سوپای پاسداران راهێنان بۆ هێرشکردنە سەر گەورەترین بنکەی ئاسمانی ئیسرائیل دەکات

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سوپای پاسدارن لە مانۆڕێکی دەریاییدا، مەشقی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی ئیسرائیلی کردووە لە پالماخیم.

پالماخیم یەکێکە لە گەورەترین بنکەکانی هێزی ئاسمانی ئەرتەشی ئیسرائیل و بێنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، زۆرجار بە ئامادەبوون لەو بنکەیە جەختی کردووەتەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی "F35" کە لەو بنکەیە جێگیرکراوە، ئامادەی ئەوەیە فەرمانیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئێران .

رۆژی سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤، کۆمەڵێک ڤیدیۆ لە تەلەفیزۆنی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە کە ئەوە دەخاتەڕوو، سوپای پاسداران کۆمەڵێک تەقەمەنی پێشکەوتوو لە کەشتی و ژێردەریاییەکانەوە دەتەقێنن و میدیاکانی نزیک سوپای پاسداران وەک تەسنیم و تابناک باسیان لەوە کردووە کە ئەمە نمایشێکی سەربازیی سوپای پاسدارانە و لەو نمایشە سەربازییەدا مەشقی بە ئامانجگرتنی بنکەی  پالماخیم کراوە لە لایەن مووشەکە پێشکەوتووەکانی سوپای پاسدارانەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، سوپای پاسداران لە هێرشێکی گریمانییەدا، لە دوو شوێنەوە هێرش دەکاتە سەر بنکەی سەربازی پالماخیم.

مووشەک لە جۆری "عیماد" و "قەدر" لە کەشتی جەنگی موتەهرییەوە کە کەشتییەکە توانای هەڵگرتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە بەرەو بنکەکە دەهاوێژرێن.

دوو مووشەکی دوور مەودای عیماد و قەدر لەم نمایشە سەربازییەدا تەقێنران و یەکیان لە بیابانێک لە ناوەڕاستی ئێران و ئەویتریان لە دەریای عوممان کەوتە خوارەوە.

حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی "ئەم هێزە بۆ یەکەمجار توانی مووشەکی بالستیکی دوور مەودا لە کەشتییەکەوە بهاوێژێت".

ئاماژەی بەوەکرد "ئەم دەستکەوتە سەربازییە توانای دەریایی ئێمە زیاتر دەکات و هەر کوێمان بوێت ئەیکەینە ئامانج و کەشتییە جەنگییە زەریابڕەکانما دەتوانن لە هەر شوێنێک لە زەریاکان ئامادە بن."

غوڵامعەلی رەشید، فەرماندەی کەتیبەی خاتم ئەلنەبیا، کە بنکەی سەرەکی بەرگری و هێرشی ئاسمانی ئێرانە لەم بارەوە رایگەیاند "هەر هەڵەیەکی دوژمن بەر لەوەی دەستکەوتێکی ببێت بۆ ئەوان تێچوویەکی قورسی دەبێت بۆیان".

ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی "ئەم نمایشە سەربازییە و راهێنان بۆ هێرشکردنە سەر ئەم بنکە سەربازییە، پەیامێکی روونە و ئەوە دەخاتەڕوو کە توانای ئەوەمان هەیە بنکەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی ترسناک و کتوپڕدا لە ناو ببەین".

مەشقکردن بۆ بنکەی سەربازی پالماخیم لە سەردەمی جەنگی ئیسرائیل - حەماسدا کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت مەترسی پەرەسەندنی جەنگەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار