ئەمریکا هێرشی کردە سەر حوسییەکانی یەمەن

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ئەمرۆ پێنج شەممە لەسەر پەری فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" رایگەیاند کە دوێنێ هێزەکانیان حەوت مووشەکی کرۆز و سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان لە ژێر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە ئامانج گرتووە کە ئامادەی هاویشتن کرابوون بەرەو دەریای سوور.

هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەر ئێوارەی دوێنێ هێزەکانیان فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی حوسییەکانیان خستۆتە خوارەوە.

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە ئەم هێرشانە رۆژی چوارشەممە لە نێوان کاتژمێر 12 تاکو 6:45 خولەکی ئێوارە بە کاتی سەنعای پایەتەختی یەمەن ئەمجامدراون .

هەروەک چۆن رایگەیاند لە رۆژەکانی رابردوودا هێزەکانیان 10 فرۆکەی بێفرۆکەوانی حەسییەکانیان لەسەر دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستۆتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێشەمەی رابردوو "یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربازی حوسییەکان رایگەیاند ، کە هێزەکانیان لە رێی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند کەشتییەکی ئەمریکییان لە دەریای سوور و دەریای عەرەب بە ئامانج گرتووە و جگە لە هێرشانەش توانیویانە لە رێگەی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند پێگەیەکی هەستیاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل بە ئامانج بگرن.

جێی ئاماژەیە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ، هێرشی حوسییەکانی یەمەن و باڵەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی عیراق و سوریا و یەمەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانی دەریای سوور زیادی کردووە .

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار