سەنگەر گواستنەوە: فەلسەفە

9 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

رەنگە دەربڕینی سەنگەر گواستنەوە، چیدی گونجاو نەبێت بۆ گواستنەوەی کەسێک لەلایەنێکی سیاسییەوە بۆ لایەنێکی تر، چونکە سەنگەر بۆ سەردەمی جەنگ و بەتایبەتی جەنگی ناوخۆ دەگەڕێتەوە. رەنگە لەڕاستیدا دەربڕینەکە تایبەت بێت بەشەڕی براکان، چونکە گواستنەوە لەلایەنی کوردیەوە بۆ حکومەت، سەنگەر گواستنەوەی پێناگوترێت. هەبوونی رەگی ئیتمۆلۆژی لەشەڕی ناخۆدا رەهەندێکی گرنگی ئەم دیاردەیە، بەڵام لێرەدا من مەبەستم ئەمە نیە. هەرچەندە شەڕی ناوخۆ تاکە دەستکەوتی گەورەی خەباتی سیاسی کوردەو شایستەی کاری زۆرە، بەڵام حەز دەکەم ئەم دیاردەیە لەڕەهەندێکی ترەوە بخوێنمەوە. ئەوەی سەرنجی لێدەدەم، کاتێک کەسێک لەلایەنێک بەتایبەتی لایەنی ئۆپۆزسیون دەگوێزێتەوە بۆ لایەنی دەسەڵات، ئەگەر ئەم دەربڕینە گونجاو بێت، ئەوا کۆمەڵێک دەربڕینی ئامادە لەلایەن خەڵکانێکی زۆرەوە دەردەبڕدرێت، وەک نائومێدی، هێلکەی پیس، خۆفرۆشتن، بۆ پارە، لەدەرئەنجامدا نەمانی بڕوا بە گۆرانکاریی و سیاسەت و کاری حزبی و گشتی. کڕین یان رازیکردن هەمیشە یەکێک بووە لەڕێگاکان لەگەڵ ترساندن و کوشتن، بۆ رێگریی لەسەرهەڵدانی نەیار لەلایەن ئەو هێزانەوە کە ناخوازن دەستبەرداری دەسەڵات بن، بۆیە روودانی ئەم کارانە دەبێت وەک دەرئەنجامێک سەیر بکرێت، نەک وەک کارێکی نەبوو یان نەشیاو. بەڵام پرسەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە. دەربڕینی ناڕەزایی و نائومێدبون لەکاتی گواستنەوەی کەسێک لەلایەک بۆ لایەکی تر، دەربڕی ئەو عەقڵیەتەیە کەئەوە کەسەکانە کەکاری گۆڕانکاری و وەرچەرخان دەکەن. هەروەها ئەوە دەگەیەنێت کە لەئاگایی گشتیدا خەڵکێک بوونیان هەیە کە چاک و پاکن، گونجاون بۆ دەسەڵات و گۆڕانکاری هەروەها لەبەرامبەردا خەڵکانێکی تر هەن کەخراپ و نەشیاون. کاتێک کەسێک لەبەرەی چاکەکانەو دەگوێزێتەوە بۆ بەرەی خراپەکان، ئەوا پەشۆکانێک لەسیستەمەکەدا دروست دەبێت. ئەم دونیابینیە ناو دەنێم، شەخسگەرایی دەسەڵات. بەو مانایە دەسەڵات و دەسەڵاتداری یان حکومەت و حکومەتداریی وەها دەبینرێت کە بریتیە لەکاری کەسە چاکەکان. ئەم دیدە لەچەندین ئاستدا پڕ لەکێشەیە. یەکەم، ئەم دیاردەیە دەرخەری ئەوەیە کەدەزگا، وەک یەکەی بەرهەمهێنانی دەسەڵات و فەراهەمکردنی لەئاگایی زۆرینەی خەڵکدا بوونی نیە. بەڵکو ئەوەی هەیە کەسەکانن. پشت بەستن بەکەس یان کەسایەتی بۆ دەسەڵاتداری، یەکێکە لەکۆنترین مۆدێلەکانی حوکمڕانی، بەتایبەتی پێش مۆدێرن، کەدەسەڵات بەمافی خەڵکانێک یان کەسانێکی تایبەت دەزانێت. قەیرانی سەرەکی لێرەدا ئەوەنیە کەخەڵک بڕوایان بەم مۆدێلە ترسناکە هەیە، بەڵکو قەیرانە گەورەکە لەوەدایە کە تەواو تەواو بێئاگان لەوەی کەبڕوایان بەمجۆرە لەسیستەمی حوکمڕانی هەیە. ئامادەنەبونی دەزگا لەئاگایی گشتی ئێمەدا ئاماژەیەکی روونە کەئێمە تێگەیشتن و بیرکردنەوەو ئاگایی و پلانمان نیە کە بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕۆین. حوکمداری کەسیی یان شەخسی لەسەر بنەمای کاریزمان بونیادنراوە. ئەم دۆخە بووە بەنۆرم. نۆرم بریتیە لەو پیادەکراوە بیرلێنەکراوە، کە خەڵکی پێی هەڵدەستن و هەرگیز گومان و پرسیارو هەڵوێستەی لەسەر ناکەن. بەم جۆرە دەسەڵات لەئاگایی گشتیدا یانی کردارو هەڵسوکەتی کەسەکان، کەسە باشەکان یەکسانن بەحوکمی باش و کەسە خراپەکان، یەکسانە بەحوکمی خراپ. کێشەی بەنۆرمبون ئەوەیە کەئەگەر خەڵکی هەزارجار بۆیان روونبێتەوە کە تێگەیشتنەکەیان هەڵەیە، ناتوانن یان ئامادەنین بیگۆڕن. دووەم خەسڵەتی ترسناکی ئەم دیاردەیە، باوەڕبون بەبوونی فریادەرەس و چاوەڕوانکردنی فریادەرەس و زۆرجار بەفریادرەسکردنی کەسێک کە نەک فریادرەس نیە بەڵکو بەئاستێکی باڵا فریودەرە. خەڵکی بەئاسانی ناتوانن فریودان و حەقیقەت لەیەک جودابکەنەوە چونکە زۆرینە وەک پێداویستیەکی دەرونی بەدوای ئەمجۆرە رزگارکەرو فریادرەسەدا دەگەڕێت. رەهەندێکی تر کاریزمایە، کەوەک خەسڵەتێکی سەرەکی حوکمڕان دەبینرێت. کاریزما لەسادەترین پێناسەیدا کەسانێکن کەتوانای زیاتر لەتوانای خەڵکی ئاساییان هەیەو دەتوانن کارانێک ئەنجامبدەن کە خەڵکی تر پێیان ناکرێت. دیارە ئەم دیاردەیە پەیوەستە بەزۆر لایەنی ترەوە، لەسەروی هەموویانەوە جۆرو چۆنێتی تێگەیشتن لەدەسەڵات. لای زۆرینەی کوردی دەسەڵات بریتیە لەچۆنێتی قسەکردن. خەڵکانێکی زۆر بەخێرایی قسەکردن دەچنە خەوەوە یان هیپنۆتایس دەبن بە گوێبیستبونی جۆرێک لەقسەکردن. ئەمەش کاریگەریی هەیە لەسەر جۆری کاریزما. بۆ نموونە هەرگیز کەسێکی شارەزا یان تایبەتمەند نابێت بەکاریزما، چونکە کرۆکی کاریزمایی بێعەقڵییە. ماکس ڤیبەر زۆر قوڵ کاری لەسەر ئەو پەیوەندییە دیالیکتیکیە کردووە لەنێوان کاریزماو بیرۆکراسیدا. هەروەها پەیوەندی نێوان کاریزماو عەقلانیەت. لێرەدا پێویست ناکات بچین بەتان و پۆی ئەم جەدەلیەتەدا. ئەوەی هەمانە زاڵبونی کاریزمایە بەرامبەر عەقلانیەت یان دەزگا. کەدەرخەری ئەوەیە کۆمەڵگای کوردی هێشتا بڕوای بەتوانای بان-ئاسایی کەسەکان هەیە، عەقڵیەتی قارەمان و ئازاو بوێر. ئەمە بەزەقی لەکاتی بانگەشەو پاش بانگەشەدا دەیبینین، هەتا کەسێک زیاتر قارەمان و بوێر دەرکەون، زیاتر چانسیان هەیە، بەڵام پاشان هەرزوو سنوردارێتی توانای دەردەکەوێت. کێشەی بڕوابوون بوون بەکەس، وەک رزگارکەرو پێغەمبەر، ئەو دۆخە دەروونی و ئاگاییە دروست دەکات کەکەسەکان نەگۆڕن، هەمیشە باش و خراپ بەباشی دەزانن و بڕیار بەلای باشەدا دەدەن. ئەم دیدە دیسانەوە هەتا سەر ئێسقان ناعەقڵانیە. بۆ نموونە، لەکوردستان هەوا پیسە، ئاو پیسە، سیستەمی حوکمڕانی خراپە، ئابوری خراپە، بەڵام هەر دەستکارییەکی جیدیی بۆ ئەمانە لەپێناو باشترکردنی، دژایەتی زۆرینەی خەڵکی لێدەکەوێتەوە چونکە دەبێت ژیانیان بگۆڕن کەنایانەوێت، بۆیە باشە، لێرەدا دەبێتە ئەوەی کەچۆن لەنێوان خراپێکی خوازراو و باشەیەکی نەخوازراودا هەڵدەبژێریت. دیارە لەسیستەمێکی پۆپیولیستی نیمچە دیموکراسی ناعەقلانیدا، خراپەی بەباش بوو دەبێتە باشە، نەک باشەی راستەقینە. ئێمە هەتا لەم تێگەیشتنە بەردەوام بین کەبڕوای وەهایە لەکۆمەڵگادا کەسی باش و فریادەرەس بوونیان هەیەو ئەم کەسانە هەمیشە بەسودی گشتی و باشەی گشتی بڕیار دەدەن، هەرکاتێک کەسێکیان سەنگەری گۆڕی ئەوا دەبێتە مایەی نائومێدبون و رەشبینی، ئەوا ئێمە هەرگیز ناتوانین هیچی نوێ و هیچی باش بەرهەم بهێنین. شەخسپەرستی ئێمە هۆکاری سەرەکی شکستی ئێمەیە. چارەسەری ئەمە ئەوەنیە کەشەخسێک بێت لەم دۆخە رزگارمان بکات. چارەسەر ئەوەیە کەچۆن ئەم جۆرە سیستەمە کۆتایی پێبهێنین. ئەم گواستنەوەیە پێویستی بەگەورەترین شۆڕشە لەئاگایی و کەلتوری ئێمەدا، گواستنەوە لەکەس و کەسایەتی کەمێژوویەکی کۆن و رەگ داکوتاوی هەیە لەناخ و دەروون و ئاگایی ئێمەدا بۆ موجەڕەد. بڕوابون بەوشە، یاسا، دەزگا، سیستەم، هەروەها بڕوابونە بەسنوردارکردنی کەسەکان. رزگاربوون لەو وەهمەی کەکەسی باش و کەسی خراپ هەیە، بەڵکو هەموو کەسەکان دەبێت دەرفەتیان هەبێت و دەرفەتەکە سنورداربێت و بەردەوام لەژێر چاودێریی و هەڵسەنگاندن و پیاداچوونەوەدا بێت. لەهەمانکاتدا بڕوابوونەوە بەوەی کەدەکرێت کەسێک لەدۆخێک یان ساتێک یان پرسێکدا باش بێت و لەدۆخ و سات و پرسێکی تردا باش نەبێت یان گونجاو نەبێت یان پێشکەوتوو یان دواکەوتوو بێت، بۆیە باوەڕبوون بەگێلێتی ئەوەی خەڵکانێک هەن باشن و خەڵکانەکی تر هەن خراپن، وەک جۆرێک لەکرۆکگەرایی ساویلکەییەکی ترسناکە. لەسیستەمی شەخسگەراییدا فیکرو بیرو ئاگایی و پلان و ستراتیژ بوونی نیە، نە خەڵکە سادەکە ئەوە دەخوازن و کە نوخبەش بایەخی پێدەدات. حوکمداریی لەمجۆرە، کورتبین و تەسکبین و بێ دیدە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار