پنتاگۆن: ١٨٦ سەربازی ئەمریکی لە عێراق و سوریا و ئوردن برینداربوون
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن بڵاوى کردەوە، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران زیاتر لە ٢١٠ هێرشیان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق، سووریا و ئوردن ئەنجامداوە.
پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، رایگەیاند، لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، ٢١٠ هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و ١٨٦ سەربازییان لە عێراق و سوریا بریندار بون.
وتیشی، ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی زیاتر لە ١٣٠ برینداریان کراوە و دەرکەوتووە دووچاری کێشە بوون لە مێشکیاندا، واتە لە ٪٧٠ ی بریندارەکان زیان بە مێشکیان کەوتووە.
پنتاگۆن ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ڕاوێژدان، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە.
لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ئوردن بە مووشەک و درۆن کرانە ئامانج، بەھۆیەوە سەربازانی ئەمریکی برینداربوون.