نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ ببەنە دەرەوە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەكات منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە و توندوتیژی دژ بە منداڵان ڕابگرن.

لای خۆیەوە بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی کەمپەکە و چالاکی شانەکانی داعش لە كەمپەكە، مانگی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێکی ئەمنییان لە کەمپەکە دەستپێکرد و لە کۆتاییدا دەستگیرکردنی دەیان کەسیان لە شانەکانی داعش راگەیاند لەگەڵ دۆزینەوەی تونێل و چەک.

دوێنێ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردن لە توندڕەوی، رایگەیاند، داوا لە وڵاتان دەکەین منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ بگەڕێننەوە، کە ڕووبەڕووی مەترسی توندڕەوی دەبنەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، "هۆشداری لە مەترسی مانەوەی منداڵان لە ناو كامپەكە دەدەین، چونكە لەوێدا مەترسی بڵاوكردنەوەى فیكری توندڕەوی هەیە، هەروەها داوا لە دەوڵەتان دەکەین، بەردەوام بن لە لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو دڕندەییە بەكۆمەڵانەی چەتەكانی داعش ئەنجامیان داوە."

ئیدارەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە كامپی هۆل سەرپەرشتی نزیكەی هەشت هەزار خێزانی چەتە بیانیەکانى داعش دەكات، كە سەر بە زیاتر لە ٥٠ نەتەوەن، لە نێویاندا منداڵ و ژنی زۆر هەیە.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتای مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ئۆپەراسوێنی پاراستن و ئەمنی لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەپەژە، یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە كامپی هۆل ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا دەست بەسەر دەیان چەك و تەقەمەنی شانە نستووەكانی داعشدا گیرا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار