لە 24 كاتژمێردا دوو كۆبونەوەی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق دەبێت
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سیاسەتمەدارێك دۆخەكە بە "مەترسی" بۆ سەر كابینەكەی سودانی دادەنێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی بە کاتی نیویۆرك، کە دەکاتە کاتژمێر 6ى ئێوارە بەکاتی هەرێمى كوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی عێراق دەکات.
هاوكات، بەرەبەیانیی ئەمڕۆش، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای رووسیا، لە بارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، رووسیا و چین، ئەمریکایان تۆمەتبارکرد بەوەی بەو هێرشانە، سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێکداوە.
ئەبوبەكر كاروانی، نوسەر و سیاسەتمەدار، تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ نیشاندانی هێزو دەسەڵات و جدییەت بوو لەوەڵامدانەوە بۆ ئەوهێرشانەی دەکرێتە سەریان پێشی وایە، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی بەشێك لەژێرخانی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، بۆ ئەوەی مەترسیان لەسەر هێزەکانی ئەمریکا کەمتر ببێتەوە، پێدەچێت هێرشی تریشی بەدووادا بێت، بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی ئەمجارە جیاوازتر بێت، لەسۆنگەی ئەو زیانە گیانیە زۆرەی بەر ئەمریکا کەوت.
لەهاوڵاتییەوە مەترسییەكیش بۆ سەركابینەكەی سودانی رادەگەیەنێت و دەڵێت، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران دەبێت، ئاڵۆزتریان دەکات، فشار بۆسەر حکومەتەکەی سوودانی لەهەردوولاوە، واتە لەلایەن ئەمریکاو گروپە سیاسی ومیلیشیاکانی نزیك لەئێران زۆرتر دەبێت .
درەنگی شەوی هەینی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا، ئەوەش لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی، کە لە 28ـی کانوونی دووەم، لە بنکەیەکی ئوردن کەوتنە بەر هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو.
ئەمریکا لەو هێرشانەدا پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارە عێراقی و سوورییەکانی کردە ئامانج، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ناڕەزایی حکومەتەکانی عێراق و سووریای لێکەوتەوە، لە پاڵ ئێران کە رەتیدەکاتەوە هیچ رۆڵێکی لە هێرشە درۆنییەکەی مانگی رابردوودا هەبووبێت.