حیکایەتەکانی ئەم سەردەمەی کورد

10 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

مەحمود سەعدەنی لەڕۆمانی پرسدا، بەسەرهاتی کابرایەکی نەخوێنەواری هەژار دەگێڕێتەوە کە لەیەکێک لەدامەزراوەکاندا دەرگاوانە.

دوای ماوەیەک ئوتێلەکەی تەنیشت شوێنێ کارەکەی سەرنجی رادەکێشێت کە ماوە ماوە کۆمەڵێ کەسی دەوڵەمەندو پۆشتەو دیار سەردانی دەکەن.

دوای پرسیار پێی ئەڵێن : ئەوانە کەسانێکی خاوەن پرس و داکۆکیکارن لەپرسە نەتەوەییەکان و بەبەردەوامی لێرە کۆنگرە دەبەستن و کۆبوونەوە دەکەن.

کەم کەم ئەویش تێکەڵیان ئەبێت و بە تێپەڕبوونی کات ئەویش دەبێت بەکەسێکی دیارو باڵای نێو پرسەکەو دەبێتە کەسێکی دەستڕۆیشتوو و خاوەن پارەو سامانێکی بێشوومار.

لەکاتی مەرگیدا بەیەکێک لەڕاوێژکارەکانی دەڵێت: ئامادەم نیوەی سامانەکەی خۆمت پێببەخشم ئەگەر بێتو پێم بڵەی ئەو پرسە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییە چی بوو کە بەدرێژایی تەمەنم لەپێناویا ژیام و هەوڵم بۆ دا، چونکە تائەم ساتە خۆیشم نازانم بابەتەکە چییەو هەوڵم بۆچی داوە!

گەر بێت و ئەم چیرۆکە شەن و کەو بکەین و بەدیدێکی قووڵ و دوور لەسۆز، خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانەی بۆ بکەین، ئەوا تێدەگەین چەتری بەسەرهاتەکە باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمەکەی خۆیشمانداو زۆر کەسی دەسەڵاتدارو خاوەن پێگەی حزبی و حکومی و دیاری سەرشاشەی تەلەفزیۆن و کۆمەڵگە، هەتا ئەوساتەی کەمەرگ یەخەیان ئەگرێت، نازانن ئەو بابەت و پرسە چی بوو کە بەدوایدا رایانکردووەو چاویان جگە لەو پارەو سامان و پیگەیەی کە لەمیانی پرس و مەرگەکەیان دەستیانکەوتووە، هیچی تری نەدیوە!

یا بەواتەیەکی تر ئاخۆ چەند کەسی پلەبەرزو پلە نزمی نێو سیاسەتی هەرێم لەسەرەمەرگدا پرسیار لەخۆیان و چواردەوریان بکەن : ئەرێ بەڕاست ئەو پرسە چی بوو کە من دوای کەوتبووم و بەناوییەوە کڵاوم کردبووە سەری خەڵکی؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار