ئهمریكا و بهریتانیا زنجیرهیهك هێرشی نوێیان كردهسهر حوسییهكان
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیای حووسییەکان دەڵێت، ئەمریکا و بەریتانیا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە یەمەن.
میدیای حووسییەکان ئەمڕۆ هەینی، 2-2-2024، بڵاویکردەوە، "ئەمریکا و بەریتانیای دووژمنکار سێ هێرشیان کردە سەر ناوچەی جەر لە پارێزگای حەجە لە باکووری رۆژهەڵاتی یەمەن" ، تا ئێستاش ئەمریکا و بریتانیا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیانەوە ئاشکرا نەکردوە.
پێشتریش عەبدولمەلیک حوسی سەرکردەی گروپی حوسییەکانی یەمەن لە پەیامێکدا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر یەمەن شکستی هێناوە و کاریگەرییان لێ ناکات و توانا جەنگییەکانیان کەمناکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەلێن دەدەن بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر دەریای سور و کەنداوی عەدەن، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل جەنگی غەززە رادەگرێت و گەماڕۆکان لەسەر ئەو ناوچەیە هەڵدەگیرێت، لە تشرینی دووەمی رابردووەوە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور کرد و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ گەلی فەلەستین."
دوایین هێرشی حووسییەکان دوێنێ پێنجشەممە بوو. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم بڵاویکردەوە، " درۆنێکی حووسییەکانی یەمەنیان خستەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت. "
هەرچەندە ئەمریکا هەڕەشەی لە حووسییەکان کردووە کە ئەگەر واز لە هێرشەکانیان نەهێنن، لە 16ی شوبات دەیانخاتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام حووسییەکان لە کردنە ئامانجی کەشتییەکان بەردەوامن.
لە 19ی تشرینی دووەمەوە حووسییەکان 30 جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتەسەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لانیکەم هەشت جار هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن.
ئهوهش لهكاتێكدایه دوێنێ پێنجشەممە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگهیاندبووه كه درۆنێکی حوسییەکانی یەمەنیان خستەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت.