خانمانی‌ میدیاكار له‌به‌ر رۆشنیایی‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ

10 مانگ لەمەوپێش



سیروان غەریب

میدیای خاوهن پهیامی ئینسانی و پرۆفیشناڵ، بهوه ناناسرێتهوه كهدهیان كارمهند لهنێو هۆڵێكی گهورهدا لهسهر كۆمپیوتهر دانیشتبن و لایتین، مێزهكانی رهنگاوڕهنگ كردبێت، بهوه ناناسرێتهوه كهمووچهی كارمهندهكانی لهئاستی مووچهی بهڕێوبهری گشتی و وهزیر بێت، بهوه ناناسرێتهوه، كارمهندانی هاتووچۆ، پۆلیس، ئاسایش، دهزگا پهیوهندیدارهكان 24 كاتژمێر لهكارئاسانیدابن تاوهكو  زۆرترین سهبقی رۆژنامهوانیان ههبێت، ههروهك چۆن بهوهش ناناسرێتهوه  كهسیاسییهكانی وڵات بۆ چاوپێکەوتن  ریزیان  گرتبێت و تاوهكو نوێترین درۆ بۆ خهڵك بكهن. بهڵكو میدیای پڕۆفیشناڵ و خاوەن  پهیامی ئینسانی بهوه دهناسرێتهوه كه تاچ ئاستێك كارمهندان بهتایبهتی خانمان ههست بهمتمانه دهكهن  لەناویداو  دهرونیان ئارام و كهسایهتییان پارێزراوه.

كاتێك توێژینهوهكهی ئهمساڵی خاتوو ههژان خالید خوێندكاری دكتۆراو توێژهری سهنتهری میترۆ  كهتایبهته بهئاڵنگارییهكانی بهردهم خانمان لهنێو دامهزراوهكانی راگهیاندن دهخوێنیتهوه، بۆمان دهردهكهوێت  ئهوهی  دهرههق بهخانمانی میدیاكار لهنێو خودی دهزگاكانی راگهیاندن دهكرێت، هیچی كهمترنییه لهو پێشێلكاری و توندوتیژییانهی دهستدرێژییانهی رۆژانه بههۆی پیشهكهیانهوه لهنێو كۆمهڵگاو بنهماڵهو خهڵك و  ههندێك بهرپرسانهوه دهكرێته سهریان.

راسته لهههرێمی كوردستان لهماوهی 32 ساڵی رابردوودا ژنان بزوێنهری سهرهكی بواری راگهیاندن بوون، بهڵام داتاكان ئاماژهی مهترسیدارن. لهتوێژینهوهكهی خاتوو ههژاندا، دیوێكی تاریكی نێو میدیاكانی ههرێمی كوردستان دهبینین  كهتوێژهر  لهڕێگهی«راپێوی«ههڕهمهكییهوه لهنێو میدیاكارانی خانماندا كردوویهتی،  گهیشتۆته ئهنجامی ئهوهی جگه لهفشاره دهرهكییهكان، بهربهست و گوشاری گهوره لهشوێنی كاركردن لهبهردهم ژنان و كچاندا لهڕاگهیاندنهكان دروستبووه  كهخۆی له«جیاكار جێندهری و، ههراسانكردن، نزمی ئاستی بهشداری ژن لهپۆسته باڵاكانی میدیا، توندوتیژی« دهبینێتهوه.

توێژینهوهكه دهرئهنجامێكی روونی له 9 خاڵدا كورتكردۆتهوه، كه بهكورتییهكهی بریتییه لهمانه:

یهكهم: پۆسته باڵاكان لهڕاگهیاندنی كوردیدا لهلایهن هێزی كاری پیاوانهوه قۆغكراوه. دووهم: جیاكاری جهندهری واقعێكی روونه، سێههم: زۆرینهی كچان و ژنان پێیانوایه ههراسانكردن ئاستێكی بهرزی ههیه لهنێو میدیای ههرێمی كوردستان. چوارهم : زۆربهری رۆژنامهنوسانی ژن و كچ لهدامهزراوهكاندا جۆرهكانی توندوتیژی وهك جۆره ئاڵنگارییهكی گهورهی بهردهمیان ناودهبهن. پێنجهم: ئاستهنگی كلتورو تێگهیشتنی كۆمهڵگا لهبهردهم ژنان بۆ كاركردن لهدامهزراوهكاندا ئاستێكی بهرزه. شهشهم: زۆربهی دامهزراوهكان خاوهنی سیاسهتی نووسین نین سهبارهت بهیهكسانی جێندهری. حهوتهم: سیاسهت و رێنمایی نوسراو سهبارهت بهههراسانكردن لهزۆربهی دامهزراوهكانی راگهیاندن لهههرێمی كوردستان نییه. ههشتهم زۆربهی ژنان و كچان لهدامهزراوهكانی راگهیاندندا هیچ راهێنانێكی پیشهییان پێنهكراوه. نۆیەم: زۆرینهی بهرتویژان ئهوانهی بهشدارییان لهڕاپرسییهكه كردووه كه 98 كهسن، بههۆی یهكێك یان زیاتر لههۆكارهكانی «جیاكاری جێندهری، ههراسانكردن، نزمی ئاستی بهشداری ژن لهپۆستهكاندا، توندوتیژی، كهلتورو كۆمهڵگا، وازیان لهكارهكهیان هێناوه.

بههیوای ئهوهی باوهڕی بهمافی خانمان و هێزی تواناكانیان ههیهو بهرپرسی میدیاكانی ههرێمی كوردستانن ئهو دهرئهنجامانه شیبكهنهوهو دهستورێكی ههمیشهیی كهڕێگربێت لهو پێشێلكارییانه بۆ میدیاكانیان بنووسنهوه كهڕێگربێت لهپێشێلكارو توندوتیژی و ههراسانكردنی خانمان، چونكه بهر لهههموو شتێك میدیای بهرپرس بهڕێزی مرۆڤهكان پرۆفیشناڵ دهبێت و پهیامه راستهقینهكهی دهگهیهنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار