ڕاوێژکارێکی سەربازی ئێران لە دیمەشق کوژرا

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی تەسنیم-ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ بە هۆی هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ باشووری سوریا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە.

رۆژنامەی جۆرزالیم پۆست و رادیۆی ئەرتەشی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە "هێرشەکە کراوەتە سەر بنکەیەکی گەورەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق".

بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی تەسنیم لەم هێرشەدا کە کاتژمێر ٤:٢٠ بەیانی کراوەتە سەر ئەم بنکەیەی سوپای پاسداران، ئەندامێکی فەیلەقی قودس، سەر بە سوپای پاسداران کە کۆماری ئیسلامی وەک راوێژکاری سەربازی ناویان دەبات بە ناو (سەعید عەلیدادی ) کوژراوە.

ماڵپەڕی هەواڵی سوری کە ماڵپەڕێکی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی ناوەندە، رایگەیاند "بەرەبەیانی رۆژی هەینی هێرش کراوەتە سەر ناوچەی سەیدە زەینەب و ئەم ناوچەیە لە مانگەکانی رابردوودا چەندجار لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.

نوور ئەبوو حەسەن، رۆژنامەنووسێک لە باشووری سووریاوە نووسیویەتی "چەند شوێنێک لە نزیک (عەقرەبە) لەباشووری دیمەشق کراوەتە ئامانج".

رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا، گروپێکی دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەد کە بنکەکەیان لە بەریتانیایە و لەوێوە چاودێڕی رووداوەکانی سوریا دەکات ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم بەیانییەوە سێ کەس کوژراون ، یەکیان ئێرانییە و کەسێکتریان عێراقییە و کەسی سێهەم لە لایەنگرانی ئێرانە.

رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ زەینەبییەی دیمەشق، رەزی مووسەوی، ئەندامی باڵای سوپای پاسداران کوژرا، چوار هەفتە دواترپێنج ئەندامی سوپای قودس کە یەکێکیان سادق ئومیدزادە، بەرپرسی بەشی هەواڵگری سوپای قودس بوو بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە سوریا کوژران.

ناوەندی هەواڵی رۆیتەرز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی لەوەکرد، سوپای پاسداران بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی خۆی لە سوریا کێشاوەتەوە و زیاتر پشت بە هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان دەبەستێت لە ناوچەکە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار