بەغدا؛ سێ برا دەستگیرکران کە خوشکەکانیان بە زنجیر بەستبۆوە
.png)
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە لەبارەی دەستبەسەرکردنی سێ کچ لەلایەن براکانیانەوە لە ناوچەی حوسیەنییەی پارێزگای بەغدا، ئەوانیش تیمێکیان رەوانەکردوە و سێ کچەکە ئازادکراون و براکانیان دەستگیرکراون.
فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی زانیاری و بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخەی لە ناوچەیەدا دروستبوە، مەفرەزەیەكی پۆلیسی فیدراڵی چونەتە شوێنێ روداوەكە و هەر سێ خوشكەكانی ئازادكردوە و براكانیشیان دەستگیركراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، بەپێی زانیارییە ئەمنییەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی، برای ئەو سێ کچە هەستاون بە بەستنەوەیان بە زنجیر و پاشان دەستبەسەرکردنایان لە ماڵەکەیاندا، بەهۆی چەند کێشەیەکی خێزانییەوە.
پۆلیسی فیدراڵ ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، كە بەهۆی مامەڵەی خراپ لەگەڵ خوشكەكانیاندا، نیشانەكانی لێدان و چەقۆیان پێوەدیارە و لە بارودۆخێكی سەختدا ژیاون، راشیگەیاندوە: دۆسیەكە رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار و یاسایی كراوە بۆ سزادانی تۆمەتباران.
