ئیسرائیل هێرشى کردە سەر رەفەح و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 شەوی رابردو ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لە کەرتی غەززە ئەنجامدا، جگە لەوەی  نزیکەی 100 کەس  کوژران، توانراوە دو بارمتەی ئیسرائیلیش ئازاد بکرێت کە لە 7ی ئۆکتۆبەر، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رفێندرابون.

  وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ھێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر شاری رەفەح کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە دەستپێکردووە و بەھۆی بۆردومانێکیشەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، نزیکەی 100 کەس لەو شارە کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

 سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو ھێرشە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بووە لە ناوچەی شابوورە لە شاری رەفەح کە بەھۆیەوە دوو دیلی وڵاتەکەیان رزگارکردووە.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکە، تانک و کەشتی ئیسرائیلی بەکارهاتون، دو مزگەوت و چەند ماڵێک بۆردومانکراون.

بزوتنەوەی حەماسیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری رەفەح بەردەوامیدانە بە کۆمەڵوژی و بە زۆر کۆچپێکردنی گەلی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیل و کۆی بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا. 

ئەم هێرشەى ئیسرائیل بۆسەر رەفەح دوای ئەوەدێت، کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە ئیسرائیل کرد، هێرش نەکاتە سەر ڕەفەح بەبێ پلانێکی باوەڕپێکراو بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی.

حەماس داواشی لە کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە رێگری لە تاوانەکانی ئیسرائیل بکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار