وتەبێژی كەجەكە بۆ هاوڵاتی: پارتی لەسەر شوێن و جوڵەی گەریلاكانمان زانیاری دەداتە سوپای توركیا

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی كەجەكە رایگەیاند چەكدارانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر شوێن و جوڵەی گەریلا زانیاری هەواڵگری دەداتە سوپای توركیاو چەند رۆژی رابردووش ئەحداسیاتی دوو سەیارەی ئێمەیاندا بەسوپای توركیاو لە ئەنجامدا بوونەتە ئامانجە فڕۆكەی جەنگییەكانی توركیا و لەناوچوون. دەشڵێت پارتی رێگا بۆ سوپای داگیركەر دروست دەكات و ئیمكانیاتی لۆجیستییان بۆ دابین دەكات و پاسەوانیشیان بۆ دەكات و بریندارەكانیان تیمار دەكات و دەیانگوازێتەوە.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەوەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەی هاوڵاتی سەبارەت بەڕاستی ڕوداوەكانی شەڕی پێشمەرگەو گەریلا وتی "چەند رۆژێك لەمەو پێش لە چاپەمەنی باشوری كوردستاندا بەڵگەیەك بڵاوكرایەوە كە تیایدا فەرمان بە هێزە چەكدارەكانی پەدەكە كرابوو لە هەر شوێنێك گەریلایان بینی بێ دوودڵی تەقەیان لێبكەن و شەهیدیان بكەن، بێگومان ئەمە تەنیا فەرمانێكی سەربازی نییە، بۆچوون و هەڵوێست و سیاسەتێكی بەرنامەبۆداڕێژراوە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركیا و پەدەكەوە".
وتیشی" گەرچی پەدەكە نكۆڵی لەم بەڵگەیە كرد، بەڵام لە كردەوەدا راستییەكەی بۆ هەموو كەسێك ئاشكرابوو، دوو رۆژ پاش ئاشكرابوونی ئەم بەڵگەیە، چەكدارانی پەدەكە لە شوێنێك كە لەساڵی ١٩٨٢ەوە رێگەی هاتووچووی هەڤاڵانی ئێمەیە، شانبەشانی سەربازانی توركیا لە گوندی سەرگەڵێ ئامێدی بۆسەیان داناو تەقەیان لە هەڤاڵان كرد، لەم بۆسەیەدا دوو هەڤاڵمان بریندار بوون".
وتەبێژی كەجەكە ئەوەشی وت"هاوكات چەكدارانی پەدەكە ئەحداسیاتی دوو سەیارەی ئێمەیاندا بەسوپای داگیركەری تورك و لەئەنجامدا بوونە ئامانجە فڕۆكەی جەنگییەكانی توركیاو لەناو چوون،ئەمە نموونەیەكی زۆر ئاشكرای هاوكاری پەدەكەو توركیایە دژ بە گەریلا.
"بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سەر بە پەدەكە سوپای توركیا بۆی هەیە بە دەیان كیلۆمەترە بێتە ناوەوەی هەرێمی كوردستان، بەسەدان دەبابە و تۆپ و سەیارەی سەربازی لە دەوروبەری ئامێدی جێگیر بكات و ئەمە هیچ مەترسییەك دروست ناكات، بەڵام گەریلا بۆی نییە بەرەنگاری ئەو داگیركەرانە ببێتەوە". زاگرۆس هیوا وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو "پەدەكە بۆ خۆی رێگا بۆ سوپای داگیركەر دروست دەكات، ئیمكانیاتی لۆجیستیكییان بۆ دابین دەكات، حەرەسیاتیان دەگرێت، لەسەر شوێن و جوڵەی گەریلا زانیاری و ئیستخباراتیان پێدەدات، بریندارەكانیان تیمار دەكات و دەیانگوازێتەوە، لەهەمانكاتیشدا بۆسە بۆ گەریلای ئازادی كوردستان دادەنێت و هێرشیان دەكاتە سەرو شەهید و برینداریان دەكات".
وتەبێژەكەی كەجەكە رەخنە لەسیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێت، دەشڵێت "ئەگەر پەدەكە هێزێكی كوردی بوایە پێویست بوو كارێكی پێچەوانەی ئەمەی كردبایە، بەڵام بەداخەوە بۆتە بەكرێگیراوی دەوڵەتی داگیركەری توركیاوەو ئەجێندای توركیا پێویستی بە چی بێت ئەوە جێبەجێ دەكات، ئەم سیاسەتەی پەدەكە نەك تەنیا زەرەر لە بەرژەوەندی هەموو كورد دەدات، بەڵكو هەبوونی كورد و نیشتمانی كورد دەخاتە بەردەم مەترسییەكی زۆر جیددیەوە".
لەبەشێكی تری لێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ هاوڵاتی ئەوەشی وت"بانگەوازمان هەیە بۆ رای گشتی، رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، كەسایەتییە كۆمەڵایەتیی و ئاینییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار بەشی كوردستان كە لە دژی ئەم كردەوانەی پەدەكە هەڵوێست وەربگرن".

