ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێو بەرداشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا
10 مانگ لەمەوپێش
ئەحمەد دەروێش
بەکارهێنانی زاراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بەڕای زۆرینەی توێژەران هەریەک لەناوچەکانی وڵاتی شام، نیوەدوورگەی عەرەبی، تورکیا، ئێران و میسر (نەتەنها نیوەدورگەی سینا، بەڵکو تەوای میسر) دەگرێتەوە و بەدیاریکراویش لە ۱٥ وڵات پێکدێت.
یەکەم: لە مێژووی کۆندا، یەکەمین و گرنگترین شارستانییەتە دێرینەکان لێرە سەرچاوەی گرتووە (میزۆپۆتامیا - وڵاتی نێوان دوو روبار، وڵاتی فیرعەونەکان - میسرییە کۆنەکان) وەک سۆمەر و ئەکەد و ئاشوور و میسرییە کۆنەکان و ۰۰۰۰۰ هتد۰
دووەم: هەرسێ ئایینە ئیبڕاهیمییەکە (جولەکە و کریستیان و ئیسلام) لەم ناوچەیە و بەدیاریکراویش لە شام و نیوەدوورگە دابەزیون - پەیدابوون۰
سێیەم: لەسەدەکانی ناوەڕاستدا (٥ تا ١٥) زایینی، جەنگ و کاولکاریی زۆری بەخۆیەوە دیوە۰
چوارەم: لەمێژووی نوێدا و بەدیاریکراویش لە ساتەوەختی سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری و وردتریش سەرمایەداریی بازرگانی ناوچەکە بووە جێی چاوتێبڕینی هێزە ئەوروپییەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە بەریەککەوتنی سەفەوی و عوسمانی۰
پێنجەم: شوێنە جوگرافییەکەی وایکردووە کە ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە۰
وێڕای گرنگی جوگرافیای سیاسی و جیۆسیاسی ناوچەکە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، پتر لە سەدەیەکە گرنگییە جیۆئابوورییەکەی، ڕووبەری ململانێکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای فراوانتر و گەرمترکردووە و بە تایبەتیش لەئێستادا کەبووەتە بەشێکی گرنگ لەستراتیجییەتی چین لەلایەک و ئەوروپی و ئەمریکییەکان لەلایەکی دیکەوە۰
ناوچەیەک ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە و بەڕێژەیەکی زۆر بەشداریدەکات لەبەرهەمهێنانی نەوت لەجیهاندا و لە ١٠ وڵاتە پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، پێنجیان هی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە بریتین لە ؛ سعودیە، عێراق، ئیمارات، ئێران و کوەیت، ئیتر چۆن بەدڵی جیهان ناودێر نەکرێت؟ تێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، دەبێت لەسەر ڕەفەکان و کتێبخانەکان تۆزگرتووبن، چونکە دەستکاریکردنی نەخشەی سیاسی ناوچەکە نەک هەرقورسە بەڵکو بووەتە مەحاڵی سیاسیی لەنێوان جەمسەری ڕۆژهەڵات (چین ، روسیا ، ئێران) و جەمسەری ڕۆژئاوا (ئەمریکی و ئەوروپییەکان).
لەئێستادا ناوچەکە گەرنەشڵێین دەکوڵێت، ئەوە لە پەنا کوڵانەوە و تادێت پلەی کوڵانەکە ڕوو لە بەرزبوونەویە، بادیقەت بدەیین؛ ئەمەریکا نزیکەی ۲۰ ساڵ پێش ئێستا بە تەواوی هێزەکانییەوە هاتە ناو عێراق و رژێمی سەدامی روخاند و حسابی بۆ دنیا نەکرد، کەچی ئێستا حزبوڵڵای لوبنانی و حوسیی و حەشد و گروپی دیکەی چەکدار، هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکەن۰ ئەمەریکا نەک هەر ئامادەی هێرش نییە بۆسەر سەرچاوەی مەترسییەکان کە ئێرانە، تەنانەت بە گروپەکانیش دەڵێت (خۆتان بشارنەوە ، بڵاوەی لێبکەن) لێتان دەدەیین!
لەئێستادا هەردوو جەمسەرە بەرهەڵستکارەکە زۆر بەوریایی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و جوڵەکانیان هەستیارە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نائارامیی دەمێنێتەوە و دۆخی ناسەقامگیریی درێژەی دەبێت، شتێک نامێنێت بەناوی چارەسەرکردنی دیموکراتیک بە نمونە تێزەکەی ئۆجەلان لەمەڕ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها تێزە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا لەمەڕ گۆڕینی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.