نیشتیمانی زەوتكراو

10 مانگ لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر
لەدادگاییكردنی سەدام و پیاوانی رژێمی بەعس لەدۆسیەی كۆمەڵكوژی (دوجەیل) دادگا بڕیاریدا كەسوكاری قوربانیانی ئەو تاوانە گەورە، لەموڵك و سامانی تۆمەتبارانی ئەو تاوانە گەورەیە قەرەبووی ماددی بكرێنەوە. بۆئەم مەبەستە داوایان لەحكومەت كرد تا بزانن موڵك و سامانی سەدام و پیاوانی رژێم چییە، بەڵام دوای گەڕان و پشكنین دەركەوت سەدام و پیاوانی رژێم شتێكی ئەوتۆیان بەناوەوە نییە، زۆربەیان تەنها یەك موڵكیان بەناوەوە بوو، بۆیە دادگا نەیتوانی لەو رێگەوە قەرەبوی كەسوكاری قوربانیانی دوجەیل بكاتەوە.
سەیرە، سەدام و سەركردایەتی رژێمەكەی سەرباری دڕندەیی و ستەمكارییان، بەڵام زۆربەیان تەنها یەك موڵكیان هەبووە! كەچی بەناو شۆڕشگێڕانی دوێنێ و میراتگرانیان لەكوردستان ئەم وڵاتەیان هەڕاجكردو چارەنوسی نەوەی ئێستاو داهاتوویان كردە قوربانی بۆخۆیان و خانەوادەكانیان. بۆیە هەر پرۆژەیەك، كۆمپانیای نەوت، باڵەخانەیەكی بەرز، كۆشكێكی باڵا، نەخۆشخانەی ئەهلی، قوتابخانەی نێودەوڵەتییت  لەم وڵاتە بینی، بەدووری مەزانە هی شۆڕشگێڕێكی دوێنێ یان میراتگرێكی بێت! 
شۆڕشگێڕانی دوێنێ بەركەوتەو ئیستیحقاقی چەك هەڵگرتنی خۆیان برد، با چیتر منەت بەسەر ئێمەوە نەكەن. چیتر باسی چەكهەڵگرتن و داستانەكانمان بۆ نەكەن. ئەوەی ئەوان كردیان رزگاركردنی نیشتیمان نەبوو، بەڵكو تاپۆكردنی نیشتیمان بوو لەسەر خۆیان و میراتگرانیان! ئەوەی ئەوان كردیان رزگاركردن نەبوو، بەڵكو داگیركردنی نیشتیمان بوو! بۆیە زۆربەی هەرە زۆریان ببینن خاوەنی كۆشك و تەلارو ڤێلاو كۆمپانیاو پرۆژەی زەبەلاحی وەبەرهێنانن، بەڵام بەوەوە نەوەستاون، ئێستا نەوەكانیان داوای زیاترمان لێ‌ لێدەكەن، بۆیە دەبینین نەوەی یەكێك لەو (بەناو) شۆڕشگێڕانە گلەییمان لێدەكات و دەڵێت " ژینگەیەكی گونجاومان بۆ نەڕەخساوە تا زیاتر وەبەرهێنان بكەین"...؟!
تێبینی: مەبەست لەشۆڕشگێڕانی دوێنێ ئەو توێژە دەستڕۆیشتوو كاربەدەستەی كوردستانە كە ئەمڕۆ خۆیان و میراتگرانیان بوونەتە بارێكی گران بەسەر ئەم میللەتە.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار