نادیموکراسیی دیموکراسی
9 مانگ لەمەوپێش
سامانی وەستا بەکر
دیموکراتی واتا دەسەڵاتی گەل بەڵام کاتێ گەل ناهۆشیاربوو چی؟
ئەی ئەگەر دیموکراسی چارەسەری کێشەکان نەکات جێگرەوەی چییە؟
دیموکراسی: بەیۆنانی بەواتای: «فەرمانڕەوایی گەل» شێوازێکی فەرمانڕەواییە کەھەموو ھاووڵاتییەکی «شیاو» بەیەکسانی تیایدا بەشداردەبن، کەبڕیارەکان بەپێی رێنمایییەکانی زۆرینەی ھاووڵاتیان بەھۆی پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی بێگەرد وەردەگیرێن. کەبارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگی لەخۆدەگرێت، کە رێگە بەھاووڵاتیان دەدات چارەنووسی رامیاری بەئازادی و یەکسانی دیاری بکەن، ھەروەھا یەکێک لەگرنگترین بنەماکانی دیموکراسی بریتیە لە «بەرپرسیارت»، کەڕێز لەسیستم بگیرێت و هوشیاریت زالبێت بەسەر زەبرو توندوتیژیدا.
دەستەواژەی دیموکراسی لەوشەی یۆنانی «دیموکراتیا» وەرگیراوە، کەوشەی یۆنانییەکە لەدوو بەش پێکھاتووە «دێمۆس» واتە گەل و «کراتین» واتە فەرمانڕەوایی. بەمانای «فەرمانڕەوایی گەل». چەندین شێواز لەدیموکراسی ھەیە، بەڵام دوو شێوازی بنەڕەتی ھەیە، کەھەردووکیان ھەوڵدەیەین بۆ چۆنیەتی بەدیھێنانی داواکاری ھاووڵاتییان، یەکیک لەشێوازەکانی دیموکراسی، بریتییە لەدیموکراسی راستەوخۆ کە رێگە بەھەموو ھاووڵاتییەکی شیاو دەدات بەشداری راستەوخۆو کاریگەری ھەبێت لەبڕیاردان لەپێکھێنانی حکومەت، یەکیکی تر لەشێوازەکانی دیموکراسی، بریتیە لەدیموکراسی نوێنەرایەتی کە لەزۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدیدەکرێت کەھەموو ھاووڵاتییەکی شیاو لە بڕیارداندا دەسەڵاتی باڵادەست دەمێننەوە بەڵام دەسەڵاتی رامیاری بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان بەنوێنەرایەتی جێبەجێ دەکرێت.
هاووڵاتی شیاو:
هاوڵاتی شیاو بەکەسێک دەوترێ کە لەڕووی تەمەنەوەو توانای بڕیاردانی هەبێ بۆ هەڵبژاردن و دیارکردنی نوێەرایەتی حزب، رێکخراو یان کەسێک تادەسەڵاتی خۆی پێببەخشێ و بەنوێنەرایەتی بەشداری لەدەرکردنی یاساو بەڕێوەبردندا بکات.
دەنگدەری شیاو:
بەکەسێک دەوترێ کەئاستێكی بەرزی هۆشیاری و تێگەشتنی بۆ لێکدانەوەی بابەتەکان هەبێ و بتوانێ شرۆڤەیەکی ژیرانە بۆ گفت و گوتاری حزب، رێکخراو، کەسایەتیی کاندیدەکان بکات و نەکەوێتە ژێر هەژموونی هەست و سۆزەوە.
هەڵەی شیاو:
مەخابن ئەوانەی کەئەنجامی پرۆسەی دەنگدان و دیموکراسی «فەرمانڕەوایی گەل» یەکلایی دەکەنەوە هاووڵاتی شیاون نەک دەنگدەری شیاو کەئەمەش بەگەورەترین و پڕ کێشەترین پرۆسەی دیموکراسی دەزانرێت بەتایبەتی لەوڵاتانی رۆژهەڵات و تازە گەشەکردووەکاندا چونکە رێژەی هاووڵاتی شیاو چەندین جار بەرامبەر بەدەنگدەری شیاوە، بەڵام ئەمە لەڕۆژئاوا جیاوازترە.
جۆرەکانی دیموکراسی:
*دیموکراسی میللی یان راستەوخۆ، ئەمە زیاتر بە «ئەپینی» یان رەسەن ناودەبرێت لەکۆی جیهاندا بوونی نییە.
*دیموکراسی سۆسیالیستی، ئەم جۆرە لەدیموکراسی سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.
*دیموکراسی مەسیحی و ئاینەکانی تر، لێرەدا ئاین دەبێ بەسەرچاوەی کۆی یاساو رێساکان و ئازادی بەرتەسک دەبێتەوە.
*دیموکراسی لیبڕال، ئەم نمونەیە ساڵانی زوو زیاتر لەسویسراو وڵاتانی ئەسکەندەنافیا جێبەجێدەکراو بەڵام لە ئێستادا کاڵبووەتەوە.
*دیموکراسی ناوەندی، ئەمەیان خراپترین جۆری دیموکراسییە کەشیوعییەت بەرهەمیهێناوە، لێرەدا دەسەڵات لای ئەنجومەنی سەرکردایەتییەو گەل دەبێ گوێڕایەڵبێ.
زۆر جۆری تری دیموکراسی هەیە، بەڵام بەگشتی دابەش دەبێ بەسەر دوو جۆردا:
١. دیموکراسی راستەخۆ. رێگە بەھەموو ھاووڵاتییەکی شیاو دەدات بەشداری راستەوخۆو کاریگەری ھەبێت لەبڕیاردان لەپێکھێنانی حکومەتدا، ئەم جۆرە لەدیموکراسی لەزۆرێک لەوڵاتەکان دەستی تێدەخرێت و کاریگەری راستەوخۆی هاووڵاتی لاواز دەکرێت.
٢. دیموکراسی ناڕاستەوخۆ یان دیموکراسی نوێنەرایەتی. کە لەزۆربەی دیموکراسییە مۆدێرنەکان بەدیدەکرێت، کەھەموو ھاووڵاتییەکی شیاو لەهەڵبژاردنی نوێنەران لەدەسەڵات بەشدارەبن، بەڵام دەسەڵاتی رامیاری بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێگای نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان جێبەجێدەکرێت. دیموکراسی ناڕاستەوخۆ ئایدیۆلۆژیاو بنەماو رێبازو مەبدەئی نییە، بەڵکو کۆمەڵە رێکكەوتن و بەهایەکی سیاسی هاوبەشە، هەموو لایەک کۆکن لەسەری، بۆیە ئەو هەموو دۆخە وەدەگرێت.
نادیموکراسی خودی دیموکراسی:
وەک پێشیتر پێناسەکرا کەدیموکراسی واتای «فەرمانڕەوایی گەل»ە، واتا دەبێت گەل هاوبەش و یەکسانبن و پێکەوە فەرمانڕەوایی بکەن، بەڵام هەر بەپێی ئەو واتایەو لەسیستمی دیموکراسیدا نادادی و خۆسەپاندن دەسەپێنرێ، زۆرینە کۆی مافەکانی بەرامبەر هیچی کەمینە دەسەپێنێ و لەهەموو لایەکیشەوە دانی پیادەنرێت.
نادیموکراسی بوون لەخودی دیموکراسییدا ئەوەیە کە رێ بەزۆرینە دەدات مافەکانی کەمینە پێشێل بکات، زۆربەی کات کەمینە یان نەتەوەی ژێردەست مافەکانی دەخورێت و بەدەنگدان و بەشێوەی دیموکراسی بەدۆڕاوی دێتەدەرێ بۆ نموونە دیموکراسی لە «عێراق، تورکیاو ئێران».
لەعێراقدا بەدیموکراسی و حوکمی زۆرینەی نوێنەرانی مەزهەبێکی دیاریکراو لەنەتەوەی سەردەست، لەگەڵ بوونی دەستورێکی دانپیانراوا، کەچی بەردەوام شیعەی باڵادەست لەڕێی زۆرینەی پەرلەمانییەوە بەدیموکراسی مافەکانی سوننەو کورد پێشێل دەکات، ئەوەشی بەدەنگدان بۆیان نەکرێ لەڕێگەی دادگای بەناو فیدراڵییەوە دەیسەپێنن چونکە زۆرینەی ئەو دەزگایەش سەر بەوانە.
لەتورکیا بەدەنگدان و دیموکراسی لەڕێگەی هەردوو دەزگای پەرلەمان و دادوەرییەوە مافەکانی کورد لەو وڵاتە نەک پێشێل دەکرێ بەڵکو تا ئاستی سڕینەوەش دەڕوات، لەتورکیا زمان و کلتور، خاک و نیشتمان، هونەر و ئەدەب هەمووی لەپەرلەمان و لەدادگاکانەوە لەکورد قەدەغەدەکرێ، لەڕاستیشدا بەدیموکراسی لەڕێی نوێنەرە هەڵبژێراوەکانەوە جێبەجێدەکرێ، کەکۆی ئەو کارانە نادادی و چەوسانەوەو سڕینەوەو نکۆڵی کردنە لەمافی گەلی کورد، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها سەرنجی لەسەر دەردەبڕێ و ئامادەنییە هیچ پەستانێک بخەنە سەر تورکیا لەبەر دوو هۆکار: هۆکاری یەکەم ئەوەیە کەپرۆسەکە لەپەرلەمان و دادگاکانەوە بەشێوەیەکی دیموکراسی و یاسایی جێبەجێدەکرێ. هۆکاری دووەمیش بەرژەوەندی هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتەو دیموکراسی دەکرێ بەخۆراکی بەرژەوەندییەکان.
دیکتاتۆر لەدیموکراسیدا:
دیموکراسی راستەوخۆ یان میللی کەزیاتر بە «ئەپینی» ناسراوەو گەل بە یەکسانی فەرمانڕەوایی دەکەن لەئێستادا بوونی نەماوەو ئەگەر هەشبێ زۆر دەگمەنە. لەسەردەمی ئێستادا هێزە توندڕەوەکان، ئاینی و مەزهەبەکان، دژە فرەیی و نەتەوەپەرستەکان لەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردنەوەو بەدەنگی زۆرینەو لەپەرلەمان کۆی خواستەکانیان بەسەر کۆی پێکهاتەکانی ترا دەسەپێنن، کە بەداخەوە لەئێستادا ئەم دیاردەیە وڵاتانی رۆژئاواشی گرتۆتەوە، نموونەی سوید، ئیتاڵیا، هەنگاریاو روو لەهەڵکاشانی زیاتریشە، گومان دەکرێ کە لەئەگەری هەڵبژردنەوەی دۆناڵد ترمپیشدا ئەمریکاش بگرێتەوە.
وڵاتانی هاوشێوەی روسیا، ئێران، وڵاتانی جیابۆوە لەیەکێتی سۆڤیەت، تورکیا، ڤەنزویلا، چین....هتد ئەم وڵاتانەش بەسودوەرگرتن لەدەنگدان و لەژێر پەردەی دیموکراسیدا درێژە بەدەسەڵات و مانەوەی دیکتاتۆرەکانیان دەیدەن.
زۆرەملێی دیموکراسی:
ئەوەی لەسەر دیموکراسی زانراوە ئەوەیە کەهەر کەسێک بەپێی خواست و حەزەکانی خۆی، بەبێ ترس و بەئاشکرا، کە دژ بەبەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی نەبێت، ئەوەی بەباشی دەزانێ ئەنجامی بدات، جا لەڕێی پرۆسەی دەنگدانەوەبێ یان نووسراو یان هەر شێوەیەکی تر کەگونجاوبێت، بەڵام ئەمە لەزۆربەی وڵاتانی رۆژئاو و رابەرانی دیموکراسی جیهانی لەهەموو کاتێکدا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، بۆ نموونە نووسین و بڵاوکردنەوە دژی هاوڕەگەزبازی رێگەپێدراو نییە، نابێ بەئاشکرا بەکەسی هاوڕەگەزباز بووترێ کەئارەزووی هاوڕێیەتی یان پیاسەکردن ناکەی لەگەڵی لەبەرئەوەی هاوڕەگەزبازە، خۆ ئەگەر ئەوەت پێووت دەتوانێ رووبەڕووی دادگات بکاتەوە، ئەگەر لەمناڵان بپرسرێ کەئایا چۆن لەهاوڕەگەزبازی دەڕوانن و لەوەڵامدا بڵێن ئەو کارە بەباش نابینن ئەوا باوک و دایکەکانیان بانگ دەکرێن بۆ لێپێچینەوە، بەدیوێکی ترا دەبی هاوڕەگەزبازی قبوڵکرێ ئەگەر لەناخیشدا دژبی، ئەمەش پێشێلکردنی ئازادی تاکە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا یەکناگرێتەوە.
جێگرەوەی دیموکراسی:
بەهۆکاری ئەوەی کەدیموکراسی راستەوخۆی میللی «ئەپینی»لەئێستادا بوونی نییەو پرۆسەکە نوێنەرایەتی خودی واتاو مەغزای ناوەکەی ناکات و لەئێستادا «دەوڵەت- نەتەوە» لەهەموو جیهان بەچڕی و تەنانەت لەڕۆژئاواو وڵاتانی ئەسکەندەنافیاش تۆخ بووەتوانێ و شەڕ لەسەر دیاریکردنی هێڵی سنوورە ئەتنیکییەکان بەردەوامە. ئەوا دەکرێ بەکەمێک سەرنجەوە «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک» جێگرەوەبێت.
ئەگەر بەدوای چارەسەردا بگەڕێین بەتایبەتی بۆ ئەو وڵات و شوێنانەی کە زیاتر لەنەتەوەیەک یان ئایین و مەزهەبێک بوونی هەیە ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان یان عێراق، تورکیا، ئێران، سویسرا، ئۆکرانیا...هتد، ئەوا کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی باشترین چارەیە، بەکرداریش لەڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێکراوەو سەرکەوتووشە، لەسیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بەپێی پێکھاتەکانە نەک زۆرینەو کەمینە یان نەتەوەی زاڵ و سەردەست وەک عێراق، ئێران، سوریا و تورکیا.
مۆدیلی نهتهوه - دهوڵهت لهگهڵ سروشتی کۆی پێکهاتهی کۆمهڵگاکانی خۆرههڵاتی ناوین ناگونجێت نەک تەنها کورد. لەساڵانی پێشووترا وردە وردە لەکۆی جیهاندا کار لەسەر کاڵکردنەوەی نەتەوەو سنور دەکرایەوەو زیاتر گرنگی بەمرۆڤبوون دەدرا، بەڵام بەداخەوە ماوەیەکە پێچەوانەکەی دەبینین بەتایبەتی لەدوای کرۆناو هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپاو شەڕی روسیا-ئۆکرانیاو بەهێزبوونەوەی هێزە نەتەوەپەرستەکان دەوڵەت-نەتەوە زۆر تۆخ بووەتەوە و کاریشی پێدەکرێ.
لەمۆدێلی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی دەکرێ ھەر نەتەوەو پێکهاتەیەک لەبری ئەوەی لەناو گلۆبالیزم یان ئیمپراتۆریەتی نەتەوەی باڵادەستدا بتوێتەوە، بەپێچەوانەوە درێژە بەبوونی خۆی بدات و گەشەش بکات، بەڵام ئەمە تەواو جیاوازە لەمۆدێلی نەتەوە –دەوڵەت، کە لێرەدا ھەموو نەتەوە بچووکترو کەمینەو پێکھاتەکان دەبن بەخۆراکی نەتەوەی سەردەست، نەک ھەر گەشەش ناکەن، بەڵکو ھێدی ھێدی بەرەو توانەوەو لەناوچوونیش دەچن. بەبارێکی تردا ئەگەر باس لەسیستمێکی دیموکراتی راستەقینە بکەین ئەوا دەبێ باس لەمۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بکەین بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە نەتەوەو پێکھاتەی جیاوازی تیایە، بەڵام ئەمیش بێ نەنگی نییە کە لێرەدا بوار بۆ باسکردنی نییە.