بایدن لەنێو بازنە سوورەکاندا
9 مانگ لەمەوپێش
غازی حەسەن
بەپێی زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکا، کۆمارییەکان و بەتایبەتیش نوێنەری ویلایەتی فلۆریدا (بایرۆن دۆنالز) بازنەیەکی سووری بەچواردەوری (جۆ بایدن)ی سەرۆکی ئەمەریکا کێشاوە، کەدەستەکانی دەبەستێتەوەو ناتوانێت بەئاسانی پڕۆژەی هاوکاری دارایی بۆ ئۆکراین تێپەڕێنێت. ئەم نوێنەرەی کۆمارییەکان مەسەلەکەی بەستاوەتەوە بەسیاسەتی ئاسایشی سنووری باشووری ئەمەریکاو ژمارەیەک نوێنەری کۆنگرێسیش بەهەمان شێوە پێداگری لەسەر ئەوەدەکەن، کەئاسایشی سنووری باشووری ئەمەریکا پتەوو توند بکەن، ئەگەرنا رێگانادەن هیچ پڕۆژەیەکی هاوکاری بۆ ئۆکراین دەرباز ببێت. هەرچەندە ئەنجوومەنی پیران بەزۆرینەی ٦٧ دەنگ بەرانبەر ٣٢ دەنگ پاڵپشتی هاوکاری بۆ ئۆکراین و ئیسرائیل و تایوان کرد، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمارییەکان ئەم هێڵە سوورەیان بەستاوەتەوە بەکێشەی کۆچبەری نایاسایی و ئاسایشی سنووری ئەمەریکاوە. بەپێی زانیارییەکان رۆژانە پێنج هەزار کەس بەنایاسیی دێنە نێو ئەمەریکا، واتا ساڵانە پتر لە ١.٨ ملیۆن کەسی کۆچبەر بەنایاسایی سنووری ئەم وڵاتە دەبەزێنن.
لەڕاستیدا (بایدن) هەر تەنیا رووبەڕووی ئەم کێشەیە نەبووەتەوە، بەپێچەوانەوە لەوەتای دەسەڵاتی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا گرتووەتە دەست، ژمارەیەک کێشەی گەورەی جیهانی روویانداوەو وەکو چەند بازنەیەکی سوور ئابڵووقەیان داوە. لەوانە (پەتای کرۆنا) و (کاریگەرییەکانی بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لەئەفغانستان) و (درێژەکێشانی شەڕی ئۆکراین و رووسیا)و (شەڕ و ململانێ لەسوریا) و (پەلامارەکانی حەماس دژی ئیسرائیل) و (پەلاماری گروپەکانی بەرەی مقاوەمەت دژی سوپای ئەمەریکاو بەرژەوەندییەکانیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و (هێرشی حوسییەکان لەدەریاو ئاڵۆزکردنی رەوشی بازرگانی) و (هەڵاوسانی ئابووری لەنێوخۆی ئەمەریکا) و (جارێکی دیکە خۆکاندیدکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ وەکو نوێنەری کۆمارییەکان) و (کێشەی تایوان) و (ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین) و (سیاسەتی پاشەکشە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و (شلۆقبوونی متمانە لەگەڵ دۆستەکان لەجیهاندا).. تاد. ئەمانە ژمارەیەک هێڵی سوورن هەنگاوەکانی (بایدن)یان سنووردار کردووە.
(بایدن) لەڕووی تەندروستی و زاکیرەشدا کەوتووەتە ژێر پرسیارەوەو زوو زوو هەڵەی زمان و دەربڕین و لەبیرچوونەوەی شتەکانی لێ روودەدات، کە دوور نییە ئەم پرسیارانە ببنە هۆکار بۆ ئەوەی لەڕکابەری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پاڵپشتی دەنگدەرەکانی لەدەستبدات. تەنیا گەیشتووەتە ئەوەی دادوەرێکی ئەمەریکایی بڵێت ناتوانرێت لەدادگا لێپرسینەوە لە(بایدن) بکرێت، چونکە بەتەمەنەو نەخۆشی لەبیرچوونەوەشی هەیە.
زۆر لەئاماژەکان تا ئەم ساتەی ئێمە قسەی تێدا دەکەین، ئەوە نیشان دەدەن، کەتواناو پێگەو هێزو پاڵپشتی جەماوەریی (بایدن) بەرەو شلەژان و لێژیی و لاوازییە، مەگەر شتێکی لەناکاو رووبدات، یان کارێک بکەن، متمانەی دەنگدەری بۆ بگێڕێتەوە. دوور نییە ئەم فشارە زۆرەی دژی (ترەمپ) دەیکەن، ببێتە خێر بۆ خودی (ترەمپ) و کەیسەکانی دادگا جەماوەری پتری بۆ کۆبکەنەوە. بێگومان ئەگەر (ترەمپ) لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە، دوور نییە دۆخی پەیوەندیی و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکراین بگۆڕێت، چونکە بەئاشکرا کۆمارییەکان ئاماژە بەبڵاوبوونەوەی گەندەڵی دەکەن و ترەمپیش مەیلی لەوەیە بەشێوازی دیکە لەگەڵ (پۆتین) مامەڵە بکات، هەروەها بەهەمان شێوە لەگەڵ تورکیاش رەنگە شێوازێکی دیکە لەپەیوەندییەکان پەیڕەو بکرێت. لەهەمان کاتدا بۆ ئێران هەواڵێکی دڵخۆشکەر نابێت و دوور نییە فشاری زۆرتری بخرێتە سەر، بۆیە ئێران لەڕووی دەروونی و سیاسییەوە پتر مەیلیان بەرەو ئەوەیە (بایدن) لەڕکابەری سەرۆکایەتی بباتەوە، ئەمەش لەخۆشەویستی ئەمەریکاو دیموکراتەکان نییە، بەڵکو پێیان وایە ئەمانە لەکۆمارییەکان نەرمترن بەرانبەر ئێران.
بەکردەوە ململانێ و دۆخی نێوخۆی ئەمەریکا چەند ساڵێکە بەرەو توندی دەچێت، ترسی دابەشبوونی شەقام و رەگەزپەرستی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆیە ئاساییە بازنە سوورەکانی چواردەوری بایدن و دیموکراتەکان لەم قۆناغە تەسکتر ببێتەوە، چونکە دەنگدەری ئەمەریکا هەمیشە بەدوای گۆڕانکاریی و نوێبوونەوەو تاقیکردنەوەی نوێیە. کارو داهاتی تاک و بەهێزکردنی ئابووری و بایەخدان بەپرۆسەی پەروەردەو بیمەی تەندروستی و بەکارهێنانی چەک لەنێو کۆمەڵگە لەنێوەخۆو پاراستنی پێگەو هێزو ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لەدەرەوەی وڵاتدا لای دەنگدەر گرنگەو جێگەی بایەخە. بۆ بەختی (بایدن)، ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی بازنە سوورەکانیان زۆرتر کردووەو لێناگەڕێت ئەم سەرۆکە ئازادنە هەنگاو بنێت و بێ دڵەڕاوکێ و ترس لەبازنە سوورەکان دەربازی بێت.