حەشدی شەعبی ئاماری قوربانیانی هێرشەکەی ئەمریکای بڵاوکردەوە

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر بازگەکانیان لە عێراق  بڵاوکردەوە و بەرپرسانی ئەمریکاش هەڕەشەی بەردەوامیدان بەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە  3ی شوباتی 2024، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی هێرشە دووژمنکارییەکە"ی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان لە سنووری قەزای قائیمی رۆژئاوای عێراق، 16 کەسیان کوژراون و 36ی دیکە برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "گەڕان بەدوای ژمارەیەک تەرم بەردەوامە".

دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەم شوێنانە کردووە کە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج کە بریتین لە بارەگای گەڕۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و کەتیبەکانی پاڵپشتی لیوای 13 ( 7 کوژراو و 7 بریندار )؛ بارەگای پشتیوانیی لۆجستی(بریندارێک)؛ پێگەی تۆپی دوورهاوێژ (کوژراوێک و 4 بریندار)؛ پێگەی چەکدارانی زرێپۆش ( 3 کوژرا و 10 بریندار)؛ پێگەی کەتیبەی تانک ( 4 بریندار)؛  دوو پێگەی سەر بە لیوای 45 ( 11 بریندار)؛ نەخۆشخانەی عیسام بەلداوی ( 5 کوژراو).

لەم بارەیەوە  جۆی بۆچینۆ، وتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند "پێموایە هێرشەکان دەچنە هەفتەی داهاتووش، چەند رۆژێک دەخایەنێت. چەند رۆژێک دەبێت نەوەک چەند هەفتەیەک، هیوادارم هێرشەکان گەورەتر و بەهێزتر بن، لەوە تووندتر بێت و (ئەمریکا) هێرش بکاتە سەر ئەو ئامانجانەی، گرنگن چونکە ئەو ئامانجانەی ئێستا هیچ گرنگییەکیان نییە." 

بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپەکان بەردەوام دەبن.

بە وتەی ئەمریکا ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرمان و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن، کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو.

هێرشەکە نیوەشەوی رابردوو ئەنجامدرا و نیو کاتژمێری خایاند. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار