دادگای تاوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ چاوه‌ڕوانی‌ چییه‌؟

10 مانگ لەمەوپێش



سیروان غەریب

پێشنیوه‌رۆی‌ سێشه‌ممه‌ جارێكی‌ تر له‌ هۆڵی‌ دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ دانیشتنێكی‌ دادگایكردنی‌ سێ‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ی‌ ڕووداوی‌ كوشتنی‌ نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیف و برینداركردنی‌ سێ‌ هاوه‌ڵی‌ تری‌ به‌ڕێوه‌چوو.

زۆرینه‌ی‌ ئاماده‌بووانی‌ نێو هۆڵی‌ دادگاییه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ دوابڕیاری‌ دادوه‌ربوون و پێشبینی‌ ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ دادگا ئه‌مڕۆ سزا به‌سه‌ر تۆمه‌تبارانی‌ ڕووداوه‌كه‌ بسه‌پێنێت ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی‌ بریكارانی‌ قوربانییه‌كان هیچ گومانێكیان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ نه‌هێشته‌وه‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌یان خسته‌ڕوو كه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆمه‌تباره‌كانی‌ پێ سزابدرێت.

رووداوه‌كه‌ تاوه‌كو ئێستا ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌نێو میدیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ماوه‌ و یه‌شێكی‌ زۆری‌ چاوه‌ڕوانی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ سزادانی‌ ئه‌و سێ‌ تۆمه‌تباره‌ن، زانیارییه‌كانی‌ میدیاكان ئه‌وه‌ی تا ئێستا بڵاوبۆته‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌: شه‌وی ٤ی دیسه‌مبه‌ری ٢٠٢١، هه‌واڵێك بووه‌ سه‌ردێڕی‌ میدیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پاشان نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیف و چه‌ند هاوڕێیه‌كی‌، له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژیی‌ دژی ژنان؛ مه‌فره‌زه‌یه‌كیان پێكهێنا هه‌تا به‌ هاوار و ناڵه‌ی‌ ژنێك ڕا بگه‌ن كه‌ له‌ژێر زه‌بر و توندوتیژیی‌ خێزانییدا بووه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ تانجه‌رۆی‌ شاری‌ سلێمانی‌، ته‌قه‌یان لێ ده‌كرێت و ئۆتۆمبێله‌كه‌یان ده‌سووتێت و له‌ئه‌نجامدا نه‌قیب محه‌مه‌د شه‌هید ده‌بێت و سێ‌ هاوڕێی‌ تری‌ بریندار ده‌بن و یه‌كێكیش له‌ برینداره‌كان هه‌ردوو قاچی‌ له‌ ده‌ست ده‌دا.

له‌ئێستادا پیاوێك و كوڕه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی‌ تر دادگایی‌ ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌و یاداشته‌ی‌ ڕۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 6/2/2024 له‌لایه‌ن بریكارانی‌ قوربانییانه‌وه‌ پێشكه‌شكرا زۆر ورده‌كاری تیادابوو، باوه‌ڕناكه‌م هیچ گومانێك لای‌ دادوه‌ره‌كان بهێڵێته‌وه‌، چونكه‌ یاداشتێكی‌ ته‌واو پڕ له‌زانیاری‌ وردو پڕ له‌به‌ڵگه‌ بوو كه‌ هه‌مووی ده‌چۆیه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی تاوانێك كه‌ سێ كاره‌كته‌ر به‌قه‌باره‌ی خۆیان به‌شدارن تیایدا، یه‌كێك له‌هه‌ره‌ ئه‌و به‌ڵگه‌ زیندووانه‌ی كه‌ تۆمه‌تباران ناتوانن حاشای‌ لێبكه‌ن تۆماركردنی‌ دیمه‌نه‌كانی ساتی‌ هێرشه‌كه‌یه‌ له‌لایه‌ن كامێرای چاودێرییه‌وه‌ دواتریش شایه‌تحاڵ و داننان به‌تاوانه‌كه‌یان و هه‌روه‌ها هه‌ڵهاتنیانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ ووڵات.

ئه‌مانه‌ رێك به‌ڵگه‌ی‌ روونن كه‌ كێ‌ ئه‌و تاوانه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ی‌ حاشاهه‌ڵنه‌گری‌ تر هه‌یه‌ كه‌ رێگه‌ پێدراو نییه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و لای‌ دادگا پارێزراوه‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌. پێشتریش ئه‌م تۆمه‌تبارانه‌ به‌چه‌ندین كه‌یسی‌ تره‌وه‌ گلاون و داواكراو بوون. دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ وه‌ك رۆژی‌ رووناك تاوانه‌كه‌یان لێ‌ دیاره‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه‌كانی‌ شانۆی‌ تاوانه‌كه‌ وه‌ك له‌یاداشتی‌ بریكاراندا ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌ چیتر بڕوبیانووی‌ بریكاری‌ تۆمه‌تباران هه‌ڵناگرێ‌ كه‌ له‌كۆتا دانیشتندا ئاماژه‌ی‌ پێكرد.

بریكاری تۆمه‌تباران به‌هه‌ڵچوونێكی زۆره‌وه‌ دیووت ئه‌م دادگایه‌ پێویستی‌ به‌ شایه‌تێكی‌ ڕووداو هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئاماده‌بێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ "یاداشتی‌ ئاماده‌نییه‌ پێشكه‌شی‌ بكات". ئه‌مه‌ش دادگاییه‌كه‌ی دواخست. ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م بڕووبیانووانه‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 7/2/2024 كه‌ دانیشتنێكی‌ تری‌ دادگایكردنه‌كه‌یه‌ به‌ته‌واوی‌ ببڕێت و چیتر دادگا كاتی‌ خۆی‌ به‌كه‌یسێكی‌ پڕ له‌به‌ڵگه‌ی‌ تاوان سه‌رقاڵ نه‌كات و بڕیاری‌ سزاكه‌یان یه‌كلابكاته‌وه‌ و ئاهێك به‌دڵی‌ قوربانییه‌كاندا بهێنێت كه‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵه‌ له‌ژێر فشاری‌ ده‌رونیدان.

ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ چاوه‌ڕێین بڕیارێكی‌ سزای‌ تونده‌، بۆ تۆمه‌تبارانی‌ ڕووداوێك كه‌ دایك تیایدا جه‌رگی‌ سوتاوه‌ و باوك له‌داخیدا جه‌ڵده‌ لێی‌ داوه‌ و هاوسه‌رو ژماره‌یه‌ك خوشكی ڕه‌شپۆش كردووه‌، له‌سه‌روو هه‌موویشه‌وه‌ منداڵی بێ‌ نازی‌ باوك كردووه‌.

ئیتر نازانم دوای‌ ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌، دوای‌ خستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌موو قوربانییه‌، دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ چاوه‌ڕوانی‌ چییه‌؟

 

*گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی . لەیەککاتدا چوارشه‌ممان لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار