فێرنەبوون لەهەڵە؛ گەمژەییە
10 مانگ لەمەوپێش
سامانی وەستا بەکر
فێرنەبوون لەهەڵە گەمژەییە، داننەنانیش بەدۆڕانا دوو دۆڕانە
لەمێژەوە نەریتێکی ناشرین و هەڵە بووەتە هۆکاری داخورانی جەستەی کۆمەڵگەی کوردی بەجۆرێک کە بووەتە هۆکاری پاشەکشێی کورد لەزۆربەی ئاستەکاندا ئەگەر نەشڵێین هەمووی.
هەڵە:
هەلە یان مامۆستای فێربوون. هەڵە یەکێکە لەو چەمکانەی کەوەک هەر چەمکێکی تر بوونی هەیە، بۆ نموونە هەروەکچۆن «سەرکەوتن، باشکردن، راستکردن...هتد» بوونیان هەیە، هەرواش هەڵەکردن بوونی هەیەو بەشێکە لەسروشتی مرۆڤ بوون.
هەڵە کاتێک روودەدات کەمرۆڤ هەستێ بەکارێک، بەکردارێک یان گفتوگۆیەک، واتا تامرۆڤ جووڵەنەکات هەڵەش ناکات هەرچەندە هەر خودی جووڵەنەکردنیش هەڵەیە، کەواتە هەڵەکردن ئەنجامی جووڵەی مرۆڤە بەئاڕاستەیەک، سەرەنجام یان باش دەیکات یان چەوت-هەڵە.
مرۆڤ بەبێ کاروکردارو جووڵە بوونی نابێ، هەڵەش ئەنجامی جووڵەی مرۆڤە کەواتە بۆ دەبێ مرۆڤ خۆی لێ بێبەری بکا؟
وەڵامەکەی ئەوەیە کە بەگشتی مرۆڤ سەرکەووتنی پێخۆشەو بەشکست بێزارەبێت، چونکە شکستیش دەرەنجامی هەڵەیە بۆیە بەشێکی بەرچاوی مرۆڤ خۆی لێ بێبەری دەکات و هەندێجاریش هەوڵێکی زۆردەیات تا پاساو بۆ هەڵەکە بدۆزێتەوە یان بیسوێ بەسەر کەسێکی ترا کەئەمەیان هەڵە گەورەکەیە، ئەو هەڵە گەورەیەیە کە دەبێ مرۆڤ شەرمی لێبکاو خۆی لێبپارێزێ، هەڵە سروشتییەکە نەکات بەهەڵەیەکی پلان بۆداڕێژراوو بەمەبەست چونکە هەندێجار دەکرێ وەک تاوان تەماشابکرێ.
راست، چەمکە دڵخوازەکە:
بەشی هەرە زۆری مرۆڤ تەنانەت ئەو مرۆڤانەش کەدڕندانەو نابەرپرسانە مامەڵەدەکەن، زۆر دڵخۆشدەبن ئەگەر پێیان بوترێ کارێکی راستت ئەنجامداوە، بەڵام ئەگەر پێیان بوترێ کارەکە هەڵەیە نیگەران و بێزاردەبن، ئەمە لەکاتێکدا کەکاری راست و سەرکەتوو دەرەنجامی هەڵەی پێشووترە.
بیرمان نەچێت کەهەڵە نە شکستە نە ئابڕووچوون بەڵکو سەرەتای کارە راستەکەیە بۆ هەستانەوە بۆ خەڵکانێک کە شێلگیرانە لەهەوڵی سەرکەوتندان. ئەوەی ناحە و ئابڕووبەرە ئەوەیە کەهەڵە بەمەبەست چەنبارە بکرێتەوە لەپێناوی دەستکەوتی کەسی، خێزان، گرووپ، خێڵ یان خێزان.
زیاتر درێژە بەسروشتی هەڵەو جیاوازی نێوان جۆرەکانی هەڵە نادەین بەڵکو زیاتر باس لەو هەڵەیە دەکەین کە بووەتە مخۆرکەی فێربوون لەهەڵەو رێگرە لەپێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی کەئەویش ترسە لەهەڵەو گۆڕینی «هەڵەی ساناو ساکاری هاوڕێی بوون» بە «هەڵەی پلان بۆداڕێژراوو بەمەبەست»، بۆیە لێرەوە دەتوانین دەرگایەک لەسەر ئەو هەڵە ستراتیژی و دەستکردانەی ٣٢ ساڵی حوکمداری کورد لەباشوری کوردستان بکەینەوە.
سی ساڵ لەهەڵە:
بەشێک لەو هەڵە ستراتیژیانەی کەدەسەڵاتداری کورد لەباشور لەماوەی ٣٢ ساڵی رابردووا کردوونی:
١. قبوڵنەکردنی براوەو دۆڕاو دوای ئەنجامی هەڵبژاردن، چەسپاندنی پەنجا بەپەنجا کە بووە هۆکاری لەدایکبوونی حکومەتی هەرێم بەئیفلیجی و خاڵی سەرەتای کۆتایی دەوڵەتی موئەسەسات.
٢. شەڕی ناوخۆ.
٣. دوو ئیدارەیی و لەتکردنی هەرێم بۆ دوو زۆن و چەسپاندنی سنوری دێگەڵە.
٤. دواخستنی هەڵبژاردن و نەکردنی لەکاتی خۆیدا.
٥. تەزویرو دەستکارکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن.
٦. نەبوون و خۆدزینەوە لەنووسینەوەی دەستور.
٧. لەبری نووسینەوەو دروستکردنی زمان و رێنووسی کوردی هاوبەش و ستاندارد، رێگەدان بەبەکارهێنانی زمانی ناوچەو شارە جیاجیاکان لەفێرگەکاندا.
٨. پیرۆزکردن، دێواندن و بێهاوتای هەندێک کەسایەتی کەگوایە ناکرێ شوێنیان پڕبکرێتەوە.
٩. کردنەوەی زانکۆی زۆرو بۆر بەمەبەستی بازرگانی و دابەزاندنی ئاستی زانستی و ئەو دەزگا گرنگە.
١٠. چەسپاندنی چەند خێڵێک بەسەر کۆمەڵگادا، پیرۆزکردنی ماڵبات بەسەر حزب، جێگیرکردنی مۆڵکداری خێزان و کەسایەتی بەسەر لوتکەی دەسەڵاتی حزب و حکومەتدا.
بێگومان ئەمە مشتێکە لەخەروارێک و وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە ئەمانە بەشێکن لەهەڵە ستراتیژییە کوشندەکان ئەگەرنا چەندین هەڵەی پلان بۆدارێژراوو ساویلکانەی تر هەن کەکراوون، بەڵام دەکرێ بوترێ کەئەم هەڵانە باوکی کۆی هەڵەکانی ترن.
لای کورد واباوە دەوترێ گەورە ئاوەڕژێنێ و بچووک پێی تێدەخشێنێ، پارتی و یەکێتی دەستیانپێکردو حزبەکانیش لەوان لاسارتر هەڵەکانیان چەندبارە کردەوە. هەڵبەتە کاتێک تەماشای ئۆپۆزسیۆنە بێدەسەڵات و پۆپۆلیستەکان دەکەی راستەوخۆ دەبێ بڵێی «هەزاران دروود لەکفن دز».
فێرنەبوون لەهەڵە:
٣٢ ساڵ کاتێکی هێندە زۆرە کە لەمێژووا، نموونە هەن کە بەکاتی لەوەش کەمتر دەوڵەت لەدوای وێرانەی جەنگەوە باشتر دروستکراوە وەک ئەڵمانیا، دەوڵەتیش لەهەژاری و داڕمانەوە بووەتە یەکێک لەئابورییە گەورەکانی جیهان نموونەی سەنگاپورە.
وێرای ئەو داڕامانە ئابوری و نەبوونی موئەسەسات و دوو ئیدارەیی....هتد بەڵام بەردەوام لەبڵاوکراوەکانی دەسەڵاتداران و حکومەتدا باس لەسەرکەوتن و گەشانەوە دەکرێت، کەئەمش بەڵگەنەویستە بۆئەوەی لەوە تێبگەی کە دەسەڵاتدارو حکومەت و حزبەکان شەرم لەداننان بە هەڵەدادەکەن و نەک ئامادەنین بەڵکو پشتیشیان کردووەتە ئەو هەڵە زەقانەی کەکراون و دەکرێن و تەنها مانەوەی خۆیان لەپۆست و پایەکانیان بەسە بۆ تێرکردنی حەزە کەسییەکانیان و ئامادەی سودوەرگرتن و راستکردنەوەی هەڵەکان نین.
کەواتە دەتوانرێ بوترێ کەدەسەڵاتدارو حکومەتی هەرێم، حکومەتێکی بێکارو کردارە چونکە هەست بەهەڵەکانی خۆیان ناکەن ئەمەش سەلمێنەری ئەو هاوکێشەیەی سەرەوەیە کەدەڵێ «هەڵە ئەنجامی جوڵە، کار، کردارو گفتوگۆیە»، بەواتایەکی تر کاتێک دەسەڵاتدارو حکومەت دان بەهیچ هەڵەیەکدا نانێن واتا دانیش بەوەیا دەنێن کەموئەسەسەیەکی بێکار، کردار، جوڵەو گفتوگۆن.
تێبینی/ لەڕۆژهەڵاتی ناوینا بەگشتی هەڵەکردن هاوتاکراوەتەوە بەشکست هەر لەبەرئەوەشە دانی پیادانانرێ.
رەخنەگرتن لەدیموکراتی:
بێگومان دیموکراتیش وەک هەر چەمکێک یتر دوور نییە لەڕەخنە و وەک ئەوەی باوەو دەوترێ «باشترین هەڵبژاردەی خراپەکانە» بەڵام نابێ بیریشمان بچێ کە تائەمڕۆش جێگرەوەی چەمکی دیموکراتی نەدۆزراوەتەوە.
سود وەرگرتن لەدیموکراتی گەورەترین تاوانە بەئاڕاستەی هەڵەو دۆزینەوەی کەلێن لەناو چەمکی دیموکراتیدا بۆ چەسپاندنی حەزی مانەوە لەدەسەڵات، کە کورد لەباشور زۆرترین سودی لەو کەلێنانە وەرگرتووە.
ئەگەر رەخنەیەک لەدیموکراتی هەبێ دەبێ بۆ باشوری کوردستان ئەوەبێ کەزۆربەی نەهامەتییەکانی لەڕێگەی سندووقەکانی هەڵبژاردنەوە رووبەڕووی بوونەتەوەو سوود لەدیموکراتی وەرگیراوە بۆ گەیاندنی کۆمەڵگە بەم ئاستە.