زانكۆی پێگەیاندنی سەركردە و پیاوە مەزنەكان
9 مانگ لەمەوپێش
د. سەعید عەلی محەمەد
زانكۆیەكی زۆر ڕەسەن هەیە كە هیچی لە زانكۆكانی تری جیهان ناچێت و، هەموو سەركردە و بیرمەندو زاناو ئەدیب و داهێنەرو كاراكتەرە كاریگەرەكانی نەتەوەكانی دنیای لەخۆگرتووە!
زانكۆیەك كە كرێی خوێندن تێیدا گران نیە و مەرجەكانی وەرگرتنی قورس نین و مامۆستاكانیشی بێزراو نین و مەرجی نمرەی بەرزو تەمەنێكی دیاریكراوی تێدا نیە.
هەموو سەركردە كاریگەرو پیاوە مەزنەكانی جیهان لەو زانكۆیەدا پێگەشتوون و زانست و پلە و پایە و پێگەی باڵاو شوهرەتیان دەست كەوتووە، ئەو زانكۆیە چەندەی مرۆڤ دوابكەوێت لە خوێندن تێیدا بە ئەندازەی ئەوە زەرەر دەكات و لە سەنگ و گەورەیی و قورسایی كەم دەبێتەوە!
قوتابی لەو زانكۆیەدا لەسەردەستی هەموو زاناو پیاوە مەزنەكانی ڕابردوو و داهاتوو فێری زانست و زانیاری و داهێنان دەبێ و ژمارەی مامۆستاكانیشی ژمارەیەكی زۆر زۆرە و مرۆڤ هەتاوەكو لە دەرگاكانی ئەو زانكۆیە نەدات و بە قۆناغەكانی خوێندن تێیدا تێنەپەڕێ هیچ جۆرە شكۆو مەقام و گەورەیەكی دەست ناكەوێ.
مرۆڤ بێ نیاز نیە لەچوونە ناو ئەو زانكۆیە ئەگەرچی خاوەن بڕوانامەی باڵاو توانا زانستییەكانی جیهانیش بێت، بێگومان ئەو زانكۆیە بەس بە تەنها زانكۆ نیە، بەڵكو ئەو ڕابەرو پێشڕەو و دایك و باوك و ڕێنمونی كەرو هاوڕێی زۆر نزیك و دۆستی دڵسۆزو خەمخۆرو ڕاستەقینە و برایەكی بەسۆزو میهرەبان و بەخشندە و سنگ فراوان و ڕەخنەگرێكی سەر ڕاستی ئێمەیە كە خۆی بە هەموو ئاكارو سیفەت و خەسڵەتە جوانەكان ڕازاندۆتەوە!
ئەزانن ئەو زانكۆیە چ زانكۆیەكە؟ ئەو زانكۆیە زانكۆی (خوێندنەوە)یە! ئەم زانكۆیە گەشە بە عەقڵ و هزرو هۆش و توانای مرۆڤ دەكات و ئاسۆی بیركردنەوەی فراوان دەكات و لێهاتوویی و مەهارەتە شاراوەكانی دەردەخات و وزە و توانا لە كاركەوتووەكانیشی بە گەڕ دەخاتەوە!
لەم زانكۆیەدا عەبقەریی و كەڵە پیاوە گەورەكانی وەك: (جاحظ) و (سیوطی) و (نیوتن) و (ئەدیسۆن) و (غاندی) و (رافعی) و (عەققاد) و (دیدات) و (سادات) و (سارته ر) و (سه ييد) و (سوبحانی) و (گەیلانی) و (گولەن) و (قەرەنی) و (عۆدە) و (سویدان) و دەیان و سەدانی تری وەك ئەمانە پێگەیشتوون و تێگەیشتوون و سەركردایەتی دین و دنیای سەردەمی خۆیان كردووە و دەیكەن.
لێرەدا دەپرسین: ئایا (خوێندنەوە) حەزو ئارەزووە یان چارەسەرو زەرورەتە؟!
لەڕاستیدا زۆربەی بیرمەندو زانایان و شارەزایانی بواری زانست و مەعریفە پێیان وایە (خوێندنەوە) حەزو ئارەزوو نیە، بەڵكو زەرورەتێكی هەرە گرنگی ژیانە و هیچی كەمتر نیە لە گرنگی نان و ئازادی بۆ تاكەكان و ئێمە تەنها لەڕێ ی خوێندنەوەوە دەتوانین بڕوانینە بەرفراوانیی جیهان و پێش كەوتن و سەركەوتن و خۆشگوزەرانی و كامەرانی بۆ خۆمان و نەوەكانی داهاتوو دەستەبەر بكەین.
نوسەرو بیرمەندی كوەیتی (تاریق سویدان) دەڵێ: دوای باوەڕهێنان بەخوا هیچ شتێك لە ژیانمدا وەك خوێندنەوە سوودی پێ نەگەیاندووم، من ئێستە هەموو سێ ڕۆژێك كتێبێك دەخوێنمەوە!
(بیل جیتس) دامەزرێنەری كۆمپانیای (مایكرۆسۆفت) كە بە یەكێك لە دەوڵەمەندە گەورەكانی جیهان دەناسرێت دەڵێ: خوێندنەوە كاریگەری گەورەی هەبوو لە دەوڵەمەندبوونم و سەركەوتنم لە كارەكانمداو ئێستاش هەموو ڕۆژێك كاتژمێرێك دەخوێنمەوە!
ناگونجێ یەكەم وشەی قورئان كە لە ئاسمانەوە دابەزیە سەر زەوی ووشەیەك بێت باس لە حەزو ئارەزوێك بكات كە هەندێك ئاواتیانە و هەندێكی تر لێ ی بێزارو بێ تاقەت بن، قورئان لە (77) هەزار وشە پێكهاتووە و، (إقرأ – بخوێنەرەوە) یەكەم وشەیان بوو دابەزیە سەر زەوی كە ئەمەش كۆمەڵێ هێماو ئاماژەی گرنگی تێدایە و دەكرێ سادەترینیان ئەوەبێ: (خوێندنەوە) تاكە ڕێگای گەشەكردنی مرۆڤەكان و پێشكەوتنی وڵاتەكان و بەدەست هێنانی دنیاو زەمانەت كردنی قیامەتە و، دەكرێ بڵێین: خوێندنەوە ئەو ڕەمزو وشە پەنهانی (پاسۆرد)ـەیە كە هەموو جۆرە گۆڕانكاریەك لەمێژوو و ژیانی مرۆڤایەتیدا دەهێنێتە كایەوە.
گومانی تێدا نیە ئەو كۆمەڵگانه ی كە تاكەكانیان كێ بەركێی خوێندنەوە و كتێبخانە و وەدەست خستنی كتێب دەكەن زۆر زاڵ ترو تەندروست ترو پێشكەوتووترن لەو كۆمەڵگانەی كە تاكەكانیان كێ بەركێ و پێشبڕكێ ی كڕینی مۆبایلە زیرەكەكان و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان دەكەن.
مەعلومە (موەحیدەكان) كاتێك كتێب و بەرهەمەكانی (ئیبن ڕوشد)یان سوتاندو لەناوبرد شارستانێتی ئیسلامی پوكایەوە و توشی شکسته گەورەكە بوو، بەڵام کاتێک كتێبەكانی لەلایەن (موسای كوڕی مەیمون)ـەوە وەرگێڕدرانە سەر زمانی عیبری و زمانەكانی تری جیهان شارستانێتی ئەوروپاو دواتریش ڕۆژئاوا گەشایەوە و پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوە بینی!
له کوردستان مرۆڤ زۆر غەمبار ئەبێت كاتێك هەست ئەكات كتێبخانەكان چۆڵ بوون و كڕیارو خوێنەری كتێب زۆر كەم بووەتەوە و بازاڕی كتێب زۆر كزو لاواز بووە و ڕێژەی خوێندنەوە لە ئاستێكی زۆر مەترسیداردایە و تاكی كوردی حاڵی حازر بەهۆی هەژاری و نەداری و سەختی ژیانەوە لە حاڵەتی هەرەسی دەروونی دا دەژی و پێی وایە پارچە نانێك و قاپە خواردنێك و تورەكەیەك كەلوپەل و پێداویستی خواردەمەنی زۆر لە كتێبێك و گۆڤارێك و ڕۆژنامەیەك گرنگترو پێویست ترن.
ئەمە كارەساتە! بەڵام لەڕاستیدا لە هەمووی كارەساتتر ئەوەیە كاتێك دەبینین لەزۆربەی زانكۆ و كۆلیژو ناوەندە زانستیە باڵاكاندا سەدان مامۆستا كە زۆربەیان هەڵگری بڕوانامەی دكتۆراو نازناوی پڕۆفیسۆرو یاریدەدەری پڕۆفیسۆرن و پڕۆسەی فێركردن و پێگەیاندنی هەزارەها قوتابی لاوی زانكۆیان لە ئەستۆدایە و بگرە زۆربەشیان سەرپەرشتی نامەی ماستەرو تێزی دكتۆرا دەكەن، ئەم چینە ڕۆشنبیرو ئەكادیمی و ئاست بەرزە دوای ئەوەی نازناوی زانستی بەدەست دەهێنن ئیتر بە یەكجاری لە كتێب و كتێبخانە و خوێندنەوە دوور دەكەونەوە و ئەوەندەی بەدوای بەدەست هێنانی پلەو پۆست و ناوو شۆرەت و بەرژەوەندی ماددی یەوەن و خۆڕازاندنەوەی ڕواڵەتیان بەلاوە ئاوات و ئامانج و مەبەستە، ئەوەندە بەدوای خۆپێگەیاندن و بەهێزكردنی توانای زانستی و مەعریفی خۆیانەوە نین و زۆربەشیان دڵنیام لە ساڵێكدا نەك كتێبێك لەبوارە پسپۆڕییەكەی خۆیاندا ناخوێننەوە بەڵكو هیچ جۆرە خوێندنەوەیەكی تری ئاسۆیی یان لەبوارە جیاجیاكانی تردا نیە! كە ئەمەش بەڕاستی بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی لاوازی ئاستی زانستی قوتابی و مامۆستا و گەڕانە دواوەی پڕۆسەی خوێندن و مەعریفەیە لە زانكۆو دامەزراوە زانستیەكاندا بەگشتی!
هەروەها جێ ی داخە ڕێژەیەكی زور مامۆستا لە خوێندنگە ناوەندی و دواناوەندییەكاندا ساڵانێكی دوورو درێژە لە وتنەوەی وانەكانیاندا خۆیان لەچوارچێوەی كتێبێك و پڕۆگرامێكی تایبەتدا قەتیس كردووە و بەدەر لەو كتێب و پڕۆگرامەی بۆیان دیاری كراوە یان خۆیان بۆ خۆیان دیاری كردووە ئیتر هیچ جۆرە بەرنامە و پلانێكی تۆكمەی ئەوتۆیان بۆ خوێندنەوە و توێژینەوە و قاڵ بوون و قوڵ بوونەوە لانی كەم لە بوارە ئەكادیمیەكەی خۆیاندا نیە و ئەمەش هەندێ جار تەمبەڵ بوونی خوێندكارو بێزاربوونی لە مامۆستاو بێ هیوابوونی لە زانست و خوێندن و داهاتووی خۆی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەمە جگە لەوەی ئەگەر سەرنجێك بدەینە زۆرێك لەسەركردە و بەرپرس و سیاسییەكانیش كە مومارەسەی حیزبایەتی و سیاسەت ئەكەن و ئەركی قیادەیی كردنی حیزبه کانیان و ئەم میللەتەیان لە ئەستۆدایە و خۆیان و حیزبەكانیان و دەسەڵاتەكەیان بە چەندان پیلان و قەیران و كێشەی جۆراوجۆر دەورە دراون، بایەخ و گرنگیەكی ئەوتۆ و پێویستیان بە بەهێزكردنی لایەنی مەعریفی و هۆشیاری سیاسی خۆیان نەداوە تا بتوانن ئەدایەكی سیاسی جوان و زیرەكانە بکەن و لە ئاست جێبەجێكردنی ئەو ئەركە گەورە و هەستیارەدا بن و بتوانن زیرەكانە و حەكیمانە و لێزانانە و ئازایانە ڕوبەڕووی ئاڵنگاریەكان ببنەوە و قەیرانەكان بە ئاسانی تێپەڕێنن و هاونیشتمانیان و حیزبەکانیان و هەرێمەكە لە مەترسیەكانی ئیستاو داهاتوو بپارێزن.
ماوەتەوە بڵێم: ئاواتەخوازم هەمووان بگەڕێینەوە بۆ زانكۆی خوێندنەوە، ئەو زانكۆیەی سەركردە و پیاوە مەزنەكانی ڕابردوو و ئێستای پێگەیاند، با ئیتر له ئێستاوه زیاتر لە مۆبایلەكانمان و ئامرازەكانی پەیوەندی و سۆشیال میدیا و سەرجەم ئەو شتانەی تر كە سەرقاڵمان دەكەن و تەمەنمان بەفیڕۆ دەدەن و لە بەهرە گەورەكان بێ بەشمان دەكەن زیاتر لەوانە نازی بدەینێ و هاوڕێیەتی و دۆستایەتی و نزیكایەتی بكەین.