عوسمان گوڵپی: خراپی دادگاکان و بەرپرسانی ئەم هەرێمە وایکردووە سەرقاڵی چەپڵە لێدانبین بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مامۆستایەکی ناڕازیی رایدەگەیەنێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زۆرترین کاردانەوە بەدوای خۆیاندا دەهێنن، کاردانەوەکان بەشێکیان سیاسین و بەشەکەیتریان خەڵکێكی دڵشکاو، ئاماژە بەوەشدەکات خراپی دادگاکان و بەرپرسانی ئەم هەرێمەیە وایکردووە سەرقاڵی چەپڵە لێدانبن بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.

عوسمان گوڵپی، مامۆستا و چاڵاکوانی مەدەنی لە نووسینێکدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زۆرترین کاردانەوە بەدوای خۆیاندا دەهێنن، کاردانەوەکان بەشێکیان سیاسین و بەشەکەیتریان خەڵکێكی دڵشکاو، دڵێك کە بەدرێژایی چەندین ساڵ لە هەرێمەکەی خۆی دەشکێت. لێرەدا پرسیارە جدیەکە ئەوەیە ئایا دادگای فیدراڵی تاڵە پوشی بەردەم مرۆڤێکی نزیك لە خنکانە؟ یان نەخێر ئەم دادگایە دەیەوێت ببێتە بەرگریکاری هەموو لادانە دەستوریەکان و بێلایەنانە بڕیار بدات، دادگای فیدڕاڵی: بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەعێراق، ئەرکی ئەو دادگایە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە لەبارەی دەستوورەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "لێرەدا بە تێڕوانین لە جۆر و کاتی ئەو کەیسانەی ئەم دادگایە لە رابردوودا بڕیاری لەبارەوە داون، تێدەگەین کە دادگای فیدراڵی عێراق لە کوێی ململانێ سیاسیەکانی عێڕاقدایە، عێراقێك کە هیچ دامەزراوەیەکی نییە نەبوبێتە بەشێك لە ململانێ سیاسییەکان، بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پێماندەڵێت کە ئەم دادگایە بوەتە بەشێك لەو ململانێیەی کە لە نێوان کوردو سوننە و شیعەدا هەیە، تەنانەت لە نێو شیعەشدا هاوسەنگی لەدەستداوە و بەئاراستەی سیاسەتەکانی ئەو ئاراستە شیعیەدایە کە پێ بەپێ سیاسەتەکانی تاران جێبەجێ دەکەن کە دەکرێت بەشێك لەمەش بە قازانجی خەڵك بکەوێتەوە".

دەشڵێت "گەر سەرنج بدەینە دادگای فیدراڵی عێراق لە ماوەی کارکردنیدا ئەوا بەڕوونی ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم دادگایە بەشێكبووە لە فشارەکان و ململانێکان بە سوودی ئیتاری تەنسیقی ئێستاو و هاوئاراستەکانی رابردوویان، لەو کاتانەشدا رۆڵ دەگێڕێت کە گفتوگۆکان شکست دەهێنن یان لە شکستەوە نزیکن ئەمەش بۆ چۆکپێدادانی لایەنی نەیاری هێزی بڕیاردەری شیعەیە، ئەم دادگایە لە رابردوودا لە هەندێك کاتدا بڕیاریداوە کە هەموو کاتەکان ئەو کاتانەن کە گرفتی گەورە لە نێوان هەرێم و عێراقداهەن، بە پێچەوانەشەوە هەر کات دوورییەکان کەمبوبنەوە یان رێککەوتنیان کردبێت ئەوا ئەم دادگایەش چوەتە سوڕی متبونەوە، یان ئەو سکاڵایانەی راگرتووە کە دەبنە هۆی تێکدانی پەیوەندیە دۆستانەکان، هەروەها پێشم وایە زۆرینەی بەرپرسانی ئەم هەرێمە نەگوێ دەگرن و نەهیچ کەسیش لە خۆیان بە عاقڵتر دەزانن، لە کاتێکدا زۆرینەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە لە زۆربەیان عاقڵتر و سیاسیترن".

لە کۆتایدا نووسیویەتی "پێموایە ئەوە باشی عێراق و دادگاکەی نیە خەڵك پەنای بۆ دەبات، بەڵکو خراپی دادگاکان و بەرپرسانی ئەم هەرێمەیە وایکردوە سەرقاڵی چەپڵە لێدانین بۆ ئەوانەی حەزناکەن دانی بڕینی تیکەیەك نانمان هەبێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار