یەحیا رەسوڵ: هێزەکانی ئەمەریکا نابەرپرسانە هەمووشتێک لە عێراق ئەنجام دەدەن
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمەریکا نابەرپرسانە هەمووشتێک ئەنجام دەدەن، ئاماژە بەوەشدەکات ئەم کارانە پاڵ بە حکومەتی عێراقەوە دەنێت بۆ کۆتایی هاتنی ئەرکی ئەم هاوپەیمانێتییە.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند "هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار، نابەرپرسانە، هەموو شتێک ئەنجام دەدەن کە لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دوولایەنە تێکدەدەن، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردنی ڕوونیان ئەنجامدا و هێرشی ئاسمانیان کردە سەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی بەغدای پایتەخت بەبێ گوێدانە ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی و یاسا نێودەوڵەتییەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم هێرشانەی ئەمەریکا هەڕەشه له ئاشتیی مەدەنی دەکات و سەروەری عێراق پێشلدەکات، هەروەها دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بۆ کۆتایی بە ئەرکی ئەو هاوپەیمانێتییەی لەنێواه هەردوو وڵات هەیە".
ئەم وتانەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ناوچەی مشتەلی شاری بەغدا دێت کە ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی و دوو پاسەوانیان کوژران.