لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر بەغدا دەستیپێکرد

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق چوونە شوێنی ڕووداوەکەی شاری بەغدا دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایانگەیاند “تیمێکی تەکنیکی تایبەتمەند لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێک کە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناوچەی مەشتەل لە ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت ئەمشەو ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ کراوەتە ئامانج".

ئاماژە بەوەشکراوە "لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی شێواز و سەرچاوەی بە ئامانجگرتنەکە، دوات زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە دەخەینەڕوو".

ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکرد لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە، هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە.

هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران".

لەبارەی هێرشەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پنتاگۆن" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداری هێرشەکەی سەر بەغداین و بەمزووانە وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەین".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار