گوزە‌رێك بە‌ مێژووی دۆنمەکان: ڕۆڵ و كاریگە‌ریان لە ناو دەوڵەتی عوسمانی و تورکیای کۆماریدا

9 مانگ لەمەوپێش



 شارۆ شاهۆ

پرسی پەیوەندی نێوان وڵاتانی تورکیا و ئیسرایل دەکرێت وەک بابەتێکی پڕ لە مشتومڕ تەماشا بکرێت. پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە ساڵانێکە جێگای باس و خواسی چەندان ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیاوازە. زۆرێک لە شیکەرەوە بواری زانستی ڕامیاری ڕادەمێنن لە ئاست ئەم پەیوەندییە کە بەڕوو کەش پڕ ناکۆکەیە چۆن دەکرێت و دەبێت گرێ بدرێنەوە بەو گەشەسەندنە بەردەوامەی کە لە نێوان هەر دوو وڵات بەدی هاتووە لەمەڕ پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەربازیدا؟ بەگوێرەی زانیارییەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK) هەناردەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢ بە هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بۆ دەسەڵات، ئیسرائیل تەنیا یەک ملیار و چل و یەک ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئەم قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٩١.٨ ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە.[1] لە پاشدا لە ساڵی ٢٠٢٣ قەبارەی بازرگانی نێوان هەر دوو وڵات بە ڕێژەی لە ٪٣٠ ڕووی لە هەڵکشان کردووە بە جۆرێک کە هەناردەی تورکیا بۆ ئیسرائیل لە ٣١٩.٥ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٤٣٠.٦ ملیۆن دۆلار بووە لە نێوان مانگەکانی نۆڤەمبەر تاوەکو کانوونی دووەمی ٢٠٢٣.[2] ئەوەی لێرەدا جێگای ڕامانە ئەم گەشەسەندنە بازرگانییەی نێوان هەر دوو لایەن کارتێکراو نەبووە بە سەرهەڵدانی جەنگی نێوان (ئیسرائیل-حەماس)، هەموو سەرکۆنە و هەڵوێستە لێک دژ یانەی کە تورکیا بەردەوام خستوونیەتە ڕوو لە بەرامبەر ئیسرائیل و هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بە ئامانجی ڕیشەکێشکردنی گرووپە جووداخوازەکانی سەر بە بزووتنەوەی چەکداری حەماس. بە ئامانجی قووڵبوونەوە لە چییەتی ئەم پەیوەندییە؟ خستنە بەر باسی ناساندنی (شاباتای زێڤی) و شوێنکەوتووەکانی کە بەناوی (Dönme)، یاخود جووە محەممەدییە کان ناسێنراون لەناو دەوڵەتی عوسمانی و تورکیای کۆماریدا. دەبێتە سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هەمەلایەن لە وێنە گەورەکەدا لەمەڕ ئەو پەیوەندییەی کە هەر دوو دەوڵەت (ئیسرائیل، تورکیا) هەیانە کە سەرباری ناکۆکییەکانیشیان لە ڕووکەشدا، پارێزەرێکی ڕاستەقینەی یەکترین لە دیوە نادیارەکەی کایە ڕامیاریەکاندا و ڕەنگ ڕێژی پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەکەن لە ئاستی ستراتیژیدا. بێگومان ئەمەش بەبێ بوونی پاشخانێکی مێژووی، ڕۆڵ و دەسەڵاتی گرووپێکی بەهێزی ناو دەسەڵاتی تورکیی لە نموونەی «دۆنمەکان» کارێکی لەم جۆرە ئەستەمە سەرپێ بخرێت.

سەرباس، (شاباتای زێڤی) پاش دەر گیربوونی لەگەڵ فێربوون و قاڵ بوونەوە لە زانستی «کابالای» عیرفانی جووەکان و گەشتە بەردەوامەکانی وەک گەڕیدەیەکی ئایینی بۆ قودس و میسر و گەڕان بەناو خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی. لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا و لە ساڵی (١٦٤٨ز) لە ناو شوێنکەوتووەکانی خۆی وەک مەسیحی چاوەڕوانکراوی جووەکان ناساند، بەڵام هەر زوو لە ناو ڕابیەکانی ئایینی جوو دا ڕەت کرایەوە و بە کەسێکی درۆزن ناسێنرا. هەروەها لە لایەکی دیکەوە لەلای سوڵتانی عوسمانی زمانی لێ درا لەلایەن ڕێبەرە ئایینییە جووەکانەوە، تۆمەتی کوودەتا و هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی خرایە پاڵ. سوڵتان محەممەدی چوارەم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد و دادگایی کرا لە ساڵی (١٦٦٦ز) بە تۆمەتی بانگەشەی پێغەمبەریەتی و بڵاوکردنەوەی ئاشووب. دادگای سوڵتان مەرجی بۆ دانا کە ئەگەر خۆی ڕاگرت لەبەرامبەر تیری پاسەوانانی کۆشک و کاری تێ نەکرد ئەوا ڕاستگۆی پەیامەکەی دەسەلمێنێت! وەک مەسیحی چاوەڕوانکراو. بەڵام سێڤی ڕەتی کردەوەکە بانگەشەی لەو جۆرەی کردبێت و لە پێناو ڕزگاربوونی لەم مەرجەی سوڵتان لەناو دادگا دا موسڵمانبوونی خۆی بەیان کرد و لەبەرامبەردا سوڵتان لێی خۆش بوو بەمەش سەرجەم تۆمەتەکانی لەسەر هەڵوەشایەوە، لەلایەن سوڵتانەوە نازناوی (عەزیز محەممەد ئەفەندی) وەرگرت.بە موسڵمانبوونی شاباتای زێڤی شوێنکەوتووانیشی بوون بە موسڵمان لەپێناو ڕزگاربوونیان لە کوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەوە. شوێنکەوتووانی شاباتای زێڤی بەڕووکەش بوون بە موسڵمان، بەڵام لە جەوهەردا دەستگیربوون بە بنەمای ئایینی جوو و باوەڕ هێنانی تەواو بەوەی کە ڕێبەرەکەیان مەسیحی چاوەڕوانکراوە و لە نەوەی داود پێغەمبەرە،کە جارێکی تر هەیکەلی سلێمان بنیات دەنێتەوە و ڕزگاریان دەکات لە ساڵانی ستەم و نەهامەتی. لەدوای مەرگی (ساباتای زێڤی) لە ئەلبانیا لە ساڵی (١٦٧٥ز)، شاری ساڵۆنیکا کە لە ئەمڕۆدا لە ژێڕ هەژموونی ڕامیاری و کارگێڕی وڵاتی یۆنانە، لەو سەردەمەدا لەژێر هەژموونی حوکمڕانی دەوڵەتی عوسمانیدا بووە.

لە پاش کۆچی دوایی (ساباتای زێڤی) شاری ساڵۆنیکا دەبێتە ناوەندی کۆبوونەوەی خێزانە جووەکانی دۆنمە و زیاتر لە سێ سەد بنەماڵەی دەوڵەمەندی جووی ساڵۆنێکی لە دەوری هاوسەری سێیەمی شاباتای زێڤی کۆ دەبنەوە کە ناوی (عائیشە خاتوون) ە و خەڵکی ساڵۆنیکا بووە. سەرەنجام کۆمەڵگای شاباتیەکان ئاوا دەکەن لەسەر ناوی ڕێبەرەکەیان لە چوارچێوەی سێ خێزاندا دەبن کە ئەوانیش بریتین لە: قەبانچی، یەعقوبی، کاراکاشەکان.[3]  شاباتیەکانی سالۆنیکا بۆ شاردنەوەی زیاتری شوناسی ئایینییان لەناو کۆمەڵگایەکی زۆرینە موسڵماندا، تێهەڵکێشی بنەما سۆفیگەریەکانیان کرد لەناو نوێژ و دەرکەوتنەکانیاندا بەتایبەت تەریقەتی سۆفیگەری (بێکتاشی) و ڕێبازی مەولەوی. لەپاڵ ئەم بەرگە سۆفیگەریەدا بە تەنیا هاوسەرگیرییان لەناو خۆیاندا دەکرد. دۆنمەکان لەسەدەی نۆزدەهەمدا ژمارەیان نزیک دەبوویەوە لە پێنج هەزار ئەندام لەناو خێزانە جووەکانی سالۆنیکادا. سالۆنیکا بەو پێیەی کە شارێکی سەر دەریایی بوو، خاوەنی بەندەری گواستنەوەی سەردەمیانە بوو، بووبووە جێگایەکی بایەخدار بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وڵاتانی ئەوروپاییدا. دۆنمەکان هەر زوو توانیان ببنە سەرمەشق لە بواری بازرگانیدا، بەتایبەت بازرگانی کۆ تاڵ و تووتن. بە جۆرێک (محەممەد قەبانچی) کە ئەندامی دۆنمە بوو، توانی ببێتە بەرپرسی ژووری بازرگانی سالۆنیکا و هاوکار لۆبیکاری گەورەی دامەزراندنی هێڵی ئاسنینی (سالۆنیکا- ئەورووپا) کە وە چەرخانێکی گرنگ بوو لەو سەردەمەدا بۆ زیادبوونی گەشەی بازرگانی لە سالۆنیکا.[4] بازرگانی تووتن لەو سەردەمەدا بەتەواوی دۆنمەکان توانیان بەتەواوی قۆرغکاری تیادا بکەن لە ڕێگەی گەورە بازرگانی بواری تووتن (حەسەن ئەکیف) کە دواتر توانی کۆمپانیایەکی گەورەی بواری تووتن لە ئەڵمانیا دابمەزرێنێت لە ساڵی ١٩١٢. هەروەها لە ڕێگەی بەستنەوەی سالۆنیکا بە ئەورووپاوە، بازرگانی تووتن بەتەواوی کەوتە ژێر ڕکێفی دۆنمەکان.  [5]

بەسوود وەرگرتن لە سەردەمی (تەنزیمات) ی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (١٨٣٩-١٨٧٦) کە تایبەت بوو بە مۆدێرنکردنی هەیکەلیەتی حوکمڕانی و پێشخستنی سیستەمی کۆمەڵایەتی بە ئامانجی بەر لێگرتنی زیاتر لاوازبوونی هەژموونی دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر وڵاتانی زلهێزی ئەورووپی، دۆنمەکان توانیان سالۆنیکا ببەنە ئاستی شارە هاوچەرخە ئەورووپییەکانەوە تەنانەت سامانەکانی خۆشیان بە کار هێنا لە برەو دانی زیاتر بە ئاوەدانکردنەوەی سالۆنیکا. ئەوان لە دڵسۆزەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون چونکە سوڵتان بە یاسا لە ساڵانی نێوان (١٨٧١-١٨٧٨) بەشداری یەکسانی بەخشی بوو بە پێکهاتەکانی (جوو و مەسیحی)یەکان تاوەکو  بێ هیچ ڕێگرییەک بتوانن بەشداری لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی شارەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان بکەن. ئەوەی لێرەدا گرنگە بیخەینە بەر باس دۆنمەکان بە تەنها ئامانجەکانیان زەنگین بوون و جڵەوی دەسەڵات نەبوو، بەڵکوو ئامانجیان بوو کە بەتەواوی شێوازی دەسەڵاتداری لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بگۆڕن لە ڕێگەی پەروەردە و بڵاوکردنەوەی بیری نوێگەرییەوە. لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەهەم، دۆنمەکان لەڕێگەی (زەکی ئەفەندی) بیرۆکەی دامەزراندنی خوێندنگەی تایبەتیان گەڵاڵە کرد کە تێیدا خوێندکار بە شێوەیەکی هاوچەرخ پەروەردە بکرێت و فێری زمان و زانستی نوێ بکرێن. یەکەم جێبەجێکاری ئەم بیرۆکەیەش (شەمسی ئەفەندی) بوو کە خوێندنگەیەکی تایبەتی دامەزراند و ڕەنگڕێژی پرۆگرامێکی پەروەردەیی کرد کە بنەما ئاکاری و بیرە نوێگەرییەکان تێیدا ڕەنگی دابووە وە. بەو پێیەی شەمسی ئەفەندی توانا داراییەکانی سنووردار بوو بۆ فراوانکردنی خوێندنگەکەی، گەڵاڵەی پرۆگرامی فێرکردنی خوێندنگەکەی لەگەڵ چەند بنەماڵەیەکی سەرمایەداری دۆنمە هاوبەشی پێ کرد. یەکەم دامەزراوەی پەروەردەی تایبەت بەناوی (فەیزییە Feyziye) لەلایەن (مومەیەز تۆفیق ئەفەندی) لە ساڵی ١٨٨٥ لە سالۆنیکا دامەزرا. ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە پەروەردەکردنی منداڵی خێزانەکانی دۆنمە و سەرجەم دانیشتوانی ساڵۆنیکا بەبێ جیاوازی. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکرێت (مستەفا کەمال ئەتاتورک) یەکێک بووە لە فێرخوازەکانی (شەمسی ئەفەندی)، بە جۆرێک ئەتاتورک وەفاداری ئەم دامەزراوە پەروەردەییە بووە، لە چەندین دیدار و گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی باسی گرنگی ڕۆڵی ئەم دامەزراوە پەروەردەییە و مامۆستاکەی (شەمسی ئەفەندی) کردووە لە پەروەردەکردنیدا. دواتر لەسەر ڕەزامەندی ئەتاتورک لە ساڵی (١٩٣٤) ناوی ئەم دامەزراوە پەروەردەیییە لە فایزییە وە دەگۆڕێت بۆ ناوی (عەشق- Isik). لەو مێژووە هەتاکوو ئەمڕۆ خوێندنگە پەروەردەیییەکانی عەشق لە سەرانسەری تورکیا بوونیان هەیە، تەنانەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە.[6]

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ئیمپراتۆڕیەتی عوسمانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەی بە خۆیەوە دی، گرنگترینیان شۆڕشی دەستووری بوو لە ساڵی (١٩٠٨)، کە ڕۆشنبیرە دۆنمەکان لە شۆڕشی دەستووریدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو بە بەشداریان لەگەڵ تورکە لاوەکانی شۆرشگێرەکان و پارتی ئیتیحاد و تەرەقی لەوانە (محەممەد جەوید، د. نازم محمد بەگ، تۆفیق ڕوشدی ئاراس). سالۆنیکا ئەو سەردەمە لانکەیەکی گرنگ بووە بۆ ئامادەکاری شۆڕشگێڕی و بڵاوکردنەوەی بیری نوێگەری بۆ شۆڕشی دەستووری بەتایبەت لە گۆڤارێکی دۆنمەکان بەناوی (گونچەی ئەدەب - Gonca-i Edeb [7]) پاش ئەوەی کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم ناچار بەدەست لە کارکێشانەوە دەکرێت و دەسەڵاتی ڕەها دەکەوێتە دەست سێ پاشاکە (تەڵعەت پاشا، ئینڤور پاشا، کەمال پاشا). لەدوای شۆڕشی دەستووری دۆنمەکان لەلایەن کۆمەڵگای زۆرینە موسڵمان دەکەونە بەر هێرش و بڵاوکردنەوەی تیۆری پیلانگێڕی کە وا گوایە دەستیان هەبووبێت لە ڕووخانی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم. زۆرینەی ئەو دەنگۆیانەی کە لەسەر دەسەڵاتی  نهێنی و حکومەتی سێبەری دۆنمەکان بڵاو دەکرایەوە لەلایەن ڕێبەرێکی ئایینی بوو کە ناوی (دەروێش وەحدەتی) بوو کە سەر بە تەریقەتی بێکتاشی بوو لە ڕۆژنامەی (ڤۆڵکان - Volkan) وەحدەتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دۆنمەکان هێشتا هەر جوون، ڕاستە ناوی منداڵەکانیان عەرەبی و ئیسلامییانەیە بەڵام ناکرێت لەم کۆمەڵگایە جێگایان ببێتەوە چونکە دەستیان هەبووە لە شۆڕشی دەستووری و بڵاوکردنەوەی بیری نوێگەری کە دژی بنەماکانی ئاینی ئیسلامە.

بارودۆخی ژیانی دۆنمەکان لە سالۆنیکا لە سەدەی بیست بەرەو ئاوارەیی و دەربەدەری زیاتر دەڕۆشت و لە ساڵی ١٩١٣ ئاگرێکی گەورە شاری سالۆنیکای گرتەوە و بووە هۆکاری سوتانی دەیان موڵک و ماڵ و گۆڕستان و ئەرشیفی دۆنمەکان لە سالۆنیکا. لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی (١٩١٩) یۆنانییەکان وەک بەرەی براوەی جەنگەکە دەستیان بە سەر بەشێکی گەورەی خاکی ئانادۆڵ گرت تاوەکو ساڵی ١٩٢١، کاتێک تورکەکان هێرشی پێچەوانەیان دەست پێ کرد و لە شەڕی سەکاریا لە ئابی ١٩٢٢ یۆنانییەکدان شکان و پاشەکشەییان کرد لە خاکی ئانادۆڵ، پەیمان نامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ واژووکرا. بەگوێرەی دەقی نێو پەیماننامەکە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دانیشتوان لە ساڵانی (١٩٢٣-١٩٢٤) لەنێوان یۆنان و تورکیا نوێ دەستی پێ کرد دەبووایە مەسیحی و ئەرمەنییەکانی تورکیا بگەڕێنەوە بۆ یۆنان و موسڵمانانی یۆنانیش بگەڕێنەوە بۆ تورکیا لەو نێوەندەشدا دۆنمەکان بەو پێیەی بە ڕووکەش موسڵمان بوون بە نزیکەی پانزە هەزار ئەندام و هاوڵاتی دۆنمە لەسالۆنیکا گوازرانەوە بۆ تورکیا.[8]زۆرێک لە دۆنمەکان تەنانەت قەرەبووشیان وەرنەگرت لە بەرامبەر موڵک و ماڵە جێهێڵراوەکانیان لە سالۆنیکا و دووچاری گرفتی زۆربوون لە دەست پێکردنەوەی ژیانێکی نوێ لەناو وڵاتی تورکیای نوێدا. یەکێک لە دیارترین گرفت ئەوە بوو وەک تورکی ڕەسەن سەیر نەدەکران و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە بە جووی هەڵگەڕاوە پێناسەیان دەکردن دەنگۆی سەمەرەیان دەدانە پاڵ لەوانە گوایە کە ڕێوڕەسمی سێکسی نهێنی پەیڕەو دەکەن و هۆکارێکن بۆ قۆرخکردنی بازاڕ و نەهێشتنەوەی هەلی کار بۆ تورکەکان. تورکە ڕەگەزپەرستەکان داوایان دەکرد کە پێویستە حکومەت ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر لەدژیان. یەکێک لەوانەی کە خۆی هەر دۆنمەی بوو، بەڵام دۆنمەکانی ڕەت دەکردەوە لەدژیان دەینووسی (کاراکاشزادە محەممەد ڕوشدی) بوو. زنجیرەیەک وتاری لە دژی دۆنمەکان نووسی و لە ڕۆژنامەی (Vakit) بڵاو کردەوە، لە ئەنجامدا بووە هۆکارێک بۆ زیادبوونی وتاری ڕق ئامێز لەدژی دۆنمەکان.[9]دەکرێت تەنیا سوودێک لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دانیشتوان بۆ دۆنمەکان ئەوە بووبێت، کە پارێزراو بوون لە پلانی (دواین چارەسەری) نازییەکان بۆ کۆتایی یەک جارە کی جووەکان، نەنێرران بۆ ئۆردوگاکانی قڕکردن لە جەنگی جیهانی دووەمدا. چونکە کاتێک نازییەکان لە تەممووزی ساڵی ١٩٤٣ دا سالۆنیکایان داگیر کرد، ئەو جووانەی کە لەوێ مابوونەوە بە زۆرەملێ ڕاگوازی ئۆردوگاکانی (ئاوشڤیتس) کران لە پۆڵەندا و بە شێوەیەکی دڕندانە جینۆساید کران. ئەم ڕاگواستنە بە هۆلۆکۆست لە یۆنان ناسێنراوە. [10]

دۆنمەکان لە تورکیای نوێ دا سەرباری دژایەتی بەردەوامیان توانیان جێگای خۆیان بکەنەوە لە کایەی بازرگانی و ڕامیاری دا و لە پێکهێنانی حکومەتدا زۆرینەیان ناو وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە جێگایان بوویەوە. یەکەمین وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوەی تورکیا لە ماوەی ساڵانی (١٩٢٣- ١٩٣٨)، د. تۆفیق ڕوشدی ئاراس بوو کە سەر بە خێزانی کاراکاشی دۆنمە بوو. [11]هەروەها، لە ماوەی ساڵانی نێوان (١٩٩٧- ٢٠٠٢) وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیسماعیل چیم، ئەویش بە هەمان شێوە دۆنمەی سالۆنیکی بوو سەر بە خێزانی (ئی پێ کچی - İpekçi)ە کان بوو. [12]

دۆنمەکان تاکوو هەنووکەش لە تورکیا بە پەنهانی کار دەکەن و بەردەوامی دەدەن بەو نەریتە ئایینییەی کە لە باوانیانەوە بۆیان بەجێ ماوە، هەڵقوڵاوە لەگەڵ ڕاسپاردەکانی شاباتای لێڤی کە خۆی دەبینێتەوە لە ١٨ ڕاسپاردە. سەرجەمیان ڕاسپاردەی پەروەردەی و خۆپارێزییە. کاتێک زێڤی موسڵمان بوونی خۆی بەیان کرد، شوێنکەوتووانی بەرەو نزیک بوونەوە لە میراتەکانی عیرفان ناسی، زانا و شوێنکەوتووانی ناو تەریقەتە تەسەوفی یە ئیسلامییەکان کەمەندکێش کرد بە ئامانجی پارێزگاریان لە لەناوچوون لەناو کۆمەڵگایەکی زۆرینە موسڵمانی تورکیدا کە لە سەرەتای پێ هەڵنانیدا بوو بۆ کۆمەڵگایەکی سیکۆلار. سەر بار، دۆنمەکان ئەمڕۆ کارەکتەری گەورەن لە بڕیارە ڕامیارییەکاندا بەو پێیەی کە دەست باڵان لە بواری بازرگانی و پەیوەندییەکاندا، باوەڕدارن بەو بڕیارەی کە ڕێبەرەکەیان لەبەردەم سوڵتاندا دای بۆ ڕزگاربوون. لیرەدا بەجێی دەزانم کە گرێدانەوەیەک بکەم بە دیالۆگێک لە فیلمی (Godfather III) لەنێوان (ڤنسنت کۆرلیۆنی و دۆن لۆکیزی) دا، ڤنست نەزانینی خۆی دەردەبڕێت لەوەی کە ئەو نازانێت لە زانستەکانی دارایی و ڕامیاری. لە وەڵامدا (دۆن لۆ کێن زی) دەڵێت: تۆ تێ دەگەیت لە چەک؟ دارایی چەکەکەیە و ڕامیاری زانینی ئەوە چرکەساتەیە کە پێویستە بەکاریبهێنیت. [13]

دواپەیڤ:

ئەوەی لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا خستمانەڕوو لەسەر دۆنمەکان و مێژوویان و کاریگەریان مشتێکە لە خەروار، پێویستیەکی زیاتر هەیە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەریان لەلایەن ناوەندە کوردییەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی ستراتیژی. کەلێنکی گەورە تێبینی دەکرێت لەنێو پارتە ڕامیارییەکان لە باشوور و کادیرەکانیان کە بە چاوێکی فراوانتر ناڕواننە ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، هەڵگری پاشخانێکی مێژووین کە ناکرێت هەر وا بە سانایی باز بەسەریاندا بدرێت. هەروەها پارتە ڕامیارییە ئیسلامییەکانی باشوور بەتایبەتتر بەبێ بوونی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاڕاستەی پەیوەندییەکانیان دەکەن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بە نموونەی تورکیا و ئێران، لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییەش ڕەنگڕێژی گوتارە ڕامیارییەکانیان دەکەن، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژیە هاوبەشەکان کە ئاڕاستەی پەیوەندییە ڕامیاری و بازرگانییەکان دەکەن لە ناوچەکەدا. لەپاڵ بزاوتە ڕامیاریەکان، بزاوتە ئایینییەکان لە نموونەی تەریقەتە سۆفیگەریەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی زیاتر گەشە بە دروستکردنی ڕێبازێکی تەسەوفی سەربەخۆ بدەن کە لە خزمەت دۆزی نەتەوەی بێت. پەیڕەوی جۆرێک لە جوداخوازی ئایینی و مەزهەبی کارتێکراو بەهێزە ناوچەیەکان دەکەن،  کە بووەتە ڕوو کارێکی نەویستراو بۆ پەرتبوونی زیاتر. لێرەدا گرنگە ڕەچاوی جۆرە یەکگرتوویەکی ڕۆحی بکرێت بە نموونەی دۆنمەکان کە کردیان، توانیان هەژموونی خۆیان بسەپێنن بەسەر تەریقەتە تەسەوفەکانی ناو تورکیادا و لە خزمەت بەرژەوەندییەکانیان ئاراستەی بکەن. دواجار لێرەدا ئەوە گرنگە وەک ڕاسپاردەیەکی جەوهەری بیخەینە ڕوو گەڕان بەناو مێژووی ڕاستەقینەی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان، ببێتە کارێکی لە پێشینەی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەتاکوو لەسەر بنەمایەکی وردی زانستی ئاراستەی پەیوەندییە ڕامیاری و بازرگانی و کلتوری و سەربازی و هەواڵگرییەکان بکرێت. بە ئامانجی بە دووربوون لە هەڵەی ستراتیژی و لایەنگری کوێرانە کە جگە لە ماڵوێرانی بۆ وڵاتەکەمان و هاونیشتمانییەکانمان، هیچی تری لێ ناچنرێتەوە.

 

سەرچاوەکان:

  1. https://tr.euronews.com/2023/10/11/turkiye-israil-ekonomik-iliskileri-ne-durumda-ticaret-hacmi-ak-parti-iktidarinda-nasil-deg .
  2. https://thecradle.co/articles-id/17708
  3. https://www.jewishencyclopedia.com/articles/13480-shabbethai-zebi-b-mordecai#1742
  4. The Dönme: Jewish Converts, Muslim Revolutionaries, and Secular Turks by Marc David Baer (PhD, History, University of Chicago), Published by Stanford University, page 70.
  5. (Baer,page 75).
  6. https://www.fmv.edu.tr/en-US/history-of-the-school/4061
  7. (Baer,page 90-91).
  8. https://www.hurriyetdailynews.com/opinion/william-armstrong/the-evolution-of-ottoman-turkish-donmes-91040 .
  9.  (Baer, page 157).
  10.  https://encyclopedia.ushmm.org/content/en/article/greece .
  11. (Baer, page 248).
  12. https://yasamoykusu.com/biyografi/ismailcem.

https://www.youtube.com/watch?v=Jp5Rn0k5Bv0

 

[4] The Dönme: Jewish Converts, Muslim Revolutionaries, and Secular Turks by Marc David Baer (PhD, History, University of Chicago), Published by Stanford University, page 70.

[5]  (Baer,page 75).

 

[7] (Baer,page 90-91).

[9] (Baer, page 157).

[11] (Baer, page 248).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار