ئیسرائیل بە چڕی لوبنانی بۆردومان کرد

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمرۆ چوارشەمە سوپای ئیسرائیلی لە وەڵامی ژمارەیەک هێرشی مووشەکی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر سەفدی ئیسرائیلی کە بە هۆیەوە ژنێک کوژراو هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون ،لە رێگەی چەند هێرشێکی ئاسمانییەوە بە چڕی چەند ناوچەیەکی لە باشووری لوبنان بوردومان کرد.

لەمبارەیەوە وتەبێژی سووپای ئیسرائیل رایگەیاند،لە تۆڵەی هێرشە موشەکییەکەی ئەمرۆی حزبوڵای لوبنانی ، فرۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بە چڕی ناوچەکانی "عەدشیت و سوانە و جەباع و شەهابییە و بەسلایا و کەفردون و جەزینیان " لە باشووری لوبنان بوردومان کردووە .

هەر بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامی بوردومانەکەی ئیسرائیل ژنێک و دوو منداڵەکەی کوژراون.

سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل ئاژانسەکانی هەواڵی ئیسرائیل رایانگەیاند ، هێرشەکە لە ڕێی هەشت مووشەکی زیرەکەوە بۆ سەر چەند سەربازگەیەکی نزیک سەفد ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا ژنە سەربازێک کوژراوە  و هەشت سەربازی دیکەش بریندار بوون .

دوابەدوای هێرشەکەش ئەنجومەنی جەنگ ی ئیسرائیلی بۆ چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوە و پێیان وا بووە لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکانی سەرسنووری لوبنان ئیسرائیل تا ئێستا ئەمە مەترسیدارترین هێرشی حزبوڵآ بووە بۆ ناو خاکی ئیسرائیل.

لە لایەکی دیکەوە ئیتمار بن غەفیری وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە سەر هەژماری فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" هێرشەکەی حزبوڵای لوبنانی بە راگەیاندنی جەنگ وەسف کرد و داوای لە دەوڵەت و سوپای ئیسرائیلی کرد لەسەر سنوورەکانی لوبنان ئیسرائیل  دەست بکەن بە بەدیهێنانی  گۆرانکارییەکی بنچینەیی .

جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، سەر سنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنانیش گرژییەکی زۆری بە خۆوە بینیوە و چەکدارەکانی بزوتنەوەی حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل ماوە ماوە بوردومانی یەکتر دەکەن .

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار