دادگای فیدراڵیو یەکلایی نەکردنەوەی سکاڵاکان

9 مانگ لەمەوپێش



نەوزاد ساڵح

ئەوە چەندین جارە دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر یەکلایی کردنەوەی سکاڵای (زیاد جهبار) سەرۆکی فراکسیونی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان، (ئامانج نجیب شەمعون) سەرۆکی فراکسیۆنی رافدەین لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر( ٥) ماددەی هەڵبژاردن هەر دوادەخرێت، کە دەبوو یەکشەممە ١١ی شوبات/٢٠٢٤ کۆتا بڕایاری لەسەربدرێت، بەڵام جارێکی تر دواخرایەوە بۆ ١٨ی شوبات، هەرچەندە ئەم بابەتە زۆری خایاندو کۆتا بڕیار لەبارەیەوە تائێستا نەدراوەو روون نیە ئەم دادگایە بۆچی یەکلایی ناکاتەوە؟، کەخەریکە گومان لەسەرخۆی دروستدەکات! یەکلا نەکردنەوەی سکاڵاکان کێشەکان وەک خۆی دەهێڵێتەوەو بیانوویەکیش دەبێت بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن کە دەبێتە خاڵێکی لاواز بۆ خودی ئەم دادگایەش، ئەگەر هەر بەردەوام بێت لەدواخستن و یەکلایی نەکردنەوەی سکاڵاکان ئەوا ئەو گومانە دروست دەبێت کەدادگای فیدراڵی نایەوێت پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردن بکات و ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات. کەواتە ئەم بابەتە بەسیاسی کراوەو ئەو تاکە دەرچەیەش بۆ رزگاربوون لەم دۆخە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا نەهێڵراوەتەوەو ئەمەش پێمان دەڵێت کە:- ١- دادگای فیداراڵی بێلایەن نیەو سیاسیەو مقاشێکە بەدەستی بەشێک لەدەسەڵاتدارانی عێراقەوەو بۆ بەرژەوەندی تایەفی بەکاردەهێنرێت. ٢-ئەو نیەتە دەبێت بەڕاستی کەدەسەڵاتدارانی عێراق دەرهەق بەهەرێمی کوردستان هەیانە لەدژایەتی کردنی و بچووککردنەوەی و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دامودەزگاکانی ئەم قەوارەیەدا کە لەدەستوریشدا بوونی هەیە. ٣-خاڵێکی تر حساب بۆ نەکردن و نەخوێندنەوەی کوردە وەک نەتەوەیەک لەعێراقدا وێڕای بوونی ئەو پۆستە سیادیانە کەکورد هەیەتی بەپۆستی سەرۆککۆماریشەوە. ٤-ئەگەر ئەمە رووبدات رێگا خۆشدەکات بۆ ململانێی توندترو تێکچوونی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شەقامی عێراقی...

 

ناوەرۆکی سکاڵاکان

بەشێک لەناوەرۆکی سکاڵاکان کە لەسەر ئەو ماددانەی کە بەنادەستوری ناودەبرێن:- ماددەی( ١) :-تایبەتە بەژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان کە (١١١) کورسیە. ماددەی( ٩) تایبەتە بەدیاریکردنی هەرێمی کوردستان وەک یەک ناوچەی هەڵبژاردن. ماددەی (١٥) تایبەتە بەڕێکخستنی لیستی دەنگدەران. ماددەی(٢٢) تایبەتە بەجێگیرکردنی (٣٠%) ریژەی ژنان لەلیستەکان.

تایبەت بەسکاڵای لیستی رافیدین

لەسەر ماددەی( ٣٦) کەتایبەتە بە کورسی پێکهاتەکان کەژمارەیان (١١) کورسیە، یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١ ساڵی ١٩٩٢) لەسکاڵاکەدا هاتووە. پێش بەراوردکاری مادەکانی بابەتی سکاڵاکە لەگەڵ ماددە هاوشێوەکانی لەدەستوری عێراقی (٢٠٠٥). پێویستە زانیاریەکی دەستوریمان هەبێت لەسەر یاساکانی هەرێمی کوردستان لەڕوانگەی دەستورەوە. لەدەستوردا ئاماژەی بۆ کراوە لەماددە (١٤١) کارکردن بەو یاسایانەی کە لەهەرێمی کوردستان لەساڵی١٩٩٢ دەرچووە بەردەوام دەبێت (بەمەرجێک پێچەوانەی دەستوور نەبێت). بەراوردکاریەکان بۆ نادەستوری بوونی مادەکانی بابەتی سکاڵاکە پێویستە ئەم بەراوردکاریە بکەین. ماددەی( ١)ی پەرلەمانی كوردستان-عێراق ژمارەی کورسی دیاری کردووە بە (١١١) کورسی. بەڵام لەدەستوری عێراقی پێوەری دیاری کردووە کە لەماددە (٤٩) یەکەم: رێژەی یەک کورسی بۆ ١٠٠ هەزار کەس دیاری کردووە لەدانیشتوانی عێراق. ماددەی (٩) دیاریکردنی هەرێمی کوردستان بەیەک بازنەی هەڵبژاردن. لەبنەرەتدا بەپێی درووستی یاساکە هەرێمی کوردستان (٤) بازنەی هەڵبژاردن بووە، بەڵام بەپێی هەموواری سێهەم ژمارە (٤٧ ساڵی ٢٠٠٤)، چوار بازنەکە کراوە بەیەک بازنە. لەدەستوری عێراقی ئەم بابەتەی جێهێشتوە بۆ یاسای تایبەت بەپێی ماددە (١٤١- سێهەم، هەرچی پەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە هەیە بەیاسا دیاری دەکرێت). بەیاسای ژمارە (٩ ساڵی ٢٠٢٠) عێراق دیاری کراوە بە (١٨) بازنەی هەڵبژاردن. ماددەی (١٥) رێکخستنی لیستی دەنگدەران. ئەم ماددەیە پەیوەستە بەماددە (٩)ی یاسای هەلبژاردن، لیستی دەنگدەران بەیاسای هەڵبژاردنی تایبەت رێکخراوە لەعێراقدا نەک بەدەستور رێکخرابێت. ماددەی( ٢٢) لەبنەرەتدا رێژەی رەگەزی مێینە لەیاسایی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان دیاری کرابوو بە (٢٥%) بەڵام بەپێی هەموواری چوارەمی یاسایی هەڵبژاردن ژمارە (٢ ساڵی ٢٠٠٩) رێژەکە بەرزکراوەتەوە بۆ (٣٠%) بۆ هەموو لیستێک. لەدەستوری عێراقدا رێژەکەی دیاری کردووە لە (٢٥%) کەمتر نەبێت، ماددە (١٤١) چوارەم: یاسای هەڵبژاردن رێژەیەک بۆ بەشداربوونی ژنان دادەنێت بەجۆرێک کە لەچارەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کەمتر نەبێت). ماددەی (٣٦) بەدیاریکراوی یاسای ژمارە ١ساڵی ١٩٩٢ کورسی پێکهاتەکانی دیاری کردووە بە (٥) کورسی بۆ هەریەک لە (توركمان، كلدان، ئاشور، ئەرمن، عەرەب). ئەم ماددەیە بەیاسای ژمارە (٤٧ ساڵی ٢٠٠٤) تەنها برگەی (٣) کەدەڵێت:- هەر لیستێک نەگاتە بەدەستهێنانی ٧٪ یان زیاتر لەدەنگی بەدەستهاتوو ناتوانێت نوێنەرایەتی بکات و دەنگەکانی دابەش دەکرێت بەسەر لیستە براوەکاندا. سەرکەوتنی لیستەکان بەجۆرێک پەیوەندی بەکورسی کۆتاکانەوە نیە. واتە پەرلەمانی کوردستان هەستاوە بەزیادکردنی ماددە (٣٦ دووبارە) بەپێی هەموواری چوارەم یاسایی ژمارە (٢ ساڵی ٢٠٠٩) لەماددە (١٥) هاتووە کەکورسی کۆتا لە (٥) کورسیەوە بەرزکراوەتەوە بۆ (١١) کورسی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار