لەدهۆك 15 هەزار کورتەباڵا بێ مووچەن
10 مانگ لەمەوپێش
عەمار عەزیز - دهۆك
"زیاتر لەپێنج ساڵە مامەڵەكانم تەواو بووەو هیچ كێشەیەك لەفایلەكەی مندا نیە، هەموو مانگێك دەچمە بانك لێیان دەپرسم ناوەكەی من گەڕاوەتەوە بەدەستبەتاڵی دەگەڕێمەوە ماڵ" ئەمە قسەی ئەڤین خالد، كۆرتەباڵایە لەشاری دهۆك دەژێت ئاواتی ئەوەیە مووچەی بۆ ببەسترێت تا بەشێك لەپێداویستییەكانی رۆژانەی خۆی پێ دابین بكات.
خەریكە كەمئەندامانی دهۆك بەیەكجاری بێهیوا دەبن لەگەڕانەوەی ناوەكانیان، 10ساڵی رێكە چاوەڕێی ئەوەن مووچەیان بۆ ببەسترێت بەڵام بەبیانوی نەبوونی پارەو كەمی داهات وەزارەتی دارایی تائێستا ئامادە نیە بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەیان بۆ بدات، ئەوان سەردانی هەموو شوێنێكیان كردووە بەڵام تەنها بەڵێنیان پێدراوەو تائێستا گیرفانیان گەرم نەبووەتەوەو هەموو جار بەدەستبەتاڵی گەڕاونەتەوە.
ئەڤین خالد، تەمەن 30 ساڵ ، دانیشتووی شاری دهۆكە خۆی و خۆشكێكی كۆرتە باڵان ، زیاتر لەپێنج ساڵە مامەڵەكانی وەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی تەواوكردووەو هیچ كێشەیەك لەفایلەكەیدا نیەو تائێستا ناوەكەی نەگەڕاوەتەوە بەهاوڵاتی وت: باش بیرم نایەت بەڵام دەزانم زیاتر لەپێنج ساڵە هەموو مامەڵەكانی من كە پەیوەستن بەوەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی تەواوبووە بەپشكنینی پزیشكییەوە، هەموو مانگێك سەردانی بانك دەكەم و لێیان دەپرسم ناوەكەم نەگەڕاوەتەوەو بەدەستبەتاڵی دەگەڕێمەوە ماڵ، خوشكێكی من بەهەمانشێوە پێكەوە مامەڵەمان پێشكەشكرد هی ئەویش نەگەڕاوەتەوە".
لەخێزانەكەی ئەڤین تەنیا برایەكی لەپیشەسازی ئۆتۆمبێل ئیش دەكات، هیواو ئاواتی ئەو ئەوەیە ناوەكەی بگەڕێتەوەو ببێتە خاوەن مووچەیەكی 150 هەزار دیناری، زیاتر وتی : ئێمەی كورتەباڵاو كەمئەندام زیاتر لەهەموو كەسێك پێویستمان بەهاوكارییە، بۆیە دەبێت حكومەت هاوكاریمان بكات بەلایەنی كەمی وەزارەتی دارایی مووچەمان بۆ ببەستێت تائێمەش بتوانین بەشێك لەپێداویستیەكانی رۆژانەی خۆمان بەو پارەیە دابین بكەین، لەوانەیە كچێكی تر بتوانێت لەدەرەوە ئیش بكات بەڵام بۆ خۆمان قورسەو هەلی كار زۆر كەمە، دەتوانم بڵێم بۆ ئێمە هەر نیە، داواكاریمان ئەوەیە بەزووترین كات حكومەت كێشەكەمان چارەسەربكات".
لەسنوری پارێزگای دهۆك تائێستا 15 هەزار كەمئەندام چاوەڕێی وەزارەتی دارایین، بەقسەی بەرپرسی كۆمەڵەی كەمئەندامانی دهۆك مامەڵەكانی ئەوان تەواوبووە تەنها چاوەڕێی رازەمەندی وەزارەتی دارایین .
نسرەت بۆتی ، بەڕێوەبەری كۆمەڵەی كەمئەندامانی لقی دهۆك بەهاوڵاتی ی وت " لە 2014وەو بەتایبەت لەدوای هاتنی چەكدارانی داعش مامەڵەكانی ئەو كەمئەندامانەی كە راپۆرتی پزیشكی و تەواوی بەڵگەكانی پێویست ئامادەكراون و تەواو بووە ، ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار كەمئەندامن كە 10 ساڵی رێكە چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەن ، تەنها ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی رازیبوونی خۆی لەسەر دەربكات و پارەیان بۆ خەرج بكرێت"
"هیچ كێشەیەك لە دۆسییەكانیاندا نییە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی دهۆك تادەگاتە ئاستی وەزارەتی كارو كاروباری كومەڵایەتی ئاگاداری بابەتەكەن، بەم دواییە لەكاتی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دهۆك یەكێك لەداواكاری سەرەكی ئێمە ئەوە بوو كەمووچە بۆ ئەو كەمئەندامانە ببەسترێت، هەموو بەرپرسانی پەیوەندیدار بەدۆسیەكە ئیمزایان لەسەر كردووە، بەڵام تائێستا رەزامەندی وەزارەتی دارایی نەدراوە" نەسرەت بۆتی وای وت.
لەسنوری پارێزگای دهۆك 29هەزار كەمئەندام هەن، لەم ژمارە تەنها 14 هەزار كەمئەندام مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن.
نسرەت بۆتی دەشڵێت: بەدواداچوونی وردمان لەسەر بابەتەكە كردوە، هەروەها باسی ئەم بابەتەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕوون و ئاشكرا كردووە تاوەكو چارەسەربكرێت بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە، كەمئەندامەكانی تریش هەر 35 بۆ 40 رۆژ جارێك تەنها 150 هەزار دینار وەردەگرن، كەئەمەش بڕەكەی زۆر كەمەو پێویستە زیاد بكرێت چونكە ئەوان وەكو كەسانی تر نین ناتوانن هەموو ئیشێك بكەن".
شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی بەهاوڵاتی وت : پرۆسەی تۆماركردنی كەمئەندامان لەسنوری پارێزگای دهۆك بەردەوامە، لیژنەی پزیشكی بەردەوام پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكات كەمامەڵەی پێشكەشكردووە تاهەموویان تەواو نەبن، ئێمە رەوانەی وەزارەت ناكەین، جگە لەو كەسانەی كەپێشتر مامەڵەكانی خۆیان تەواوكردووەو مانگانە مووچە وەردەگرن، 10 هەزار كەمئەندامی تر مامەڵەی خۆیان پێشكەشكردووە، لەم ژمارەیە چوار هەزار فۆرم تەواوبووەو ئامادەیە رەوانەی وەزارەتی بكەین، ،6 هەزاری تر ماون كەهێشتا لیژنەی پزیشكی بڕیاریان لەسەر نەداوە كەئایا رێنماییەكان ئەوان دەگرنەوە یاخود بەپێچەوانەوە".
شێرزاد حەمید ، دڵنیایی دەداتە كەمئەندامان و زیاتر وتی: لەگەڵ وەزارەتی خۆمان بەردەوام لەسەر خەتین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەمئەندامان، ئێمەش حەزدەكەین هەموویان مووچە لەكاتی خۆیدا وەربگرن چونكە دۆخی ژیانیان لەگەڵ خەڵكی تر قورسترە بەڵام حكومەت كۆمەڵێك رێنمایی دەركردووە دەبێت بەپێی رێنماییەكان بن".