وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نەبوونی پارەی نەختینەیی بۆ دابەشکردنی مووچە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە باس لە نەبوونی پارەی نەختینەیی دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچە"، جەختیشی لەوەکردەوە "مووچەی فەرمانبەران و بیمەی کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینان بەبێ دواکەوتن دابین دەکەین".
لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت "ئەو پلانەی چاکسازی دارایی و ئابووری کە حکومەت پەیڕەویکرد، بووە هۆی زیادبوونی بەرچاو لە گەشەی ئابووریدا، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگی بۆ دەوڵەت بەدەست هێنا لەڕێگەی زیادکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و دەستپێکردنەوەی ژمارەیەک کارگەی هەڵپەسێردراو، بەتایبەتی خۆراک و کارگەکانی بیناسازی، لەگەڵ زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنان لە چەند پڕۆژەیەکدا".