ئەمریكا پەیامێكی گرنگ دەداتە حكومەتی عێراق
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند حكومەتی ئەمریكا پەیامێكی گرنگی پێداون. بەرپرسێكی ئەمریكیش دەڵێت وڵاتەكەی و عێراق لەڕێككەوتن نزیكبونەتەوە، بۆ دەستپێكردنی دانوستانی لیژنەی باڵای سەربازی.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە یەكێكیشە لە دوو جێگرەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە " لەگەڵ ئالینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووتەوەو نامەیەكی گرنگمان لە حكومەتی ئەمریكاوە بۆ حكومەتی عێراقی پێگەیشت".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وتوە "نامەكە لەلایەن سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە تاووتوێدەكرێت و هەنگاوەكانی داهاتوو لەسەر ئەو بابەتە دەگیرێتەبەر".
بەپێی ئەو زانیارییانەشی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بلاویكردوەتەوەە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو عێراق دەست بەدانوستان دەكەن، سەبارەت بە كۆتایهێنان بەبوونی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ولایەتە یەكگرتووەكان سەركردایەتی دەكات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو "گفتوگۆكان تایبەت دەبێت بە كشانەوەی هێزەكان و چۆنیەتی گۆڕینی بەپەیوەندی دووقۆڵی كە ئەوەش هەنگاوێكە بەرەوپێشەوە لە ئەنجامدانی پرۆسەكە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی غەزەوە پرۆسەكە دواكەوت"..
بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاندوە"وڵاتەكەی و عێراق لەڕێككەوتن نزیكبونەتەوە، بۆ دەستپێكردنی دانوستانی لیژنەی باڵای سەربازی كە مانگی ئابی ساڵی رابردوو راگەیەنرا".