لە بەغدا ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمشەو لە بەغدا لە ناوچەی مەشتەل ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کرایە ئامانج ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکردووە لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە.
هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە.
هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران".
لەبارەی هێرشەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پنتاگۆن" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداری هێرشەکەی سەر بەغداین و بەمزووانە وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەین".