وەرچەرخانەکان لەململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین
10 مانگ لەمەوپێش
رەنج نەوزاد
پرسی ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین، لەپرسە هەرە ئاڵۆزو گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. دەکرێت بەکورتی و سادەیی ئەو پرسە وەسفبکرێت بەوەی کەململانێی دوو نەتەوە یان دوو گروپی مرۆییە لەسەر خاوەندارێتی بۆ پارچە خاکێک، بەڵام سروشت و پێکهاتەی ململانێکە وادەکات کە لەوە فراوانترو ئاڵۆزتر بێت. لەململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل، سێ فاکتەر، یان سێ پێکهاتەی سەرەکی هەن کەئەم سێ فاکتەرە بەگرنگترین فاکتەری ململانێ دادەنرێن بەگشتی. ئەوانیش پرسی خاک، ئاین و نەتەوە. هەر یەکێک لەم فاکتەرانە لەململانێیەکدا هەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆکاری درووستبوونی ململانێیەکی ئاڵۆزو ماوەیەکی درێژ بخایەنێت. ئەی ئەگەر هەرسێ فاکتەرەکە بەیەکەوە لەیەک ململانێدا هەبن؟! ئەم سێ فاکتەرە، بەتایبەت فاکتەری ئاینی و نەتەوەیی، وایکردووە کەئەم پرسە تەنیا لەچوارچێوەی ئەو خاکەدا نەمێنێتەوەو بەڵکو ببێتە پرسێکی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش.
لێرەدا دەرفەت نییە ئاماژە بەچەندین رەهەندی ئەم دۆزە بکەم، بەڵکو تەنیا باس لەوەرچەرخانە گرنگەکانی مێژووی ئەم پرسە دەکەم. ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ تێگەیشتن لەلایەنێک، یان زیاتر، لەم پرسە گرنگ و ئاڵۆزە، کەساڵانە یان هەر چەند ساڵێک، جارێک و زیاتر دەبێتە بابەت و هەواڵی سەرەکی میدیاکان و رای گشتی ناوچەکەو جیهان. وەرچەرخانە گرنگەکانی دۆزی فەڵەستین و ئیسرائیل کەلێرە ئاماژەی پێدەدەم بریتییە لەچەند رووداو و گۆڕانکارییەکی گرنگ لەم دۆزەدا کەهەریەکەی لەساڵێکی دیاریکراودا روویداوە. ئەو رووداو و وەرچەرخانەش بریتین لەساڵانی ١٩٤٨و ١٩٦٧و ١٩٧٨و ١٩٩٣.
پێش چوونە سەر تاوتوێکردنی ئەو چوار وەرچەرخانە، پێویستە چەند دێرێک لەسەر دۆزی فەڵەستین بخرێتەڕوو. دۆزی فەڵەستین، بەگشتی، بەچوار قۆناغدا رۆیشتووە، لەدوای ١٩٤٨ەوە تاسەرەتاکانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، دۆزێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و زیاتر پەیوەست بوو بەپرسی ئاوارەو پەنابەرەکان. پاشان دەبێتە دۆزێکی نەتەوەیی (عەرەبی) و سیاسی، کەمیسر لەمەدا رۆڵی سەرەکی بینی. ئینجا دوای جەنگی ٦٧و شکستی عەرەب و بەتایبەتتر دوای ئەوەی میسر دەچێتە دەرەوەی ململانێکە لە ٧٨، دۆزی فەڵەستین زیاتر دەبێتە دۆزێکی نیشتیمانی و ناوخۆ. واتە لەگەڵ ئەوەی فەڵەستینییەکان بەشێکن لەنەتەوەی عەرەب، بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لەوڵاتان و کۆمەڵگەکانی تری عەرەب جیادەکاتەوە. لەم قۆناغەدا مۆرکی عەلمانی زاڵ بوو بەسەر رێکخراوی رزگاریی فەڵەستینی و دۆزی فەڵەستین. پاشان بەهەوڵی ئیخوانی و ئیسلامییەکانی فەڵەستین، بەتایبەت دوای دەرکەوتنی حەماس لە ١٩٨٧و بەهێزبوونی لە ٢٠٠٦ەوەو حوکمکردنی غەززە، پرسی فەڵەستینی زیاتر بووە پرسێکی ئاینی و ئیسلامی.
وەچەرخانی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٤٨ کەدەوڵەتی ئیسرائیل دادەمەزرێت و ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین دەستپێدەکات. خودی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەئەنجامی چەندین رووداوی تری وەک دامەزراندنی بزوتنەوەی زایۆنی لە ١٨٩٧و گواستنەوەی جووەکان بۆ فەڵەستین و بەڵێنی بەلفۆر بوو. بۆ تێگەیشتن لەو وەرچەرخانە پێویستە ئاماژە بەبڕیاری ١٨١ی ١٩٤٧ی نەتەوەیەکگرتووەکان بدرێت کە بەبڕیاری دابەشکردنی فەڵەستین ناسراوە. بەپێی ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییە ئەوا خاکی فەڵەستین دابەشدەکرێت بەسەر دوو بەش؛ دەوڵەتی ئیسرائیل کە ٥٤.٧٪ و دەوڵەتی فەڵەستینیی عەرەبی ٤٤.٨٪ی ئەو خاکەیان بەردەکەوێت، ٠.٥ی خاکەکەش، کەقودس و بەیت لەحمە لەلایەن دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەچێت. جووەکان ئەم بڕیارەیان قبوڵکردو کردیان بەبنەمایەک بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتەکەیان و عەرەب قبوڵی نەکرد. لەئەنجامدا لە ١٩٤٨و دوای سەربەخۆیی ئیسرائیل، جەنگی عەرەب (میسر، ئوردن، سووریا، عێراق، لوبنان، سعودییە...)و ئیسرائیل هەڵگیرسا.
دوای کەمتر لەساڵێک جەنگەکە کۆتایی دێت بەسەرکەوتنی ئیسرائیل و شکستی دەوڵەتانی عەرەبی. ئیسرائیل بەم جەنگە دەڵێت «جەنگی سەربەخۆیی» و عەرەب پێی دەڵێت نسکۆ «النكبە». یەکێک لە رووداوە گرنگەکانی ئەم جەنگە بریتی بوو لەوەی کەئیسرائیل تەنیا بە ٥٤.٧ی خاکی فەڵەستین، کە بەپێی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان پێیدرابوو، نەوەستا. بەڵکو توانی رووبەری وڵاتەکەی بگەیەنێتە ٧٨٪ی خاکی فەڵەستین. دوای جەنگەکە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین دەچێتە ژێر دەسەڵاتی ئوردن و کەرتی غەززە دەچێتە ژێر دەسەڵاتی میسر. هەر لەسەرەتاوە عەرەب هەڵەیەکی گەورە دەکات کەبڕیاری ١٨١ی نەتەوەیەکگرتووەکان قبوڵ ناکات. دەبوو ئەوکات رازی بن بەوەی لەسەر رووبەری ٤٤.٨٪ی خاکی فەڵەستین دەوڵەتێک درووستبکەن و پاشان ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل بکرێت بەململانێی نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، نەک نێوان دەوڵەتێکی بەهێزو سەربەخۆی وەک ئیسرائیل لەگەڵ فەڵەستینییەکان. دواتر ئاماژەی زیاتر دەکەم بەهەڵەی عەرەب لەڕەتکردنەوەی بڕیاری ١٨١.
ئەوەی ئاگاداری وردەکاری و مێژووی سەرەتاکانی ئەم پرسە بێت، دەرک بەوە دەکات، وەک سەرەتا ئاماژەی پێدرا، کەپرسی فەڵەستین لەدوای جەنگی ٤٨ تاسەرەتاکانی ساڵانی شەستەکان، زیاتر پرسی ئاوارەو پەنابەرە فەڵەستینییەکان و پرسێکی مرۆیی بوو وەک لەپرسێکی نەتەوەیی و سیاسی و نیشتیمانی. میسر، بەتایبەت لەسەردەمی جەمال عەبدولناسری ناسیۆنالیست، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەوەی کەدۆزی فەڵەستین بەتەواوی بکات بەدۆزێکی سیاسی و نەتەوەیی. دەتوانرێت بوترێت ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت دۆزی فەڵەستین، یەکێک لەڕابەرو تەنانەت درووستکەرە سەرەکییەکانی جەمال عەبدوڵناسری سەرۆکی میسر بوو. جگە لەوەی کە میسر چوار جار بە فەرمی چووەتە جەنگی تەقلیدی و فراوانەوە بەرامبەر بەئیسرائیل. هەر میسر رۆڵی سەرەکی هەبوو لەبیرۆکەو پڕۆژەی درووستکردنی رێکخراوی رزگاری فەڵەستینیی لە ١٩٦٤.
وەچەرخانی دووەم بریتییە لەجەنگی ١٩٦٧ لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی (میسرو سووریاو ئوردن...). دەکرێت بوترێت ئیسرائیلی ئەمرۆ، بەم هێزو جوگرافیاو پێگەیەی ئێستا هەیەتی، تاڕادەیەکی زۆر بەرهەمی ئەم جەنگەیە. ئیسرائیل لەم جەنگەدا توانی تەواوی خاکی فەڵەستین بگرێت بەکەناری رۆژئاواو کەرتی غەززەوە، پاشان دەستی بەسەر سینا لەمیسرو جۆلان لەسوریا گرت. هەربۆیە عەرەب بەم جەنگە دەڵێت شکست «النكسە»، لەسەر ئاستی جیهانیش بەجەنگی شەش رۆژە ناسراوە، چونکە ئیسرائیل ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی تەنیا لەماوەی شەش رۆژدا بەدەستهێنا.
ئەم جەنگە لێکەوتەی زۆر گەورەی هەبوو کە تائەمڕۆش بەردەوامە، لەوانە: ١. ئەم جەنگە وێنەی ئیسرائیلی لەبەردەم جوو و عەرەب و جیهانیش گۆڕی. ئیسرائیل لەم جەنگەوە بوو بەدەوڵەتێکی بەهێز کەئیتر بەزاندنی ئەستەمە. متمانەیەکی گەورەی بەدەستهێنا لای جووەکانی جیهان. ورەی عەرەبی زۆر دابەزاندو ئیتر ویست و بیرۆکەی سڕینەوەی ئیسرائیلی کردە مەحاڵ لای دەوڵەتانی عەرەبی. چونکە ئیسرائیل لەم جەنگەدا ئەو پەیامەی دا بەعەرەب و جیهان، کەئیسرائیل نەک تەنیا دەتوانێت خاکی خۆی بپارێزێت، بەڵکو دەتوانێت خاکی دەوڵەتانی تری عەرەبیش لەماوەیەکی کورت داگیربکات. لەسەر ئاستی جیهانیش ئیسرائیل بوو بەدەوڵەتێک کەنموونەیە بۆ بەهێزی و سەرکەوتن. ٢. نەک هەر مافی ئیسرائیلی چەسپاند لەوەی دەوڵەتێکی هەبێت لە ٥٤.٧٪ی رووبەری خاکی فەڵەستین، بەڵکو مافی ئیسرائیلی چەسپاند لە ٧٨٪ی رووبەری خاکی فەڵەستین، کەزۆر زیاترە لەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێیاندابوو (دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەم خاڵە). ٣. سەربەخۆیی و مانەوەی ئیسرائیلی وەک دەوڵەت کرد بەفاکتێک کەئیتر گفتوگۆی لەسەر ناکرێت. ٤. گرتنی سینا بوو بەکارتێک بەدەست ئیسرائیلەوە دژ بەدووژمنە هەرە سەرسەخت و بەهێزەکەی کەمیسرە، کەدواتر ئەو کارتە بووە هۆکارێک بۆ رێککەوتننامەی کامپ دێڤد لەگەڵ میسر کەوەرچەرخانی سێیەمە لەدۆزی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل.
وەچەرخان و رووداوی سێیەم بریتییە لەمۆرکردنی رێککەوتننامەی کامپ دێڤد لەنێوان ئیسرائیل و میسر لە ١٩٧٨. بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە میسرو ئیسرائیل ئیتر کۆتاییان بەدۆخی جەنگ و ململانێ هێناو دەستکرا بەدرووستکردنی پەیوەندی دبلۆماسی و بازرگانی لەنێوان هەردوو دەوڵەت. میسر وەک یەکەم دەوڵەتی عەرەبی دانی نا بەدەوڵەتی ئیسرائیل، ئەمە دەستکەوتێکی مێژوویی بوو بۆ ئیسرائیل. لەبەرامبەردا ئیسرائیل سینای دایەوە بەمیسر. ئەم رووداوەش لێکەوتەی گرنگی هەبوو و تائەمڕۆش بەردەوامە، لەوانە:
١. وەک سەرەتا ئاماژەی پێکرا، میسر بەڕابەرو درووستکەری سەرەکی دۆزی فەڵەستین دادەنرێت، توندترین و بەهێزترین نەیاری ئیسرائیل بوو... کاتێک ئەم دەوڵەتە رێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و دان بەدەوڵەتی ئیسرائیل دەنێت، واتە گۆڕانکارییەکی مێژووی و دەگمەنە بۆ دۆزی ئیسرائیل و فەڵەستین. چونکە بەهێزترین دەوڵەتی عەرەبی چووە دەرەوەی ململانێی ئیسرائیل و عەرەب. ٢. لەدوای ئەم رێککەوتنە، هیچ جەنگێکی گشتگیری ئیسرائیل و عەرەب، هاوشێوەی جەنگەکانی ٤٨ و ٦٧ و ٧٣ رووینەدا. واتە کۆتاییهاتن بوو بەجەنگی ئیسرائیل و عەرەب. ٣. گورزێکی بەهێز بوو لەفەڵەستینییەکان و رێکخراوی رزگاری فەڵەستینی بەوەی کە نەک بەهێزترین پاڵپشتی و هاوپەیمانیان، بەڵکو رابەرەکەیان چووە دەرەوەی ململانێکە. ئەمەش دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ روودانی وەرچەرخانی چوارەم کەڕێککەوتننامەی ئۆسلۆی ١٩٩٣. ٤. کامپ دێڤد بووە سەرەتای ئەوەی کەئیتر رێککەوتننامەی ئاشتی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، یاخود درووستکردنی پەیوەندی دبلۆماسی و بازرگانی و سیاسی... لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبییەوە، ببێتە رووداوێکی ئاسایی. بۆیە دەکرێت کامپ دێڤد وەک هۆکارێکی سەرەکی دابنرێت بۆ رێککەوتننامەکانی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئوردن و ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل.
وەچەرخانی چوارەم بریتییە لەڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ لە ١٩٩٣ لەنێوان ئیسرائیل و رێکخراوی رزگاری فەڵەستینی کە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و نەتەوەیەکگرتووەکان و گروپە فەڵەستینییەکانیشەوە وەک تاکە نوێنەری فەرمی و شەرعی دۆزی فەڵەستین دانی پیانراوە. هەروەک چۆن لە(کامپ دێڤد)دا بۆ یەکەمجار دەوڵەتێکی عەرەبی دانی بەئیسرائیلدا نا وەک دەوڵەت، لەڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ، تەنانەت لەوەش گرنگتر روویدا، ئەمجارە فەڵەستینییەکان دانیان بەئیسرائیلدا نا. خاڵێکی زۆر گرنگ، ئەو دانپێدانانە بەئیسرائیل بەپێی سنوورەکانی پیش جەنگی ٦٧-ە، واتە خودی فەڵەستینییەکان رەزامەندییان پیشاندا کەدەوڵەتی ئیسرائیل لە ٧٨٪ی رووبەری خاکی فەڵەستین پێکبهێنێت و لەبەرامبەردا دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر رووبەری ٢٢٪ی خاکەکە درووست بکرێت. ئەمەش بەچارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل دادەنرێت. سەرەتا کە ئاماژەدرا بەوەی عەرەب هەڵەی کرد بڕیاری ١٨١ی نەتەوەیەکگرتووەکانی قبوڵ نەکرد، چونکە فەڵەستینییەکان و عەرەب ١٩٤٧ قبوڵیان نەبوو کەدەوڵەتێک لەسەر رووبەری ٤٤.٨٪ی خاکەکە درووستبکەن، بەڵام لە ٩٣ بە ٢٢٪ رازی بوون! ئینجا ئیسرائیل تائەمرۆ ئەوەشی قبوڵنەکردووەو لەئێستادا فەڵەستینییەکان ئەوپەڕی ١٠ی خاکی فەڵەستینیان بەدەستەوە ماوەو لەوەشدا لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە ئیسرائیل زاڵە بەسەریدا.
ئەم چوار رووداوو وەرچەرخانە کڕۆکی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل پیشاندەدەن. لەمەوە دەردەکەوێت چۆن ئیسرائیل هەنگاو بەهەنگاو، زیرەکانەو بەوردی بەئامرازی سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی... مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە. چۆن سەرەتا لەڕێگەی جەنگەوە خۆی دەهێڵێتەوەو نەیارەکانی دەشکێنێت و ورەیان دادەڕوخێنێت، پاشان میسر وەک سەرەکیترین و بەهێزترین نەیاری خۆی دەخاتە دەرەوەی ململانێکە، ئینجا فەڵەستینییەکان لاواز دەبن و ناچارن بەوە رازی بن کە دان بەئیسرائیل بنێن لەسەر ٧٨٪ی خاکی فەڵەستین کەسەرەتا تەنیا دەیانوویست ئیسرائیل بسڕنەوە. تێگەیشتن و زانینی سیاسەت و مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ ئەم چوار رووداو و وەرچەرخانە گرنگەدا، هاوکار دەبێت بۆ تێگەیشتن لەسیاسەتی ئیسرائیل لەئێستاو ئایندە. هاوکات ئەگەر لەو باکگراوندە مێژووییەوە بڕوانینە جەنگەکەی ئێستای ئیسرائیل و حەماس تیگەیشتنێکی روونترمان دەبێت بۆ ئەو جەنگە.