سعوودیە : بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان پێویستە دەوڵەتی فەڵەستین بە فەرمی بناسێنرێت

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوا بە دوای قسەکانی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە راگەیاندنێکی بڵاو کردەوەو جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە فەرمی دەناسێنێت، ئامادە نییە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە ببەستێت.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رۆژی سێ شەممە ٦ی شوبات لە راگەیاندنێکدا بە ئاماژە بە گفتوگۆکانی نێوان ریاز و واشنتۆن دەربارەی رەوتی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائی وتی، هەڵوێستی روونی خۆمان لەم بارەوە گەیاندۆتە ئەمریکا.

لەم راگەیاندنەدا وەزارەتی دەرەوە سعوودیە جەخت ئەکاتەوە کە پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بەمەرجێک دروست دەبێت کە ئیسرائیل دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێت بە پێی سنوورە بە فەرمی ناسراوەکانی ١٩٦٧ و بە پێتەختی ئۆرشەلیمی رۆژهەڵات.

هەروەها پێویستە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ کەرتی غەزە رابگرێت و " هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە بکشێنەوە".

چەند کاتژمێر پێش ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی وتبووی، جۆ بایدن کۆمەڵێک پەیامی پۆزەتیڤی پێ گەیشتووە بەوەی سعوودیە و ئیسرائیل دەیانەوێت گفتووگۆکانیان دەربارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەست پێ بکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لەم راگەیاندنەدا بە رەتکردنەوەی وتەکانی جۆن کێربی ئەڵێت، داوا لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەوڵەتی فەلەستین بە فەرمی بناسێنن.

پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستی پێکرد دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل.

رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی سعوودیە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، پرسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی ناوەتە لاوە.

پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم کە بەو هۆیەوە نزیک بە ١٢٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران و دەرەنجام هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەی لێکەوتەوە، سعوودیە و ئیسرائیل لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان نزیک ببوونەوە.

رۆژی ٤ی تشرینی یەکەم، ٣ رۆژ پێش هێرشی حەماس، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ئەکەنەوەو بە "قومار لە سەر گای دۆڕاو" ناوی برد و هەروەها وتی بەرەی بەرگری لە ئێستادا لە هەموو کات بەهێزترەو ئیسرائیل لە شکستایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار