێش
غازی حەسەن
بەکورتی و کوردی بەهۆی زولمی موسڵمانی عەرەب و تورک و فارس هەقی خۆیەتی کورد جووی خۆش بووێت و هاوسۆزیان بێت، چونکە نەک عەرەب، بەڵکو فەلەستینییە چەوساوەکانیش ئامادە نین رێز تەنیا رێز لەسەربەخۆیی کوردستان بگرن، وەکو چۆن بۆ خۆیان داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن، هەندێکیان کورد بەشێرپەنجەی ناوچەکە دەزانن. بیست دەوڵەت ناتوانێت دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان دروستبکەن، کەچی کورد بەتەنیا دەیەوێت فەلەستینییەکان دەوڵەتی هەقیقی خۆیان هەبێت، لەپێناو ئەوەی بەڵکو رۆژگارێک بێت فەلەستینییە چەوساوەکان دەوڵەتی کوردی بەڕەوا بزانن، چ خەیاڵێکی سەراب ئاسایە.
عەلی باپیرو ئیسلامییەکان دەزانم شێتەکانیان نەبێت عاقڵەکانیان بەقسەش نەبێت نایانەوێت بچنە فەلەستین و دژی ئیسرائیل بجەنگن، کەچی یەک فەلەستینی نابینیت نەک بێتە کوردستان دژی داعش بجەنگێت، بەڵکو کورد بەهۆکارو شەیتان و جنۆکەو دابەشکردنی خاکی پیرۆزی عێراق !!!! دەزانێت.
من دژی شەڕو زوڵم و بەکۆیلەکردنی نەتەوەو مرۆڤ و ئایینەکانم، بەڵام باش باش دەزانم کورد خۆی فریو دەدات چی دیکە گۆرانی و شیعر بۆ ئازادی فەلەستینییەکان بڵێت، کەشادومانن بە لەنێوچوونی کوردو لەهەمان گاڤدا دەرکەوت ئەوانیش وەکو کورد نیوەیان کۆیلە و خزمەتکاری سیاسەتی ئێرانن.
من لەگەڵ ئەوە نیم ئێمە هاوسۆزی ئیسرائیل بین، من ئەوەم پێ راستە جووەکان بەبرا و مرۆڤ و مەزن بزانین، بەڵام هیچ مەرج نییە دەوڵەت هەموو شتێکی راست و رەوا بێت، من دەپرسم بۆ کورد دەبێت داکۆکی لەئیسرائیل بکات؟ بەڕاشکاوی ئەمەم پێ هەڵەیە. راستییەکەی لای من بۆتە پرسیار بۆ کورد چاو لەئیسرائیل ناکات؟. لەجیاتی بردنەوە دەرەوەی پارەو کڕینی شوقە بۆ وەرگرتنی ئیقامە، باشتر نییە پارە بهێنرێتەوە کوردستان. لەجیاتی بەفیڕۆدانی داهات و سامانی کوردستان لەئاهەنگەکانی سەری ساڵ و بۆنەکانی دیکە، باشتر نییە ئەو پارەیە بە چەک بدەین و بیر لەپڕ چەککردنی پێشمەرگە بکەینەوە؟.
لەجیاتی چاو بڕینە بەدەستهێنانی داهاتی کەسی لەڕێگەی فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون لەهەولێر و شارەکانی دیکە، نەفرەت لەفرۆشتنی خاک بکەین، بەپێچەوانەوە پێویستە کورد کەرکووک و مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بکڕێت، کە باش باش باش دەزانم هەندێک دەوڵەمەندی هێندە دەوڵەمەندمان هەیە، نازانن پارە چی لێبکەن و دەتوانن هەموو عێراق بکڕن، نەک بچن شارەکانی کوردستان لەپێناو چاوچنۆکی و نەزانین و هەرزان فرۆشکردن بفرۆشنە عەرەب.
ئیسرائیل چاودێریی هەموو بزاڤێک دژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەکات، نەک چاودێری هاووڵاتییەکانی. پێویستە هەرێمیش وا بێت، نەک ترسیان لەقسەی هاووڵاتییەک و دروستکردنی قیامەت بێت، کە کەسێک گوزارشت لەتووڕەیی خۆی دەکات.
پێویستە وەکو ئیسرائیل بکەین، نەک ئیسرائیلمان خۆش بووێت و هیچ جووێک نادۆزیتەوە خۆی بفرۆشێتە دەوڵەتێکی عەرەبی، کەچی ئامادە نییە سیاسەتی هەڵەی حزبەکانی خۆیان قبووڵ بکات. ئێمە خۆمان دەفرۆشینە بێ بەهاترین هێز، بەڵام ئامادەنین جیاوازیی و ناکۆکی نێوەخۆی یەکتر قبووڵ بکەین، بۆ؟
ئیسرائیل بیست دەوڵەت پێی ناوێرن، ئێمە بەیەک دەوڵەتی شڕی داهێزراوی پر لەمیلیشیای نایاسایی ناوەستین، بۆ؟ من دەمەوێت وەکو ئیسرائیل بین، نەک ئیسرائیلمان خۆش بووێت.
هەموو دونیا لەسەر ئیسرائیل بەدەنگە، ئێمە خۆشمان داکۆکی لەخۆمان ناکەین، هەولێر پێی خۆشە سلێمانی تەفروتونا بێت و سلێمانی بەشداری لەنەهێشتن و راماڵینی بەئاشکرای هەولێر دەکات، بۆ؟.
ئیسرائیل نەتەوە نییە، بەڵام هێندەی سەد دەوڵەت ستراتیژی نەتەوەیی و مانەوەیان هەیە، کورد دەوڵەتە و هێندەی هیچ عەشیرەتێک بەرگەی مانەوە ناگرێت، بۆ؟ بۆیە دەمەوێت وەکو ئیسرائیل بین، نەک ئیسرائیلمان خۆش بووێت.
ئیسرائیل لەچەندین نەتەوەی جیاواز پێکهاتووە، ئێمە یەک نەتەوەین و بۆ چەندین پارچەی جیاوازی بچووکی دژ بەیەک دابەشبووین.
ئیسرائیل بەدەرۆزەو کۆکردنەوەی دۆلار بەدۆلاری دەرەوەو جووەکان لەسەرتاسەری دونیا دروستبوو، ئێمە دەمانەوێت سامانی وڵات ئازادانە ببەینە دەرەوە و لەناوی ببەین.
ئیسرائیل یەک سوپای هەیە، ئێمە دوو هێزو هێزەکانی کاکە حەمە و عەلی باپیریش سەربار.
ئیسرائیل دادگای هەیە بۆ سزادانی گەندەڵکاران و لەیاسا دەرچووان و خیانەتکاران و ئەوانەی کردەی ئابڕووچوونیان لێ دەقەومێت. کەچی ئێمە پەنا دەبەینە بەر دادگای بەناو فیدراڵی شیعەی خاوەن بڕیاری ئێران.
ئێران شانازە بەدروستنەبوونی ئیسرائیلی دووەم (واتە هەرێمی کوردستان)، کەچی لەبەردەم ئیسرائیلی یەکەم، دەڵێی جوولەکەن. کوردیش لەپێناو هەرزانفرۆشی نیوەی هەرێم شانازی بەدۆستایەتی میلیشای حەشدو حەشدی رەیان دەکات بۆ ئەوەی کورسییەکانی لەکەرکووک هاوسەنگ بکات، لەقسەکردن و نمایشدا دەڵێی رۆستەمی زاڵن!!.
کورد دەیەوێت کیان و هەرێمەکەی خۆی بکاتە قوربانی دوژمنەکانی، ئیسرائیلیش دەیەوێت ئەوانی دیکە بکاتە قوربانی خۆی. ئەی چۆن هەقم نییە بڵێم ئیسرائیلتان خۆش نەوێت، وەکو ئیسرائیل بن. ئیسرائیل دەڵێت ئێمە دەجەنگین بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتێکی نوێ دروست ببێت، کوردیش دەجەنگێت بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ، سوریایەکی پێشکەوتوو، تورکیایەکی خاوەن دیموکراسی و ئێرانێکی لەدەرەوەی مەزهەب هەبێت، چما نەبێژم وەکو ئیسرائیل بن، کە من هیچ حەزم لەزوڵمی دەوڵەت و دەسەڵات و گەندەڵی و چەوسانەوەو بەکۆیلەکردن نییە.