ژینگەی قەزای بازیان لەبەر رۆشنایی یاساکانی ژینگە

9 مانگ لەمەوپێش



یاسین ئەحمەد خدر

لەهەرێمی کوردستان چەندین یاساو رێنمایی هەیە بۆ پاراستن و باشترکردنی ژینگە، چونکە رووبەڕووی چەندین کێشەی ژینگەیی بۆتەوە، پیسبوونی ژینگە لەدیارترین کێشەکانی جیهانەو جێگەی بایەخی هەموو وڵاتانە. قەزای بازیان یەکێکە لەو شوێنانەی کەپێویستە لەڕووی ژینگەییەوە گرنگی زیاتری پێبدرێت، لەبەرئەوەی بووەتە ناوچەیەکی پیشەسازی گەورەو ئەمەش کاریگەری هەیە بۆ سەر ژینگەکەی، لەبڕگەی یەکەمی ماددەی سێیەمی رێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١١)ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرچاوەکانی ماددە باوەکانی پیسکەری هەوای باو باسکراوەو لە (٣٠) خاڵدا دەستنیشانکراون، وەك: بڕگەی (چ) کارگەکانی چیمەنتۆ، بڕگەی (ج) کارگەکانی کاغەز، بڕگەی (خ) کارگەکانی ئاسن و پۆڵا، بڕگەی (ص) پاڵاوگەکانی نەوت، بڕگەی (م) عەمبارەکانی نەوت، بڕگەی (ن) کەسارەکانی بەردی خاو...، لە ماددەی یەکەمی هەمان رێنماییدا زاراوەکان لێکدانەوەیان بۆکراوەو لەلێکدانەوەی (جۆرەکانی پیسکەری هەوا)دا دەڵێت: دوکەڵەکان و هەڵمەکان، تۆزو تەم و بۆن و وردە تەن و مادەی تیشکەوەر و مادەی ژەهراوی کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆییەوە زۆر دەبن. ئەم بڕگانەی سەرەوە کەوەك نموونە هێناماننەوە راستەوخۆ پەیوەندیان بەقەزای بازیانەوە هەیە، چونکە چەندین کارگە لەو بوارانەدا لەقەزاکەدا هەن و دوکەڵ و هەڵم و بۆن و مادەکانیان تێکەڵ بەهەوای ناوچەکە دەبێت، وەك: چوار کارگەی چیمەنتۆی گەورە، جگە لەوەی مۆڵەت بەچەندین کارگەی دیکەش دراوە لەداهاتودا دروستبکرێن، سێ کارگەی ئاسن و پۆڵا، پاڵاوگەیەکی نەوت، عەمباری نەوت، کەسارەی بەرد، چەندین کارگەی دیکە کەسەرچاوەی مادەکانی پیسکەری هەوان. لایەنێکی دیکەی پیسکردنی ژینگەی بازیان، بەکارهێنانی دەرمان و قڕکەری زیانبەخشە لەبەیتە پلاستیکییەکان بەشێوەیەکی نازانستی کەکاریگەری هەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و هەروەها ئاژەڵ و باڵندەکان، بەپێی ماددەی (٣٨) لەیاسای پاراستنی ژینگە، دروستکردن و هاوردن و رشاندن و ئاڵوگۆڕکردن و بەکارهێنانی قڕکەری زیندەوەرە زیانبەخشەکان یان هەر ئاوێتەیەکی کیمیاوی دیکە بۆ مەبەستەکانی کشتوکاڵی و هیدیکە قەدەغەیە، جگە لەو قڕکەرو ئاوێتە کیمیاویانە کەپاراستنی هەموو پێکهاتەکانی ژینگە مسۆگەر بکات، لەبازیاندا زیاد لە (١٥) هەزار بەیتی پلاستیکی هەیەو جۆرەها دەرمان و مادەی کیمیاوی و قڕکەری زیانبەخش بەکاردەهێنن کەبەشێکیان زیانی هەیە بۆ ژینگە، بەوتەی جوتیارانی ناوچەکە کەمبوونەوەی بەرچاوی بەخێوکردنی هەنگ لەبازیاندا دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری بەکارهێنانی بەشێك لەو ماددە کیمیاویانە لەبەیتە پلاستیکییەکاندا. بەپێی ماددەی (٢٢) و (٢٥) لەیاسای پاراستنی ژینگە، فڕێدان یان رۆکردنی هەر ماددەیەکی زیان بەخش یان شلەمەنی یان گازی یان تیشکاوەری یان گەرمی بۆ ناو هەموو سەرچاوە ئاوییەکان یان ئاوەڕۆکانیان قەدەغەیە، هەروەها هەر کەسێکی سروشتی یان مەعنەوی پابەندە بەوەی نەبێتە هۆی بەرپاکردن یان بڵاوکردنەوەی پیسی لەهەوادا لەوانەش بۆنی پیسی وەڕسکەر یان زیانبەخش. بەپێی ماددەی (٢٨) لەیاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە تێکدانی زەوی کشتوکاڵی قەدەغەیە، وەك دەڵێت: قەدەغەیە دامەزراندن و بنیادنانی هەر چالاکییەکی پیشەسازی یان بازرگانی یان خزمەتگوزاری لەسەر زەوی کشتوکاڵی بەپێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە، بەڵام بەردەوام زەوی کشتوکاڵی لەقەزای بازیان دەکرێتە کارگە و شوێنی بازرگانی و رووبەری زەوی کشتوکاڵی ساڵ بەساڵ بەرەو کەمبونەوە دەچێت و ئەمەش هاوسەنگی ژینگەیی تێکدەدات. بەپێی ماددەی سێیەم لەیاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠٠٨) کە دەڵێت: هەموو مرۆڤێك مافی هەیە لەژینگەیەکی هێمن و پاکدا بژی و ئەرکی هەموو کەسێکیشە کار لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکییەکەیدا بکات، ئەوا مافی دانیشتوانی قەزای بازیانە کەداوای پاراستنی ژینگەی ناوچەکەیان بکەن و بەدواداچوون بکەن بۆ رادەی پابەندبوونی کارگەو پرۆژە پیشەسازییەکان بەپاراستنی ژینگەوە، هەروەك لەماددەی (١٩) لەیاسای پاراستنی ژینگەدا هاتووە: رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکەکان بۆیان هەیە وەزارەت لەو چالاکی و هەڵسوکەوتانە ئاگاداربکەنەوە کەزیان بەژینگە دەگەیەنن، دەبێت کارگەکان پاراستنی ژینگەی ناوچەکە رەچاوبکەن و دڵنیایی بدەن بەلایەنی بەرپرس لەو رووەوە، هەروەك لەماددەی هەشتەمی رێنمایی ژمارە (٢)دا هاتووە: ئەو لایەنانەی چالاکییەکانیان دەبنە هۆکاری پیسکردنی هەوا پابەندن بەپێشکەشکردنی راپۆرت لەسەر کاریگەریی ژینگەیی لەپێش دەستکردن بەدروستکردن بەگرتنەبەری رێکارەکان بۆ پاراستنی جۆرێتیی هەوای چواردەور، دەستخستنی هۆکارەکان و سیستەمەکانی چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا و دڵنیابوون لە توانایان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەروەها لەماددەی (١٧)ی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەدا دەڵێت: پێویستە خاوەن هەر پرۆژەیەك یان دامەزراوێك پرۆسەکانی چاودێریی خۆیی بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار ئەنجام بدات و راپۆرت بەرزبکاتەوە. لەسەر لایەنی بەرپرسیش پێویستە کەچاودێری وردی شوێن و پرۆژەکان بکات بۆ پابەندییان بەپاراستنی ژینگەی ناوچەکە، هەروەك لەماددەی (١٥)ی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەدا هاتووە کەهەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار پابەندن بەکارکردن بۆ قەدەغەکردنی کاریگەرییەکانی نەرێنی ژینگە کەڕەنگە لەپرۆژەکانیان دروست بن، وەرگرتنی هەموو رێکارێکی گونجاو، چاودێریکردن و بەدواداچوونی پێڕەوو پێوانەکانی ژینگەیی و پابەندبوون پێیانەوە، سزای هەر کەس و لایەنێکیش بدات کەزیان بەژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت بەپێی ماددەی (٢١) لەهەمان یاسادا کەدەڵێت: هەر کەسێك ببێتە هۆکار بەکردەوەی کەسیی یان کەمتەرخەمی یان سەرپێچی یاساکان و پێڕەوو رێنماییەکان بکات و زیان بەژینگە بگەیەنێ، بەرپرسیار دەبێ و دەبێ قەرەبووی بکاتەوەو زیانەکەش لاببات و بارودۆخەکەش بگەڕێنێتەوە بۆ کاتی جارانی بەر لەکەوتنەوەی زیانەکە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار